لە کەرکوک هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر خاکی باشوری کوردستان ئیدانە کرا

لە کەرکوک بە دەستپێشخەری گەنجانی وڵاتپارێزی کەرکوک و بە بەشداری بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی تورکیا بەرێوەچوو.

شەوی ١٤ لەسەر ١٥ی ئەم مانگە لە کاتژمێر ٠٠:٠٠ لەیەک کاتدا هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و کەمپی پەنابەرانی مەخمور و ناوچەی شەنگال و چەند ناوچەیەکی دیکەی باشوری کوردستان بوردومان کران لەلایەن ٢٦ فرۆکەی جەنگی تورکیەوە، کە خاکی عێراق و باشوری کوردستانیان بەزاند و بۆ ماوەی کاتژمێرێک بە بەردەوامی بۆردوومانی ئەو ناوچەیەیان کرد.

وەکو کاردانەوەی ئەو هێرشە هاوڵاتیانی کەرکوک ئێوارەی ئەمرۆ لە شاری کەرکوک بە دەستپێشخەری کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان لە کەرکوک گربوونەوەیەک رێکخرا کە تیدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر خاکی باشوری کوردستان ئیدانەکران، لە گردبوونەوەکەدا بەشێک لە کەسایەتیەکانی شارەکە بەشداربوون، هەروەها بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی کەرکوک وەکو (حزبی زەحمەتکێشان، بزوتنەوەی گۆڕان، بەرەی دیموکراتی گەل و تەڤگەری ئازادی) بەشداری گربوونەوەکە بوون بۆ ئیدانەکردن و شەرمەزارکردنی ئەو هێرشە نامرۆیایى.

گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان لە بەیاننامەیەکەدا ئیدانەی ئەو هێرشە نامرۆیەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان کرد، بەیاننامەکەی گەنجانی وڵاتپارێز لە لایەن محەمەد عوسمان خوێندرایەوە کە تیدا هاتووە: "رژێمی فاشیستی تورک لە چەندین لاوە هێرشی ناڕەوای کردە سەر خاکی عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان، ئەم هێرشە یەکەم جار نیە دەوڵەتێکی ئەندامی ناتۆ دەکاتە سەر میللەتێکی خاوەن (مێژوو و کلتور و خاکێکی داگیرکراو لەلایەن دەوڵەتی دراوسێوە) ئەو شوێنانەی کە کراوەتە ئامانج لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە تەنها شوێنی کەسانی(سڤیل) مەدەنی و کەسانی بێ لایەنن و ئێمە وەکو گەنجانی کەرکوک داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین بە هەموو شێوەیەک رێگا بەم جۆرە هێرشانە نەدرێت کە تەنها زەرەرمەندی ئەم هێرشانە هاوڵاتیانی بێ تاونن."

هەروەها محەمەد عوسمان وتیشی: "ئێمە وەکو گەنجانی کورد داوا لە نەتەوە جیاوازەکانی شاری کەرکوک دەکەین ئیدانەی ئەم هێرشە بکەن و شکۆمەندی و سەروەری خاکی عێراق بپارێزن و بانگەوازی ئێمەی گەنجان بۆ یەکسانی و دادپەروەریە و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بەدەم داواکارییەکی گەلێکی غەدرلێکراوی وەک گەلی کوردەوە بێت و سنورێک بۆ دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست دابنێت."

لە کۆتایدا محەمەد عوسمان وتی: "بانگەوازی ئێمەی گەنجانی وڵاتپارێزی کەرکوک پشتگیری خەلکی مەخمور و شەنگال دەکەین و دووبارە دەلێن خەیاڵی دەوڵەتی تورکی عوسمانی بە هیچ شێوەیەک سەرناکەوێت."

ز.ش