ئونڤەر: بەرخودان سەرکەوت، بەڵام مەترسیەکان بەردەوامن

بێوار ئونڤەر ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی رایگەیاند، کە بەرخودانی مەخمور سەرکەوتووە، بەڵام مەرتسییەکان هێشتاش بەردەوامن و سەرنجی راکێشا بۆ سەر گوشارەکانی دەوڵەتی عێراق.

ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) بێوار ئونڤەر سەرنجی راکێشا بۆ سەر بەرخودانی خەڵکی مەخمور لە دژی گەمارۆدان و دانانی تاوەری چاودێری سەربازی لە مەخمور و دۆخی ئێستا و ئەگەر و پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکانی داهاتووی  بۆ  ئاژانسی هەواڵی فورات هەڵسەنگاند.

لەسەرەتای قسەکانیدا ئونڤەر وتی، "لە ٢٠ی ئایاردا سوپای عێراق لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس لە سەرلەبەیانیدا هەوڵیاندا کەمپەکە گەمارۆ بدەن. گەل کاتێک ئەوەیان بینی، دەستبەجێ چوونە بەردەم ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان. ئەو دۆخە بووە مایەی ئەوەی لە یەکەم رۆژدا ئاڵۆزی و گرژی بێتەئاراوە. لەبەر ئەوەی سوپا هاتبوو گەل بە شێوەی دیموکراتیک هەڵوێستی نیشاندا، بۆ ئەوەی ئیرادەی زەوت نەکرێت خۆڕاگری کرد. تا هات بەرخودان گەورەتر بوو. بەرخودانێکی شکۆمەندانەبوو. دوای ٣٠ ساڵ هەوڵدان بۆ تەلبەندکردن، هەڵکەندنی خەندەق و دروستکردنی تاوەری سەربازی شکاندنی شکۆیە و مایەی قەبوڵکردن نییە".

'بەرخودانی گەل لە ٧ ساڵەوە تا ٧٠ ساڵ تێڕوانینی عێراقی گۆڕی'

ئەندامی کۆمیتەی دەرەوەی پەیوەندییەکانی مەخمور بێوار ئونڤەر باسی لەوەشکرد: "بەرخودانەکە وایکرد کە حکومەتی عێراق سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بە کردەوەکانیدا بکات. ئەو بەرخودانە ئەنجامی باشی لێکەوتەوە. بەرخودانی رەوا بەردەوام ئەنجامەکانی سەرکەوتن دەبن، سەرکەوتنیشی بەدەستهێناوە. ئەم تێکۆشانە و ئەم ئیرادەیەی گەل وایکرد کە دیدارەکان ئەنجامیان هەبێت. لەبەر ئەوەی پێشتر عێراق پێداگری هەبوو و دەیگوت 'گروپێک و چەند کەسێک دژی ئەمەن'، عێراق بەم جۆرە هەڵسوکەوتی دەکرد. ٢٠ ی ئایار ئاشکرا بوو کە ئەوە هەڵوێستی گەلە. راستە ئەنجومەن و نوێنەری گەل هەیە، لە هەموو دۆخ و قۆناغێکدا پاڵپشتی ئیرادەی خۆی دەکات. گەل زۆر بە بەهێزی خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی کرد. لە دیدارەکاندا ئەم بەرخودانە یەکلاکەرەوە بوو. لایەنی بەرامبەر بینی بەم جۆرە بە زۆرەملێ و هێز ناتوانێت ئیرادەی گەلێکی پەنابەر بشکێنێت. لە ٧ ساڵەوە تا ٧٠ ساڵ بەرخودانیان کرد، عێراقی تووشی شۆک کرد. بەرخودان روانگە و تێڕوانینی عێراقی گۆڕی و رای گشتیی کوردیشی جوڵاند. ئەم بەرخودانە نەبوایە سوپای عێراق بە چەند کاتژمێر چوار دەوری کەمپەکەی دەگرت".

'نەتەوەیەکگرتووەکان کەوتووەتە ژێر کاریگەری سیاسەتی دەوڵەتی تورک ئەو لایەنانەی چاویان بە مەخمور هەڵنایات'

ئونڤەر لەسەر بابەتی سەردانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مەخموریش وتی، 'لە ساڵی ١٩٩٤ەوە تا ئێستا نەتەوەیەکگرتووەکان وەک پەنابەری سیاسی ئێمە دەناسێت، تا بەر لە هێرشەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤. دوای هێرشەکانی داعش نەتەوەیەکگرتووەکان بە بێ ئەوەی کەمپەکە بپارێزێت کەمپەکەی جێهێشت. لە بری ئەوەی ئەرکەکانی بەجێبگەیەنێت و بەرپرسیارێتیەکانی جێبەجێ بکات، کەمپەکە بپارێزن، وەک ئۆفیسی ئێستا کتوپڕ رۆیشتن. لەو رۆژەوە تائێستا نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵوێستی نەرێنی نیشان دەدات. لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر کەمپەکە و هەروەها گەمارۆکەی پەدەکە لەسەر کەمپەکە و زۆر رووداوی دیکە، نەتەوەیەکگرتووەکان لەبەرامبەر  ئەو تاوانانەدا بێدەنگی هەڵبژاردووە. ئەو راپۆرتانەی لە بارەی کەمپەکەوە دەچوون بێ وەڵام دەمانەوە. ئاشکرابوو کە نەتەوەیەکگرتووەکان تا ئاستێک کەوتووەتە ژێر کاریگەر سیاسەتی دەوڵەتی تورک و هەندێک لایەنی خێرنەخوار کە چاویان بەکەمپەکە هەڵنایات.

بانگەواز بۆ عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان: بە گوێرەی یاساکانی خۆیان مامەڵە لەگەڵ پەنابەرانی سیاسیدا بکەن

دوای هەوڵەکەی ٢٠ی ئایار لە ئەنجامی بەرخودان و ئیرادەی گەلی مەخمور جارێکی تر نەتەوەیەکگرتووەکان گەڕایەوە. دەنگدانەوەی بەرخودانی گەل نەتەوەیەکگرتووەکانی ناچار کرد بگەڕێتەوە بۆ کەمپی پەنابەرانی مەخمور. هاتنی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ تێگەیشتن لە دۆخەکە و تۆمارکردنی توندوتیژی سوپای عێراق و برینداربوونی گەنجێک بوو و بۆ ئەوەی لەهەموو ئەوانە تێبگات کە بابەتەکە چییە. بەم جۆرە خۆیان نیشاندا. وتیان 'ئەوەی گوێمان لێبوو لەگەڵ نوێنەرانمان تاوتوێی دەکەین. بە بێ ئەوەی توندوتیژی بێتە ئاراوە ئێمە بابەتەکە چارەسەر دەکەین'. نەتەوەیەکگرتووەکان ناچارە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات. لە چوارچێوەی یاسا نێونەتەوەییەکاندا بجوڵێنەوە. بانگهێشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین کە ئەرک و بەرپرسیارێتیان جێبەجێ بکەن. لەوبارەوە لەگەڵ عێراق هەندێک گفتوگۆ لەئارادایە، کات ئەوە یەکلایی دەکاتەوە".

'هیچ گەرنتیەک نییە کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک رابگیرێن'

سەبارەت بە هێرش و هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی مەخمور ئونڤەر وتی، "هێرشەکان بەردەوامن. دەیانەوێت ئەو قوربانیدان و دەستکەوتانە کە بە رەنج و خوێنە و ماندووبوون بەدەستهاتوون لەناو ببەن، بۆ ئەوەش ئەوەی لە دەستیان دێت دەیکەن. لە هەوڵەکانیسوپای عێراق بۆ گەمارۆدانی کەمپەکە میدیا و کاربەدەستانی تورک بە روونی ئەوەیان خستەڕوو. بێگومان گەلی کەمپەکە هەڵوێستی بەرامبەر دەوڵەتی تورک نیشاندا و سەلماندی کە ئەوە قەبوڵ ناکەن. بە دڵنیاییەوە هێرش و داواکارییەکانی تورکیا لە عێراق کۆتایی نایەن. لەماوەکانی داهاتووشدا دۆخی لەم جۆرە روودەدەنەوە. هێرشی سەر کەمپەکە پەیوەستە بە کۆنسێپتی گشتییەوە. حکومەتی فاشیست دەسەڵاتدارە، هێرش دەکاتە سەر کەمپەکە و دەستکەوتەکانی. گەلی کەمپەکە وەک چۆن لە قۆناغەکانی رابردوودا خۆراگری کرد و تێکۆشانی کرد، لەئێستا بەدواوەش بە هەمان شێوە و تەنانەت بەهێزتریش دەیکات".

'عێراق ئەگەر دەیەوێت هێرشەکان رابگرێت دەبێت لە سەر سنوور بەر بە تورکیا بگرێت'

ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەخمور بێوار ئونڤەر لە سەر تاوتوێکردنی بابەتی ئاسایش و پاراستنی کەمپی شەهید رۆستەم جودی مەخمور  لەگەڵ بەرپرسانی عێراق وتی، "ماوەیەکی زۆرە وەک دامەزراوە و خەڵکی کەمپەکەش بابەتی ئەمنی ئاراستەی حکومەتی عێراق، نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان و رای گشتیی دەکەن. لە ساڵی ٢٠١٤دا کە چەتەکانی داعش هێرشیان کردەسەر کەمپەکە و زۆر قوربانی دران. ساڵی ٢٠١٧ بەدواوە دەوڵەتی تورک لە ئاسمانەوە هێرشی دژوار دەکات. دەوڵەتی تورک لە ئاسمان و داعشیش لە زەویەوە بە شێوەی هەماهەنگ هێرشیان دەکرد. لەو هێرشانەدا ژمارەیکی زۆر لە هاوڵاتیانمان بوونە قوربانی. بەردەوام ئەوەمان ئاراستەی حکومەتی عێراق کردووە. وەک چۆن حکومەتی عێراق بە گوێرەی دەستور بەرامبەر بە پەنابەرانی سیاسی بەرپرسیارێتی هەیە، بە هەمان شێوەش لە پارێزگاریکردن لە پەنابەرانیش بەرپرسیارە. تائێستا گەرەنتیەک کە بدرێتە خەڵکی کەمپەکە بۆ ئەوەی پارێزگارییان لێدەکرێت و دەوڵەتی تورک ئیتر هێرشیان ناکاتە سەر، ئەوە فریودانە. حکومەتی عێراق لە رووی کارگێڕی و ئیرادەوە خاوەن ئەو ئیرادەیە نییە کە بەرامبەر تورکیا بوەستێتەوە. دەبینین دەوڵەتی تورک بە بێ ئەوەی یاسا نێونەتەوەییەکان بە فەرمی بناسێت هێرش دەکاتە سەر وڵاتان. سەرباری ئەوەی لە هەموو کۆبوونەوەکاندا خستوومانەتە بەرباس، ئەوانیش دەڵێن لەلای خۆیانەوە راوەستەی لەسەر بکەن، هیچ گەرەنتیەکیان نییە. عێراق ناتوانێت هێرشەکانی سەر کەمپەکە رابگرێت. بۆ ئەوەی هێرشەکانی سەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور رابگرێت، دەبێت عێراق هێرشەکانی ئەوان لە سەر سنوور رابگرێت. لەسەر خاکی باشووری کوردستان دەیان بارەگای سەربازی دەوڵەتی تورک هەن.

'بەرخودان سەرکەوتنی لێکەوتەوە، بەڵام گەمەی قێزەون و چەپەڵ بەردەوامن؛ دەبێت هەموان چاویان لەسەر مەخمور بێت'

لە کۆتاییدا ئونڤەر ئەم بانگەوازەی ئاراستەی رای گشتیی کورد، عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان کرد: "بەرخودانی خەڵکی مەخمور کە ٢٠ ئایار دەستیپێکرد، دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو، گەلی کورد لە دەرەوەی وڵات خاوەنداری لێکرد. ئەمەش گوشاری لەسەر حکومەتی عێراق دروست کرد. دەبێت رای گشتی لەبارەی مەخمورەوە وشیار بێت، گەمە و پلانی خراپ لەئارادان. ئەگەر تائێستا لێکتێگەیشتنێک هەیە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، لەولاشەوە گوشار هەیە، بۆ ئەوەی ئەو دۆخە بگۆڕدرێت بۆ قەیرانێک. دەبێت گەلی کورد لە هەموو لایەکەوە وشیار و وریا بن. دیار نییە سبەینێ چی روودەدات. ئەو وشیارییە هەبێت زۆر گرنگە. ئێمە وەک گەلی کەمپەکە، یاسا و رێساکانی عێراقمان رەچاوکردووە و خۆمان بەرامبەر بە پاراستنی سەروەری عێراق بە بەرپرسیار زانیوە، هیج زیانێکمان بۆ عێراق و خەڵکی عێراق نەبووە. دەمانەوێت بە دیالۆگ بابەتەکە چارەسەر بکرێت. داواکارین کە عێراق نەبێتە بەشێک لەو سیاسەتە دەرەکیە، نەچێتە ژێر باری گوشارەکان، بە ئیرادەی خۆیەوە بجوڵێتەوە، نەتەوەیەکگرتووەکانیش دەبێت خاوەنداری لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان بکەن".

هـ . ب