سیامەند موعینی: ئەوەی لە ئێران ڕوودەدات بەردەوامی سیاسەتی سەرکوت وقڕکەری ڕژێمەکەیە

سیامەند موعینی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە کۆنفرانسی "شۆڕش بە پێشەنگایەتی ژنان لە ئێراندا، دووڕێیانی سەرکوت یان شۆڕش؟" گوتەیەکی پێشکەش کرد و لە چەند تەوەرێکدا ئامانج و خواست و داخوازییەکانی پەژاکی ڕوونکردەوە

لە پارلەمانی ئەورووپا کۆنفڕانسی (شۆڕش بە پێشەنگایەتی ژنان لە ئێراندا، دووڕێیانی سەرکوت یان شۆڕش؟) دەستی پێکرد‏ و چەندین سەرکردە و ئەندامانی پارت و کەسایەتیی جیاوازەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارلەمانتاران و سیاسەتمەدارانی ئەورووپی تیێدا بەشداربوون.   

پوختەی قسەکانی سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پەژاک لە کۆنفرانسەکە بەم جۆرە بوو:

"لەگەڵ رێز و حورمەتم بۆ بەشداربوانی هێژا، کەیفخۆشم کە لەم کۆڕە لەگەڵ ئێوە کۆبوینەتەوە تا تێبکۆشین رێگاچارەیەکی دێمۆکڕاتیک بەرەو داهاتویەکی ئازاد بدۆزینەوە. جێگای دەستخۆشیە کە بەو جۆرە کۆنفڕانسانە بۆ داهاتوی گەلانی ئێران دەرفەتی زێڕین دەبەخشن.

تێدەکۆشم لەم دەرفەتە کورتە کە پێم دراوە، بەرنامە، هەدەف و خواستی پژاک و هاوکات داوخوازی حیزبەکەمان لەم کۆنفڕانسە بێنمە سەر زمان.

کۆنفڕانس لە چ هەلومەرجێک دەبەسترێت

کۆنفڕانسی ئێمە لە بارودۆخێکدا دەبەسترێت کە چەندین مانگ لە گەرمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی گوزەراوە، شەهیدی زۆر لەلایەم کۆمەڵگەی ئازادیخوازمان پێشکەش کراوە و گەلانی ئێران بۆ گەییشتن بە ئازادی و دێمۆکڕاسی لە تێکۆشاندان. لەدۆخێکی وەهادا و دوای ئەزمونی تاڵ، ئێمە ناچارین بۆ لێگەڕین لەم رەوشە و دەربازبوون لە قەیرانەکانی کە سەرچاوە لە زوڵم و ناعەداڵەتی دوولایەنەی سیستمی فاشیستی ئێران دەگرن تێکۆشانی زیاتر بکەین. ئەوەی لە ئێران روودەدات کۆکراوەی قەیرانەکانی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و ئایدئۆلۆژیکی و ژینگەییە و دژی ژنان و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە و ژینگەیە و هاوکات بەردەوامی سیاسەتی سەرکوت و قرکەری رژیمەیە. ئێعدامەکان بەردەوامن، زوڵم و زۆری لە لوتکەدایە، رەوشی قەیراناوی ئابوری، کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر رادەکێشێت، ژنان بەردەوام لە ژێر هەڕەشە و هێرشدان و نەداری و بێکاری گەییشتۆتە لوتکە. ئەو رەوشە هەمومان ئەرکدار دەکات کە هەنگاوی بوێر باوێژین. لەسەر ئەم مژارانە تێدەکۆشم لە شەش بابەت بۆچونی خۆمتان بۆ فورمولە بکەم و لە کۆتاییدا بە پێشنیاری پراکتیکی بابەتەکە باس بکەم.

دادپەروەری کۆمەڵایەتی

کۆمەڵگەی ئێران، بە هۆکاری گەندەڵی و بەڕێوەبەری نەزانی سەرکردەکان، رەوشی ئابوری بە تەواوی وێران بوە و مافیای حکومەتی هەموو دەستەڵاتەکانیان بەدەستەوە گرتوە، کۆکردنەوەی دەستەڵات و سەرمایە لە دەستی مافیای سپا دایە و رێژەی جیاوازی چینایەتی گەییشتۆتە لۆتکە. بێکاری و بێباوەڕی بە داهاتوو، رەوشی دووهێندە شێواندوە و توانای کڕین بە تایبەت بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان تا ئاستی قەیران دابەزیوە، باندۆری رەوشی خراپی ئابوری، سێبەری خستۆتە سەر هەموو پێوەندیەکانی کۆمەڵگە. لە کۆمەڵگەیەک کە دیکتاتۆری دەستەڵاتی هەبێت، لە لایەن کۆمەڵێک کە دەستەڵاتیان بە دەستەوەیە هەموو کۆمەڵگە دەچەوسێتەوە و رێژەی جیاوازی چینایەتی زۆرتر دەبێت و چینی ژێرین و مامناوەند، باری قورسی نابەرابەری کۆمەڵگەیان دەخرێتە سەرشان. لە سیستمی ئۆلیگارشی و دیکتاتۆی کۆماری ئیسلامی ئێران، نە تەنیا ژنان بەڵکوو هەموو پێوەندە سالمەکانی کۆمەڵگە دەکەوێتە مەترسی لەبەین چون و ئەو دەستەڵاتە مافیاییە، کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر دەبات. گەلانی ئێران پێویستیان بە سیستمێک هەیە کە لەسەر ئەساسی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دێمۆکڕاسی بنیاد بنرێتەوە و لەسەر بنەمای پێشگرتن لە چەوسانەوەی ئینسان و سروشت  بێت و پایەکانی نەزمی کۆمەڵگە دیسان دابڕێژێتەوە.

ژنان

دۆستانی هێژا، ئێستا پرسی ژن وەک کۆنترین کلۆنی، لەگەڵ پرسی نەتەوەکانی چەوساوە، گەورەترین پرسن لە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوین کە دەبێ ئازادی، دادۆەروەی کۆمەڵایەتی و دێمۆکڕاسی لە سەر ئەم مژارە لە خاڵی دەستپێکی گفتگۆگان جێگا بگرن. ئەوڕۆکە لە ئێران، ژنان بەتایبەت کۆمەڵگەیەک و پوتانسیەلێکی بەڕێوەبەری مەزنن کە لە لەلایەن رژیمی فاشیستیەوە رەد کراونەتەوە. دورکردنەوەی ژنان لە پڕۆسەی شۆڕشی گەلان، بە واتای تێکشکاندنی بەلەمی رزگاری ئێرانە. هیچ کەس، رێکخراو و حیزبێک ناتوانێت بەبێ ژنان بیر لە شۆڕش بکاتەوە. سەلمێندرا کە لەمەوبەدوا شۆڕشێک دەگاتە سەرکەوتن و راستینە کە پێشەنگی ژن بێت. ئەم مژارە پێویستیەکی سەردەمە. ئێمە لە پێشەنگایەتی ژناندا تاکو ئێستا باندۆرێکی بنگەهیمان هەبووە و لەمەوبەدواش شێلگیرانە ئەم تێکۆشانە بەردەوام دەکەین.

بێگومان شۆڕش بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان ئەنجام دەگرێت. بەو دەلیلە پێویستە رێگە بکرێتەوە بۆ بەشداری چالاکانە و پڕاکتیکی گەنجان لە بەڕێوەبردن، سازماندەهی و بەرەوپێش بردنی ماشێنی شۆڕش، ئەوە ئەرکی ئێمەیە. گەنجان وزە و دیاینامۆی شۆڕشن و خۆبەڕێوەبەر بونی گەنجان هەروەک ژنان لەم سەردەمەدا نیشانەی پێشکەوتویی هێزی شۆڕشگێڕی لە مەیدانی خەباتدایە. بەدامەزراوەییکردن و بەڕێکخستن کردن بۆ ئاراستەکردنی بەڕێوەبردنی کرداری رێگای سەرکەوتنی هەر حیزب، سازمان و سیستمێک پێناسە دەکردرێت. بۆیە لە بەر هۆکاری لاوازی هێزی ئۆپۆزیسیۆن لەم مژارەدا، پێویستە بە توندی رەخنەی لێبگیردرێت. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، گەنجان و ژنان دەستیان پێکرد و هەر ئەوانێسن کە بە سەرکەوتنی دەگەیەنن.

مافی نەتەوەکان

هەمومان دەزانین کە لە ژنان را بگرە هەتاکو نەتەوەکان، وەک تورک، عەڕەب، بەلوچ، گیلەک، مازنی، لۆر-کورد، فارس، تورکەمەن و نەتەوەکانی تری ئێران، هەمویان بە دەست دەستەڵاتی گەندەڵ و فاشیست داگیرکراون. ئێران فرەنەتەوەییە و هەر بەو دەلیلە پرسی گەلان لە پەنا پرسی ژن، کۆڵەکەی بناخەی شۆڕشی نوێی ئێران پێک دێنێت. لە هەموو قەیرانەکانی ئێرانی ئێستادا، جێ پێی مافە پێشێلکراوەکانی گەلانی ژێردەست لە مەرحەلەی یەکەمدا دەبینرێت. تا کاتێک کە هەموو هێزە دێمۆکڕاتیک، چەپ و ئازادیخواز و رێکخراو و حیزبەکانی تری ئۆپزیسیۆن ئامادەی قبوڵی چەوساندنەوەی نەتەوەکان نەبن، بیرکردنەوە لە رنسانس و شۆڕش، نامومکین دەبێت. بێگومان ئێمە هاوکات، نەتەوەپەرەستی، جنسیەت پەرەستی و هەرجۆرە مەیل و بیرکردنەوەیەکی جیاکاری سەرکۆنە دەکەین. پرسی کورد، بەلوچ، تورکی ئازەربایجانی، عەڕەب، گیلەک-مازنی و نەتەوەکانی تر لە ئەولەویەتی پرسەکانی ئێراندان کە دەبێ بۆ کردنەوەی رێگای شۆڕش چارەسەر بکرێن. ئەوەی کە ئەمڕۆ دەستەڵاتی فاشیستی ئێران دژی نەتەوەکانی ئێران دەیکات، سەرکوت، ئێعدام و قرکردنی نژادی و فەرهەنگی و پاکتاوی فیزیکی ئازادیخوازان و حەقخوازانی نەتەوەکانە. لە بەرامبەر قرکردن، تەنیا تێکۆشانی رادیکاڵ بە هاوبەشی دێمۆکڕاتیکی کۆمەڵگە پێویستە. قەیران، شەڕ و پاکتاوکردنی فەرهەنگی دژی نەتەوەکان لە لایەن دەستەڵاتدارانی گەندەڵ،  لە رێگەی سەرکوتی بێبەزەییانەی پێکهاتوە، تاکو مافی گەلان قبوڵ نەکەن، ئێران زیاتر دەکەوێت ناو زەلکاوەوە وهیچ هێزێک لە ئۆپۆزیسیۆنیش هێزی هەڵاتن لە پرسی گەلان و چارەسەری دێمۆکڕاتیکی نیە. بەردەوامی مانەوەی ئێران، ئیتر تاقەتی زوڵم بە دژی نەتەوەکانی نەماوە، چونکو رێژەی بێداد گەییشتۆتە لوتکە، داڕمان، تەنیا حاکمان ناگرێتەوە بەڵکو لە نەزمی هەزاران ساڵەی ناوچەکە هەڕەشە دەکات. هەر ئەندازە سیستمی حاکم، گەلان بە هەڕەشە بزانێت، پێویستە تێکۆشان ئەوەندەیتر رادیکاڵتر بکرێتەوە.

پاراستنی رەوا

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی سەلماندی سیستمی حاکم بە جێگەی چارەسەری پرس و قەیرانەکان، سیاسەتی سەرکوت، ئێعدام و کوشتاری زیاتر کرد. نابێ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی؛ کۆمەڵگە، ژنان و گەلان لە بەرامبەر نزامی کوشتار بە تەنیا بهێڵن. هێزی ئەحزاب و سازمانەکان لە میزانی گرتنی هێز بۆ پاراستنی رەوا و جەوهەری دژی هەرجۆرە سیاسەتی خنکاندن و قرکردن دیار دەبێت، بەڵام پاراستنی رەوا واتای توندوتیژی نیە. پاراستنی رەوا مافی رەوای کۆمەڵگەیە کە دەکەونە ژێر مەترسی داڕمان و لەبەینچون بە دەستی نزامگەلی فاشیستی و دیکتاتۆری. ئەوڕۆکە ئێران توشی رەوشێکی مەترسیدار هاتوە. موزایدەکردن لە سەر راستودروستی پاراستنی رەوا هەڵەیەکی نەبەخشراوە. پاراستن بۆ کەرامەت و پاراستنی ئینسانیەت لە هەمبەر توندوتیژی مافی سروشتی و رەتنەکراوەیە.

ئێکۆلۆژی

بەشداربوانی هێژا، مژاری ژینگە پێویستی و بەشێکە لە شۆڕش. کاتێک لە وڵاتێکی وەک ئێران، سەرەڕای کۆمەڵگە، ژێنگە و سروشتیان گەیاندۆتە سنوری تێکچون و هەناسەیەک ماوە تا سنوری داڕمان، ئایا دیار نیە کە ئەرکی ئەحزاب و هەموو ئۆپۆزیسیۆن چیە؟ ئەوڕۆ مرۆڤایەتی بە کردەوەی دژە ژینگەیی خۆی، مرۆڤایەتیان خستۆتە بەر گەورەترین هەڕەشە کە لە نابودی ژینگەوە سەرچاوە دەگرێت. کۆمەڵگەی ئێران بە هۆکاری ئەوەی کە بە دەستی سیستمی دیکتاتۆر و لە ژێر کاریگەری سیستمی جیهانی لە سیاسەتی دروست ژینگەی سالم و سروشتی بێبەش کراوە، کەرەسەی دەستپێکی ژیانی کۆمەڵایەتی لە دەست داوە. ئەرکی ئێمە داڕشتنەوەی بەرنامەیەکی تۆکمەیە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەڵدێری ئابوری ئێکۆلۆژیکە و هاوکات پێشکەشکردنی مۆدێلێکی تایبەت بۆ ژینگە. پژاک پێشتر لەم مژارەدا لە نەقشەڕێگادا پێشنیاری خۆی فۆرمولە کردوە و ئێستاش پێداگری دەکات.

یەکگرتویی گەلانی ئێران

بەشداربوانی هێژا! هەنوکە لە سایەی ئەم جۆرە دیدار و کۆنفڕانسانەدا کە دەرفەتی بەنرخن، هەرکام لە ئێمە نوێنەرانی ئەحزاب و سازمان و هاوکات کەسایەتی و ئیتتلکتۆئێل، بەرنامەی تایبەتی خۆمان پێشکەش بکەین. حیزبی ئێمە پژاک سەبارەت بە یەکگرتویی گەلان و نەتەوەکان و گەلانی ئێران بەتایبەت لە چوارچێوەی ئۆپۆزیسیۆن هەم لە مژاری ناوەکی و هەم دەرەکی شەفافە. بێگومان هیچکام لە نەتەوەکانی ئێران بەبێ ئازادی گەلانی تری ئێران ناتوانن بە ئازادی و دێمۆکڕاسی بگەن. هەزاران سال بەیەکەوە ژیان و حەقیقەتی ژیانی ئازاد ئەوەیە کە بە زانست و هاوهەنگاوی لە رێچکەی هاواهەنگی رێکخراوەیی و تێکۆشان، سەرکەوتن مسۆگەر بکەن. یەکگرتویی گەلان کاتێک ئیمکان دەگرێت کە فازی دەستپێک رێکخراوەیی لە کاناڵی ئەو جۆرە کۆنفڕانسانە بەدی دەکرێت. لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی گۆشەیەک لە یەکگرتویی سروشتی و کۆمەڵایەتیمان لە نێو هەموو گەلانی راپەڕیوی ئێران بینی، ئەمڕۆ نۆرەی ئۆپۆزیسیۆنی هەموو گەلانی ئێرانە کە بازنەی تری یەکگرتویی کامل بکات. ئێمە بە دەرفەتی دەزانین و هەر لێرە پێشنیاری کۆنگرەی گەلانی دمۆکڕاتیکی هاوبەش بۆ هەموو نەتەوەکانی ئێران پێشکەش دەکەین. ئەم کۆنفڕانسە نابێت تەنیا لە چوارچێوەی گوفتماندا بمێنێتەوە، بۆیە دەبێ هەنگاوی پڕاکتیکی بە بنگەسازی هاوبەش بۆ ئۆپۆزیسیۆن و رێکخراوە مەدەنیەکان باوێژین. پێکهێنانی ناوەندێکی هاوبەش بۆ کۆکردنەوەی هێزەکان، واتای بڕینی نیوەی رێگایە؛ نیوەیتر بە تێکۆشانی پڕاکتیکی هاوبەش، پێشکەشکردنی بەرنامە و ستراتژی پێویست تێپەڕ دەبێت. ئەوە، کەمترین وەفاداری، خزمەت و سەداقەت لە بەرامبەر کۆمەڵگەی راپەڕیو و خیابانی دەبێت. بۆ پژاک، بەشداری دێمۆکڕاتیک لە هەموو چالاکیەکان ئەولەویەتی هەیە، دوایی رۆڵی ئەحزاب و رێکخراوەکان. تەنیا بە سیستم  دەتاوانرێت کۆمەڵگە مودیریەت بکرێت و پێش بخرێت، بۆیە رۆڵی ئەحزاب پێشەنگی بۆ پێکهێنانی ئەو سیستمەیە. مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە بە هۆکاری زوڵم و چەوسانەوە دەزانین بۆیە پێویستە بە جێگای ئەو، سیستمی بەڕێوەبەری تایبەتی گەلان دابمەزرێت. ئەوە، زێهنیەتی دێمۆکڕاتیکی ئێمەیە.

بێگومان یەکگرتویی کوردەکان و ئۆپۆزیسیۆنی کوردیش بەشێک لە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ئێرانە. پژاک پێشتر پڕۆژەی ١٠ خاڵی خۆی بە رونی راگەیاند و ئێستاش بەردەوامە. یەکگرتویی ئۆپۆزیسیۆن و هێزی کوردی لە پەنا گەلانی ئێران بۆ بەهێز کردنی خۆی و هەموو گەلانی ئێران یارمەتی دەکات. دەبێ دانیپێدابنێین کە زۆربەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لاوازن بۆیە تەنیا بە نزیکبونەوەی یەکتر دەتوانن بەهێز بن. یەکگرتویی و هاوبەشی لە هەمانکاتدا بە پاراستنی تایبەتمەندی سازمانی خۆیان رەوتێکی دێمۆکڕاتیکی تێکۆشان ساز دەکەن و تەنیا پێویستی بە هیمەت و سەداقەت هەیە.

بەرنامە و پڕۆژەی پژاک، (سیستمی کۆدار)

بەرنامە و پڕۆژەی پژاک لە سەر ئەساسی دێمۆکڕاسی بۆ پێکهێنانی سیستمێکی بنگەهی بۆ کۆمەڵگە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە. ئێمە باوەڕمان هەیە کە کۆمەڵگە لە راستای یەک ئایدئۆلۆژی تایبەتی هێزێکی تێکۆشەر و سیاسی،  و داسەپاندنی هێندێک تێڕوانینی وەک نەتەوەگەرایی، جنسیەت پەرەستی و شۆونیستی سیستمێک بەڕێوە ناچێت. پێکهێنانی سیستمێکی هاوبەش بۆ بەرەوپێش بردنی تێکۆشانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش هەر لە چوارچێوەی ئەم قەوارەدا جێدەگرێت. بۆیە هەمومان دەتوانین لە دەرەوەی ئایدئۆلۆژی و جۆری سیاسەتمان کە بۆ هەرکام لە ئێمە جێگەی رێزە، لەسەر چەمکی دێمۆکڕاسی بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگی تێکۆشانی هاوبەش بەڵام لە دەرەوەی مەفاهیمی زۆرینە و کەمینە، حەول بدەین. ئەم کۆنفڕانسە دەتوانێت لە سەر ئەساسی رێزگرتن لە هەموو ئەحزاب، سازمان، سیستم، گەلان، مەزهەب، ئەسناف، روناکبیران و رێکخراوەکانی مەدەنی، بەرەو پێکهێنانی مکانیزمێکی رێکخستنی هاوبەشی هەموو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەنگاو بنرێتەوە. حیزبی ئێمە پژاک راشکاوانە رادەگەیەنێت بۆ هەرجۆرە هەنگاوی هاوبەشی ئۆپۆزیسیۆن و رێکخراوەکانی مەدەنی و کەسایەتی و نوخبە بۆ خزمەت بە گەشەی شۆڕسی گەلان، ئامادەیە. هەدیەی ئێمە بۆ هەموو گەلان ” نەتەوەی دێمۆکڕاتیک”ە کە لە سەر ئەساسی بنەمای گوفتمانی کۆمەڵگەی دێمۆکڕاتیک-ئێکۆلۆژیک و ئازادی ژن، یەک نەتەوەی دێمۆکڕات و یا یەک نەتەوەی فەرا نەتەوەی دێمۆکڕاتیک پێک بهێنێت. بۆ بە جێگەیاندنی ئەوە سەروی حیزب و رێکخراوەکان، کە ئەوانیش لە پڕۆسەی دێمۆکڕاسی پێویستە، بە پێکهێنانی سیستمێک نیازە. سیستمی نەزەری پژاک، سیستمێک وەک کۆمەڵگەی دێمۆکڕاتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان(کۆدار)ە و ئامادەین لە سیستمێکی هەمەلایەنەی گەلان و نەتەوەکانی ئێران جێگا بگرین. ئەوەش وەک ئەرکی روناکبیری، ئەخلاقی و سیاسی خۆمان و هەموو لایەک دەزانین، چونکو تەنیا داوخوازی گۆمەڵگەی ئێمەیە.

بە هیوای ئەوەی کە ئەم کۆنفڕانسە و پلاتفۆڕمەکانی هاوشێوە بتوانن بە رۆشەنگەری سیاسی و دیالۆگ بۆ لێکنزیکبونەوەی زیاتر و پێشنیار و بەڕێوەبردن و بەرێکخستن کۆتایی بێت، بۆ هەموو گەلانی ئێران و ئێوە بەشداربوانی هێژا لەم کۆنفڕانسە، ئارەزوی سەرکەوتن دەخوازم… سەرکەوتن بۆ ئێمەیە، ئازادیخوازی سەردەکەوێت.

 ژن، ژیان، ئازادی"