لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە باشوری کوردستان ٢١ کەس توشی کۆرۆنا بوون

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی باشوری کورستان رایگەیاند، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا هەزار و ٦٠٧ پشکنین ئەنجام دراوە، لە ئەنجامدا ٢١ توشبوو دەستنیشان کراوە کە ٢٠یان لە هەولێر و یەک کەسیان لە سلێمانی بووە، بەوەش کۆی توشبووان لە باشور گەیشتووەتە ٣٠٩ کەس.

وەزارەتی تەندروستی ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە ئاماری کشتی کۆرۆنا لە باشوری کوردستان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ژمارەی هاوڵاتیان لە کەرەنتینەکان (٦٧٦٣) هاوڵاتی بوون لە (٣٤) شوێنی جیاواز، لەئێستادا تەنها (١٦٤٩) هاوڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە (٧٦٥) لە هەولێر، (٧٨) لە سلێمانی، (٧١٩) لە دهۆك، (٤٨) لە هەڵەبجە، (٩) لە گەرمیان، (٢٢) لە ڕاپەرین، (٨) کۆیە وە (٥١١٤) هاوڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ کەرەنتین کردنی ژمارەیەکی تری کەرەنتین کراو لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو کە کۆی گشتی بریتی بوو (٣٠٦) هاوڵاتی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، لەبارەی ئەو پشکنینانەی ئەنجامدراوە هاتووە: لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو (١٦٠٧) پشکنین ئەنجام دراوە، (١٣٥٩) هەولێر، (١٤٢) سلێمانی، (١٠٦) دهۆك، دەرەنجام (٢١) توشبووی نوێ تۆمارکرا وە بەم شێوەیەی خوارەوە، کە ٢٠ کەسیان لە هەولێرە و یەک کەسیان لە سلێمانییە.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماری گشتی توشبووانی کۆرۆنا خراوەتەڕوو کە تێیدا هاتووە: کۆی گشتی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە باشوری کوردستان گەیشتە (٣٠٩) تووشبوو، لەنێویاندا (٣) مردن هەیە و (١١٩) نەخۆش چاکبووەتەوە، ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێریی پزیشکی دان.

ز.ش