کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ماوەیەکی زۆرە دەیەوێت هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببات. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان تا هەفتەی رابردووش بە گوێرەی پرۆسەی هەڵبژاردن و بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە لە وادەی دیاریکراودا بەڕێوەبچێت ئامادەکاری دەکرد. جگە لە پەدەکە، پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانیش بە گوێرەی هەمان پرۆسە لە ئامادەکاریدابوون.
لەئێستاوە دیارە ئەم هەڵبژاردنەی هەرێم لە سەر خاکی باشوری کوردستان و بە عێراق بە گشتی هاوسەنگی دەگۆڕێت. وەک پێشینیان وتوویانە 'مانگەشەو سەرلەئێوارە دیارە'. ئەو هەڵبژاردنە چ لێکەوتە و ئەنجامێکی بەدواوە بێت، لەئێستاوە هەڵسەنگاندن بۆی رەنگە لە جێدا نەبێت. چونکە هێشتا زۆر زووە. بەڵام ئەوەی دیارە، بە نزیکەیی سەرجەم پارت و لایەنە سیاسیەکان بە گوێرەی وادەی دیاریکراو لە ئامادەکاریدان، بەڵام ئاخۆ بۆچی پەدەکە دەستی بە ئامادەکاری نەکردووە؟
تائێستا هەڵبژاردنکی دیموکراتیک لە هەرێمی کوردستان ئەنجام نەدراوە
ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە سەرتاسەری خاکی عێراق و بە تایبەتی باشووری کوردستان هەڵبژاردنێکی ئارام، پارێزراو و دیموکراتیک ئەنجام نەدراوە. دەتوانرێت بوترێت بەهۆی هێرشەکان و داگیرکەری داعش لە ساڵانی رابردوو ئەو بوارە دیموکراتیکە نەمابوو و ئەم تێڕوانینە تاڕادەیەک مایەی تێگەیشتنە. بەڵام ماوەی چەند ساڵە لە عێراق و باشووری کوردستان مەترسی بە گشتی لەئارادا نەماوە، لەلای حکومەتی هەرێمیشەوە جگە لە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک هیچ مەترسییەکی بەرچاوی دیکە بوونی نییە. بەڵام کاتێک مرۆڤ لە سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕوانێت، وەک ئەوە وایە شەو و رۆژ مەترسی لەسەر خاکی باشووری کوردستان هەیە و ئەو گرژی و ئاڵۆزیە رێگەنادات هەڵبژاردنێکی ئارام و پارێزراو بەڕێوە بچێت.
کراسی خیانەتی پەدەکە جێگەی پینە و پەڕۆی دیکە نابێتەوە
کاتێک مرۆڤ باش ورددەبێتەوە و لێی دەڕوانێت، ئەوەی لە ئاڵۆزی و قەیراندایە تەنیا خاکی باشوور نییە. هێنانی هەر جۆرە داگیرکەرییەک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان پلانی پەدەکەیە. لە پەرەپێدان بە هەموو جۆرە نۆکەرایەتی و سیخوڕییەک کەس شان لە شانی پەدەکە نادات. واتە ئەوەی زەمینە بۆ ئەو ئاڵۆزی و قەیرانانە ساز دەکات خودی پەدەکەیە. پەدەکە چیتر ناتوانێت کراسی سیاسەتی خیانەتکارانەی خۆی پینە بکات! کراسە چەپەڵە خیانەتکارانەکانی لە شوێنێکەوە پینە دەکات، بەڵام لە شوێنێکی ترەوە دەدڕێت و ئیتر یەکناگرێتەوە. پەدەکە دەیەوێت هەڵبژاردن هەڵپەسێرێت، دوای بخات. ئەمەش بێ هۆکار نییە.
گەلی باشوور دەیەوێت کۆتایی بە باڵادەستی بنەماڵەی بارزانی بهێنێت
کۆمەڵگای باشووریش ئیتر وەک کۆمەڵگای بیست ساڵ پێش ئێستا نییە. ئیتر ئەوانیش بینیان لەسەر ناوی ئازادی و سەربەخۆیی باشووری کوردستان ناکرێت بنەماڵە و سوڵتەی خۆی بەهێز بکات. گەلی باشوور درکی بەو راستیە کردووە و دەیەوێت کۆتایی بەو سیستمی بنەماڵەییەی ماڵی بارزانی بهێنێت. هەرچەندە پەدەکە فێڵ و تەڵەکەی هەبێت، چەندە خەڵەتاندن و ساختەکاری هەبێت، چیتر ناتوانێت لە هەرێمی کوردستاندا لە هەڵبژاردنێکی دیموکراستیدا سەرکەوتن بەدەستبهنێت. پەدەکە لەبەر ئەوەی ئەو راستیە دەبینێت، پەنا بە هەموو چەشنە ساختەکارییەک دەبات.
دزەکە گیراوە و ناهێڵین هەڵبێت!
لەبەرامبەر بێدەرەتانی و شپرزەیی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی، هاوپەیمانی و یەکڕیزی گەلانی باشوور چەندە بەهێز بێت و چەندە زوو سەربگرێت، شکست و هەرەسهێنانی پەدەکە و سەرکەوتنی گەلی باشووری کوردستان ئەوەندە زووتر مسۆگەر دەبێت. پێویستە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش گوێ بەو گوشارانەی پەدەکە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەدات. بەڵام ئەگەر رێکەوتنی شاراوە و چەپەڵیش هەبێت، پارتە سیاسیەکان و رێکخراوە دیموکراتیەکانی باشوری کوردستان ناچار نین بچنە ژێر باریەوە و دەتوانن جێگرەوە و ئەڵترناتیڤی خۆیان ساز بکەن. پەدەکە دەزانێت بە دڵنیاییەوە شکست دەهێنێت و دەیدۆڕێنێت. بشفرێت، دواشی بخات، لە کۆتاییدا هەر تێکدەشکێت و شکست دەهێنێت. ئەمجارە دزەکە گیراوە و ناهێڵین هەڵبێت!
هـ . ب