کەنەکە: ١ی گوڵان رۆژی جیهانیی کرێکاران و رەنجدەران پیرۆز بێت

دەستەی بەڕیوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی ١ی ئایار رۆژی جیهانی کرێکاران و رەنجدەران راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى ١ی ئایار رۆژی جیهانیی کرێکاران و رەنجدەراندا هاتووە "جەژنی 1ی گوڵان لە کانە بەردەکانەوە، لە تونێلەکانی دەرهێنانی خەڵوزەوە کە سەدان کیلۆمەتر لە ژێر زەویییەوەن، لە سەر دیوار باڵەخانەکانەوە، لە کارگەو کێڵگەکانەوە و لە سەنگەری هەوڵ و تەقەلای ژیاندا بەدەست هاتووە، بەرهەمی خەباتێکی زۆر و بێوچانە. ١ی گوڵان هەر خۆی وەک جەژنێک، رەنج و ئارەق ڕشتنە، هێزو وزەی بیر و هزری مرۆڤایەتییە".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "رژێمە زۆردار و داپڵۆسێنەرەکان هەمیشە یادکردنەوەی ئەو رۆژەیان قەدەغە کردوە، هەزاران گرفت و چەڵەمەیان خستۆتە بەردەم کرێکاران و رەنجدەران و هەموو خەڵک تاکو نەتوانن ئەو جەژنی رەنجە پیرۆز بکەن. بەڵام هەرگیز کرێکاران و زەحمەتکێشان سەریان بۆ زۆردارانی دەسەڵاتدار نەوی نەکردووە، درێژەیان بە خەبات داوەو لە سەنگەری بەرخۆداندا یادی ئەو رۆژەیان کردۆتەوە".

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

1ی گوڵان رۆژی جیهانیی کرێکاران و رەنجدەران پیرۆزبێت

کرێکاران و رەنجدەرانی جیهان، بە رەنج و ئارەقی ناوچەوان و خەباتی بەردەوام ، 1ی گوڵانیان کردە جەژنی یەکێتی تێکۆشان و هاوپشتیی جیهانیی خۆیان. ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا ئەو رۆژە پیرۆز ئەکرێ. رۆژی ١ی گوڵان لە کرێکارو زەحمەتکێشانی کوردستان و هەموو جیهان پیرۆز بێت.

جەژنی 1ی گوڵان لە کانە بەردەکانەوە، لە تونێلەکانی دەرهێنانی خەڵوزەوە کە سەدان کیلۆمەتر لە ژێر زەویییەوەن، لە سەر دیوار باڵەخانەکانەوە، لە کارگەو کێڵگەکانەوە و لە سەنگەری هەوڵ و تەقەلای ژیاندا بەدەست هاتووە، بەرهەمی خەباتێکی زۆر و بێوچانە. ١ی گوڵان هەر خۆی وەک جەژنێک، رەنج و ئارەق ڕشتنە، هێزو وزەی بیر و هزری مرۆڤایەتییە. رژێمە زۆردار و داپڵۆسێنەرەکان هەمیشە یادکردنەوەی ئەو رۆژەیان قەدەغە کردوە، هەزاران گرفت و چەڵەمەیان خستۆتە بەردەم کرێکاران و رەنجدەران و هەموو خەڵک تاکو نەتوانن ئەو جەژنی رەنجە پیرۆز بکەن. بەڵام هەرگیز کرێکاران و زەحمەتکێشان سەریان بۆ زۆردارانی دەسەڵاتدار نەوی نەکردووە، درێژەیان بە خەبات داوەو لە سەنگەری بەرخۆداندا یادی ئەو رۆژەیان کردۆتەوە. خەڵکی کوردیش لە وڵاتی دێرینی خۆیان ئەو رۆژی کار و رەنجەیان وەک جەژن قبوڵ کردووەو هەمیشە بە هەست وجۆشێکی زۆرەوە پیرۆزیان کردووە.

هەموو ساڵێک گەلی ئێمەو کرێکارو رەنجدەران بە جۆشێکی زۆرەوە ئەڕژێنە مەیدانەکان و رۆژی 1ی گولان پیرۆز ئەکەن. بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ بە هۆی پەتای کۆرۆناوە ئەو دەرفەتە نییە. لەگەڵ ئەوەش هەرچۆنێک بێت، کرێکارو رەنجدەران بە شێوازی جیا جیا یادی 1ی ئایار ئەکەنەوە. داخوازییە رەواکانی خۆیان بۆ ئازادی و یەکسانیی و ئاشتیی، بە دەنگی بڵند رائەگەیەنن. ئەمساڵ گەلی کوردستانیش بە هەمان گیانی تێکۆشان و بەرخۆدان، رۆژی کرێکاران و رەنجدەرانی دنیا پیرۆز ئەکەن، چونکە ئەویش بەشێک لەو دۆزە مرۆڤایەتییە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان 1ی گوڵان لە کرێکاران و زەحمەتکێسانی جیهان، لە خەڵکی کوردستان و سەرجەم خەڵکی جیهان پیرۆز ئەکات.

ژ.ت