مەترسی هەیە کەمال حەسەن ڕەمەزان لەسێدارەبدرێت

کەمال حەسەن رەمەزان زیندانی سیاسی کورد کە ڕژێمی ئێران سزای لەسێدارەکانی بەسەرداسەپاندووە، لە بەشی سیاسی زیندانی ورمێوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ کەمال حەسەن ڕەمەزان، گیراوی سیاسیی کورد خەڵکی سەرێکانی ڕۆژئاوای کوردستان، کە سزای لە سێدارەدانی لەسەرە، لە زیندانی ناوەندیی دەسەڵاتی ئێران، لە شاری ورمێ، گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵەکە، ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە لقی ٩ی جێبەجێیکاری سزاکانی دادگای ئێران لە شاری ورمێ، لە نامەیەک بۆ دادگای شۆڕشی ئێران لقی ورمێ، داوایکردووە دۆخی دۆسییەکەی کەمال حەسەن ڕەمەزان، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێر (دوو ڕۆژ)-دا ڕوون بکرێتەوە.

کەمال حەسەن ڕەمەزان، ڕۆژی ٢٨ی مانگی ٨ی ساڵی ٢٠١٤ لە شاری ورمێ، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستگیرکرا و دوای چوار مانگ ئەشکەنجە و ڕاگیران لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران، گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندی دەسەڵاتی ئێران لە ورمێ و لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئێرانەوە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا و دواتر لە ئەنجامی تانە لە سزاکە، سزاکەی دابەزی بۆ حەوت ساڵ.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ماوەی تێپەڕاندنی سزاکەی، ٨ جار گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێران لە شاری ورمێ و لە ئەنجامدا تۆمەتبار کراوە بە کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێران لە ساڵی ٢٠١١، لەسەر ئەم تۆمەتەش، مانگی ٥ی ساڵی ٢٠١٧، لەلایەن دادگای ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، کە پێشتر و لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١١ ئەو سزایە بەسەر کەسێک بەناوی "کەمال سور"دا سەپێنرابوو، بەڵام کەمال حەسەن ڕەمەزان حەوت ساڵ دوای ئەوە بە هۆی هاوشێوەبوونی ناوەکەی، لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە وەک 'کەمال سور' بە دادگا ناسێندرا و ئەو سزایەی بەسەردا سەپێنرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی سزای زیندانیەکەی کەمال حەسەن ڕەمەزان کۆتایی هاتووە دەبوو ئازاد بکرێت، بەڵام بە تۆمەتێکی دیکە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە و ئەگەری ئەوە هەیە هاوشێوەی گیراوە سیاسییەکانی دیکە کە بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی نادیار، سزای لە سێدارەدانەکەی جێبەجێبکرێت.

ف.ق