١٦ی ئایار سەبارەت بە دۆسیەی پڕ فرت و فێڵی کۆبانێ بڕیاردرا. کەس نییە نەزانێت کە بڕیارەکان بە تەواوەتی سیاسین و هیچ پەیوەندییەکیان بە یاساوە نییە. هاوسەرۆکانی هەدەپە و بەڕێوەبەرەکانی هیچ خەباتێکی چەکداری و شاراوەیان نەبوو. هەموو خەبات و لێدوانەکانیان لەلای رای گشتییەوە ئاشکران. ئەوانەی ئەو دۆسیەیان کردەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان دانیان بەوەدا ناوە کە بەو جۆرەیە. حکومەتی فاشیستی ئەردۆغان و باخچەلی ئەگەر بزانن بەڕێوەبەرانی هەدەپە تاوانیان کردووە، بۆ کردنەوەی دۆسیەکە چەندین ساڵ چاوەڕوانیان نەدەکرد. ئەو کاتەی خۆپیشاندان لە پێناو کۆبانێدا ئەنجامدرا، دەستبەجێ دەستیان بە لێپێجینەوە دەکرد.
ئەو دۆسیە لە چوارچێوەی کۆنسێپتی "پلانی چالاکی لەناوبردن" کەوتەبەرباس. لە دوو خولدا ئەو شارەوانیانەی هەدەپە بە دەستیان هێنابوو، بە زۆرەملێ لەلایەن دەوڵەتەوە دەستیان بەسەردا گیرا. ئەو بڕیارانە هیج پەیوەندییەکیان بە یاساوە نییە. بە تەواوەتی ئەردۆغان لە رێگەی فەرمان و بڕیارەوە سیستمی قەیومی هێنایە کایەوە. ئەردۆغان جارێکیان وتی، "رێگە نادەم کەسانی داندراو گوشار بخەنە سەر کەسانی هەڵبژێردراو". هەروەها پڕۆپاگەندەی دەکرد کە لە دژی سیستمی قەیوم و سەرپەرشتییە. ئێستا بۆخۆی کەوتووەتە دۆخخێکەوە کە رەحمەت بۆ دانانی سەرپەرشت و وەسیەکان بنێردرێت. ئەوەندە بێباک بووە کە بڕیارەکانی دادگای دەستوری هەمیشەیی و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ نەکات. ئەو خۆی شێوازێکی رەقتری رژێمی سەرپەرشتی و قەیومی دەخاتەبەرچاوی جیهان. فەرمان بەسەر دادگاکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکات و کۆمەڵگا تیرۆریزە و میلیتاریزە دەکات.
حکومەت لەو شەڕەی دژی کوردان بەڕێوەی دەبات بە ملیاران دۆلار خەرج دەکات. ئابووری تێکشکاوە. بۆ بەدەستهێنانی پارە لە دەرەوە دەرگا نەماوە لێی نەدابێت. ئێستا وەک گاڵتە بە کۆمەڵگا بکەن "پاکێجی کەم کردنەوەی خەرجییەکان" ئاشکرا دەکەن. رادەگەیەندرێت کە بەو پاکێجانە سەد ملیار پاشەکەوت دەکرێت و دەگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنە. بودجەی وەزارەتی بەرگریی یەک ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار لیرەیە. ئاشکرایە کە بودجەی تورکیاش بە سەربازی دەکرێت. ئەگەر بودجەی وەزارەت یبەرگریی بە بڕی یەک ترلیۆن لیرە دابەزێندرێت، پێویستیان بەو بڕەی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و پاشەکەوت نابێت. ئەو رێکارانەشی دەگیرێنەبەر جگە لە زیادکردنی ئاستی هەژاری و بێکاری هیچ دەرەنجامێکی ئەرێنیان نابێت. دەسەڵاتداری و کەسە نزیکەکانی، چەندین ملیار دۆلار دەدزن. مافیا و چەتە و حوکمڕانان تێکەڵ بوون.
ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠١٥ەوە پەسنی خۆی دەدات و دەڵێت زیاتر لە ٤٠ هەزار 'تیرۆریست'ی بێکاریگەر کردوە. ئەوانەی ئەو پێیان دەڵێت تیرۆریست ئەو کەسانە نیین کە لە بۆشایی ئاسمانەوە هاتبن. ئەوانە رۆشنبیرترین و بەنرخترین رۆڵەکانی گەلی کوردن. بەدوای راستی، یاسا و ئازادیەوەن. بۆ پارە و یۆرۆ و دۆلار خەبات ناکەن. لەپێناو خۆیان و کەسانی نزیکی خۆیان دامەزراوە دروست ناکەن و بە ملیۆنان دۆلار کۆناکەنەوە. ئەردۆغان و رژێمەکەی لە دزیدا بوونە پسپۆر و لەو رووەشەوە لە جیهاندا ناویان دەرکردووە!
حکومەتی ئەردۆغان و باخچەلی چەندین ساڵە شەڕێکی بێ وەستان لە دژی کورد بەڕێوەدەبەن. لە کاتی کودەتاکەی ١٢ی ئەیلولەوە زۆرترین ژمارەی رۆشنبیر، سیاسەتمەدار، پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانی کوردسیان خستووەتە زیندانەوە. لەم رۆژانەدا هێرشەکانیان بۆ سەر باشووری کوردستانیش زیاتر کردووە. قورساییان خستووتەسەر هێرش بە چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو. دەڵێن ئەمساڵ باشوور و رۆژئاوا دەخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. بۆ ئەوەش چەندین مانگە لەگەڵ عێراق دیدار ئەنجام دەدەن. پەدەکەیان کردووەتە قاچێکی ئەو شەڕە. بەڵام تائێستا نەیانتوانیوە حزبەکانی دیکەی باشوور لەو شەڕەدا بەشدا بکەن. بەو جۆرە دەردەکەوێت کە عێراقیش لەو ئاستەی ئەوان دەیانەوێت بەشداری لەو شەڕەدا ناکات. هەربۆیە قورساییان خستووەتە سەر چەکی کیمیایی و هێرشی ئاسمانی. لەگەڵ ئەوەشدا بە دۆسیەی ساختەکارانەی وەک کۆبانێ دەیانەوێت بزوتنەوەی سیاسی و یاسایی و دیموکراتیکی کورد لەناوببەن.
مرۆڤ ناتوانێت دۆسیەکانی گەزی، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانتاری جان ئاتالای و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەو پلانانەی پاکتاوکردنی ئۆپۆزسیۆن و چەوساندنەوە بە جیا هەڵبسەنگێنێت. هیچ هۆکارێک بۆ زیندانی کردنی عوسمان کاڤالا لەبەردەست نییە. هەروەها دادگای دەستوری هەمیشەیی لەبارەی جان ئاتالایەوە بڕیاری دا. بەڵام ئەردۆغان ئەو بڕیارەی بە فەرمی نەناسی. هیچ گرنگیەکی بەو بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاش لە بارەی کاڤالاوە نەدا. لە دژی کورد و لایەنە دیموکراتیکەکان پیلانگێری و ساختەکاری پەیڕەو دەکات و هەوڵ دەدات دەسەڵاتەکەی بپارێزێت.
حکومەت بەرپرسە لە ئاسایشی گیان و ماڵی هاووڵاتیانی. بەڵێن و یاساکانیان بەو ئاراستەن، بەڵام حکومەت خۆی بۆسە و پیلانگێڕی لە دژی هاووڵاتیان دەنێتەوە. بە رێگە و رێبازی نایاسایی تۆمەتیان دەخاتە پاڵ و راپێچی زیندانیان دەکات. چیا و شاخەکان بۆردومان دەکات. بە دەیان هەزار کەس دەکوژێت و پرۆپاگەندە دەکات کە چەندە بە بڕیار و سەرکەوتووە. لەوەها وڵاتێکدا ماف و یاسا بوونی نامێنێت. دزی و بێدادی کۆتایی نایات. کۆتایی بە تەڵەکەبازی و پیلانگێڕی نایات. لەو رووە دەبێت گەلانی تورکیا و هێزە دیموکراسیەکان لە دژی ئەو هێزە ستەمکارە کە یاسا بە فەرمی ناناسێت، دەنگی خۆیان زیاتر هەڵبڕن و ئەو دۆز و بڕیارانەی هیچ رەوایەتیەکیان نییە بەفەرمی نەناسن.
سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا
هـ . ب