کێشەی ئاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئەگەر لە ئێستاوە رێوشوێن نەگیرێتەبەر، کێشەی ئاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت ببێتە مایەی شەڕ و کۆچبەربوونی زۆر.
ئەگەر لە ئێستاوە رێوشوێن نەگیرێتەبەر، کێشەی ئاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت ببێتە مایەی شەڕ و کۆچبەربوونی زۆر.
هەموو زیندەوەران بۆ درێژەدان بە ژیانیان، پێویستیان بە ئاوە. لە سەرتاسەری مێژوودا؛ سەرچاوەکانی ئاو لە رووی خواردنەوە، کشتوکاڵ، پاکوخاوێنی و گواستنەوە زۆر گرنگن، دوای پێشکەوتنی پیشەسازی و شارنشینی گۆڕدرا بۆ دۆخێکی گرنگتر و بنچینەیی. مرۆڤ لە رووی بەرهەمهێنانی پیشەسازییەوە، زۆر بە کەمی گرنگی ئاویان کردە خەمی سەرەکی خۆیان. بەڵام ئاو لە رووی بەرهەمهێنانی پیشەسازییەوە، لە کۆمەڵگەی ئەمرۆدا ناتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ بەرهەمی پیشەسازی، بەتایبەتی لەناو کۆمەڵگا پیشەسازییەکاندا کە بەتەواوەتی وابەستەی وزەن، ئاو لە زۆر وڵاتدا یەک لە کۆڵەکە گرنگەکانی بەرهەمهێنانی وزەیە.
گرنگی ئاو لەناو کۆمەڵگا شارنشینەکاندا کە فرەچەشنە و زیاد بووە، وایکردووە کە ئاوی بەکارهێنراوە سەرلەنوێ بپاڵێورێتەوە و بەکاربهێندرێتەوە. ژمارەی دانیشتوانی جیهان کە رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبوونە، دەبێتە هۆی ئەوەی پێویستی بۆ ئاویش زیاتر ببێت. سەرەڕای ئەوەی سێ لەسەر چواری زەوی ئاوە، بەڵام سەرچاوەکانی ئاو کە مرۆڤ بتوانێت بەکاریبهێنێت، سنووردارن.
بەکارهێنانی لەرادەبەدەری ئاو، پیسکردنی ئاو، زۆربوونی وشکەساڵی بە هۆی گەرمبوونی زەوی و هەروەها بە پێچەوانەوە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان، دەریدەخات کە لە داهاتوودا بەدەستهێنانی سەرچاوەی ئاوی پاک دژوار دەبێت.
ئاو ئەو پێداویستیەی ژیانە کە هیچ جێگرەوەیەکی نییە
ئاو سەرچاوەیەکی ژیانە کە هیچ جێگرەوەیەکی نییە؛ ئەو کۆمەڵگایانەی کە بۆ چەندین ساڵ بە باشی رێزیان لە سەرچاوەکانی ئاو نەگرت، ئێستا گەویشتوونەتە دۆخی بێ ئاوی. پاراستنی سەرچاوەکانی ئاوی پاک بۆ تەندروستی کۆمەڵگا و ئاسایشی خۆراکیش، یەکجار گرنگە. ئەگەر مرۆڤ بە وریاییەوە ئاو بە کارنەهێنێت، دەبێتە مایەی تەشەنەسەندنی زۆر نەخۆشی و پەتا، هەروەها ئەگەر ئەو سەرچاوانەی ئاو کە بە ماددەی کیمیایی پیسکراون، بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ بەکاربهێندرێت، دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی لەوانە شێرپەنجە.
بۆ نمونە بەر لە ماوەیەک لە ناوچەی ئیلیچی ئەرزینگان کۆمپانیای کانزاکانی ئاناگۆڵد ببووە هۆکاری دروستبوونی کارەسات. ئەو کارەساتە دەریخست کە بە وریایی بەکارهێنانی ئاو چەندە گرنگە. ئەو رووداو و زیانە گیانیانەی لە ئیلیچ روویاندا، جێگەی داخ و پەژارەن. ٩ کرێکار بەهۆی چاوچنۆکی کۆمپانیاکەوە گیانیان لەدەستدا. بەڵام کارەساتە سەرەکیەکە لێرەوە دەستپێدەکات. ئەگەری هەیە سیانور رژابێتە ناو رووباری فوراتەوە. فورات بە جۆرەکانی ماسی و درێژیەکەی کە سنوورەکان دەبڕێت دەناسرێتەوە، کاریگەری لەسەر هەموو هەرێمەکە دادەنێت. پیسبوونی لەم جۆرە لە خاڵێکەوە دەستپێدەکات، بەڵام لە تەواوی رووبارەکە لە رووی نەرێنیەوە کاریگەری دەکاتە سەر تەندروستی مرۆڤەکانی دانیشتووی ئەو هەرێمە. زۆر کۆمەڵگە بۆ ئەوەی بە وریاییەوە ئاو بەکاربهێنن، دەستیان بە گرتنەبەری رێکار کردووە، بەراستیش بەکارهێنانی ئاو کولتورە و دەبێت مرۆڤ لەو بارەوە نەریت دروست بکات و ئەو کولتورە بگەیەنێتە نەتەوەکانی داهاتوو. هەروەها لەبەر ئەوەی جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاسایشی ئاو یەک لە ناوچە مەترسیدارەکانی جیهانە، ئەو بابەتە بۆ ئێمە گرنگتر دەبێت. سەرجەم وڵاتانی دەوروبەری کوردستان پێویستیان بەو ئاوە هەیە و دۆخەکە رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت.
کێشەی ئاو گۆڕدراوە بۆ کێشەیەکی جیهانی
لەمرۆدا پرسی ئاو لە هەموو جیهان بووەتە پرسێکی گەردوونی و جیهانی. پرسی ئاو لە زۆر ناوچەی جیهان هەڕەشە لە ژیانی کۆمەڵگاکان دەکات. دەبێت ئەو کێشەیە لە ساڵانی داهاتوودا، گەورەتریش بێت. لەمرۆدا ژمارەی دانیشتوانی جیهان ٨ ملیاری تێپەڕاندووە. پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتوانی جیهان بگاتە ٩.٥ ملیار کەس. ئەمەش دەریدەخات کە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی زەوی، دەبێتە هۆی پێویستی زیاتر بە ئاو. ئەمەش بە جۆرێک کە ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە سەدەی ٢٠دا بەراورد بە سەدەی پێشتر سێ هێندە زیادی کردووە، بەڵام پێویستی بە ئاو ٦ هێندە زیاد بووە.
لە سەدا ٧٠ی جیهان ئاوە؛ بەڵام لە سەدای ٩٧.٥ی ئەم ئاوە سوێرە، رێژەی ئاوی شیرین تەنیا لەسەدا ٢.٥ە. لە جیهان ساڵانە ٧.٦٠٠ مەتر ئاوی خواردنەوە لەلایەن هەر مرۆڤێکەوە بەکاردەهێندرێت. بەڵام کاتێک مرۆڤ بەراوردکاری لە نێوان کیشوەرەکاندا دەکات، ناهاوسەنگیەکی بەرچاو بەدی دەکات. بۆ نمونە لە باشووری ئەمریکا ساڵانە ٢٣.٠٠٠ مەتری چوارگۆشە ئاو بەر هەر مرۆڤێک دەکەووێت، لە باکووری ئەمریکا ١٨.٠٠٠ مەتری چوارگۆشە پشکی هەر تاکێکە، لە کیشوەری ئاسیا ٣.٠٠٠ مەتری چوارگۆشە پشکی هەر کەسێکە. جوگرافیای سیاسی تورکیا وەک دەزانرێت، لە رووی ئاوەوە دەوڵەمەند نییە. بە پێچەوانەوە مرۆڤ لە سەرتاسەری تورکیا بڕوانێت، وڵاتەکە رووبەڕووی مەترسی کەمئاوییە و کاتێک مرۆڤ رێژەی زۆری دانیشتوان لەبەر چاو بگرێت، دەبینرێت کە لەو وڵاتەدا کێشەی ئاو بەردەوام زیاتر دەبێت. ناوەندی ئاماری تورکیا پێشبینی دەکات لە ساڵی ٢٠٢٥ ژمارەی دانیشتوانی تورکیا بگاتە ٨٣.٥ ملیۆن کەس و پشکی ئاو بۆ هەر تاکێک ١٣٤٠ مەتری چوارگۆشەیە. ئەمەش کەمترە لە ستاندەری جیهانە.
دۆخێکی هاوشێوە بۆ کۆی جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئارادایە. نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکیدا بە ناوی "داهاتووی ئاوی شیرین (خواردنەوە) لە ساڵی ٢٠٠٣" هەستیاری دۆخەکەی نیشاندابوو. بە گوێرەی ئەو راپۆرتە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە رووی ئاوەوە پڕکێشەترین ناوچەی جیهانە. لە سەدا ٥ی دانیشتوانی جیهان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین. ئەو ناوچەیە لە کۆی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی جیهان تەنیا خاوەنی لەسەدا یەکە.
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاو کێشەی سەرەکییە
لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وشکەساڵی فراوانتر دەبێت و بەردەوامە، ئەوەش فشارەکان لە سەر سەرچاوەکانی ئاو زیاتر دەکات. بەرلە نزیکەی ٢٠ ساڵ، لە ساڵی ٢٠٠٥دا هەندێک توێژینەوە ئەنجامدران. تێبینیکرا کە ئاوی خواردنەوەی ساڵانە بۆ هەر تاکێک لە غەززە و کەرتی خۆرئاوا ٨٠ مەتری چوارگۆشەیە، لە ئیسرائیل ٣١٦ مەتر، لە میسر ٨٣٠ مەتر؛ لەمڕۆژانەدا زۆر هەڵەنابێت کە ئەگەر مرۆڤ پێشبینی بکات کە بەهۆی گەرمبوونی زەویەوە کێشەکە گەورەتر دەبێت. لەمرۆدا گەربوونی زەوی کە بەری پێنەگیراوە، بەهۆی کەمووبەوەی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە دەبێتە کێشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی کشتوکاڵ و خوراک لە ناوچەکە. دوای ماوەیەک ئەگەر سەرچاوەکانی ئاوی پاک بەشی خەڵک نەکات، ئەو کێشانەی دێنە ئاراوە دەبنە هۆی زۆربوونی بڵاوبوونەوەی پەتا. بەر لە چەندین ساڵ لە ساڵی ١٩٧٧ دا نەتەوەیەکگرتووەکان لە مار دێل پلاتا کۆنفرانسێکی سازکرد و ئەو بابەتەی خستەڕوو. لە راپۆرتە ئاماژە بۆکراوەکەدا ئەوە خرابووەڕوو کە مرۆڤ بە هۆی پیسبوونەوە رووبەڕووی ٣٠ نەخۆشی جیاجیا دەبێتەوە. رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی ٢٠٠٠ لە راپۆرتێکدا باسی لەوەکردبوو کە لە سەرتاسەری جیهان ٢.٢ ملیۆن کەس بە هۆی ئاوی پیسەوە ساڵانە گیان لەدەست دەدەن. بانکی جیهانی لە راپۆرتێکی جیادا رایگەیاند، کە لەسەدا ٩٥ی زێرابەکان راستەوخۆ دەڕژێنە رووبارەکان و لە وڵاتانی روولەگەشە لە سەدا ٨٠ی نەخۆشیەکان بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاوەوە روودەدەن.
لەمرۆدا جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی سەرچاوەکانی وزەوە دەناسرێتەوە و جێگەی ململانێی زۆر هێزی ناوچەکەیە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام لە رووی سەرچاوەی وزە و هەمیش لە رووی گواستنەوەوە، خاوەن گرنگی بێ هاوتا بووە؛ بەڵام ئەمانە کێشە سەرەکیەکەی ئەم ناوچەیان چارەسەر نەکردووە، بەهۆی بەڕێوەبەران و دەسەڵاتداران کە هیچ دووربینییەکیان نییە، کێشەکانی ناوچەکە تادێن گەورەتر دەبن و بە چارەسەرنەکراوی دەمێننەوە. ژمارەیەکی زۆر لە چاودێران دەڵێن، قیامەتی سەرەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەی ئاوە. وزە وەک کێشەی ئاوی باڵادەستانی جیهان و ئاویش وەک کێشەی مافەکانی تەواوی هەرێمەکەیە.
لەمڕۆماندا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە رووی رێژەی ئاوی تەرخان کراو بۆ هەر تاکێک و رێژەی پێویستی تەر تاکێک بە ئاو هەر یەک لە تورکیا، ئێران، سوریا، ئەفغانستان و سودان بە ١٥٠٠ مەتری چوارگۆشە لەناو ئەو وڵاتانەی ناوچەکەدان کە دۆخیان لە رووی ئاوەوە باشە؛ بەڵام لەناویاندا عێراق لە پلەی خوارەوەیە. لوبنان، قوبرس، جەزایر، مەغریب، میسر، تونس، عومان ، یەمەن، ئوردن، ئیسرائیل، سعودیە، قەتەر، ئیمارات بۆ دابینکردنی ئاو پێویستیان بە دەرەوەیە. بەڵام ئەمە نابێت ببێتە هۆی ئەوەی وابیربکەینەوە کە تورکیا و ئەو وڵاتانەی ئاماژەمان بۆکردن، لە رووی ئاوەوە لە دۆخێکی باشدان. گەرمبوونی زەوی و هەڵکشانی رێژەی دانیشتوان، ئەو وڵاتانە رووبەڕووی کێشە دەکاتەوە.
سەرەتا بەهۆی کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە ساڵانی رابردوودا لەسەر جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری بارانبارین کەمبووەتەوە و گەرمای هەوا زیاتر بووە، رێژەی بەهەڵمبوونیش زیادی کردووە. لە ئەنجامی ئەو توێژینەوانەی ئەنجامدراون ئەوە خراوەتەڕوو کە گەرمبوونی سەر زەوی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ٢،٥ و ٥،٥ پلەی زیاتر بووە و ئەوەش رێژەی دابارین لە ناوچەکەی بە رێژە لەسەدا ٢٠ کەمکردووەتەوە. لە تورکیاش پێشبینی دەکرێت کە ٢،٥ و ٣،٥ پلە گەرما زیادی کردبێت و بارانیش بە رێژەی لەسەدا ٣٥ کەمی کردبێت. هەروەها بەراورد بە ساڵانی پێشوو بارینی بەفریش کەمبووەتەوە و ئەوەش کێشەی ئاوی لەناوچەکە زیاتر کردووە. پسپۆڕان دەڵێن کە هەموو ئەو پەرەسەندنانە کێشەی خۆراک لە سەر ئاستی جیهان زیاتر دەکەن و لەسەرتاسەری جیهان هەژاری روو لە هەڵکشان دەبێت.
دوور نییە کە لەپێناو ئاودا شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێتە ئاراوە
بە هەڵکشانی ژمارەی دانیشتوان، سەرچاوەکانی ئاو کەمدەبنەوە، بەهەڵەبەکارهێنان و بە فیرۆدانی سەرچاوەکانی ئاو، ئاسایشی ئاو و خوراکی ناوچەکە بەرەو کارەسات دەبەن. سەبارەت بە هەرێمەکە لە رووی دیاریکردنی گرنگی ئاو، لە ساڵی ١٩٧٩ لە نێوان ئیسرائیل/ میسر رێککەوتنێک واژۆکرا. دوای ئەو رێککەوتنە سەرۆکی میسر ئەنوەر سادات وتی، ' میسر جگە بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاوی خۆی، جارێکی دیکە لە هیچ شەڕێک تێوە ناگلێت' و ئەوە نمونەیەکی باشە. لە راستیدا لەوێدا ئەوەر سادات جارێکی دیکە گرنگی ئاوی بۆ وڵاتەکەی دیاریکرد و دەڵێت تەنیا ئەگەر هەڕەشە لە سەر سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە هەبێت، دەچنە ناو شەڕەوە. هەربۆیە بابەتی ئاو کە لە رابردوودا یەکێک لە کلیلەکانی شەڕ یان ئاشتی بووە، لە داهاتووشدا بەو جۆرە دەبێت. نەتەوەیەکگرتووەکان بەر لە ٢٠ ساڵ لە راپۆرتی خۆیدا "داهاتووی ئاوی شیرین لە ٢٠٠٣" ئەوەی خستبووەڕوو کە لە ساڵی ٢٠٤٠ دا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر ئاو شەڕ روودەدەن.
لە شەڕەکانی رابردوودا ئەو شوێنانەی هێرشیان کراوەتەسەر، هەوڵ بۆ کۆنترۆڵکردنیان دراوە و هەستیارترین شوێن بوون، سەرچاوەکانی ئاو بوون. لە شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانیدا لایەنەکان هەوڵیان دەدا کە ناوەندەکانی هادرۆئیلیکتریک و سەرچاوەکانی ئاو بخەنە ژێر کۆنترۆڵەوە.
نمونەیەکی دیکە بەکارهێنانی ئاوی چەمی ئوردن/شەریعەیە. پرسی دابەشکردنی ئاوی رووباری ئوردن/شەریعە لە نێوان گەلانی یوردن، ئیسرائیل، سوریا و فەلەستین، یەک لە پرسەگرنگەکانی ناوچەکەیە. ئەو پسپۆڕانەی چاودێری دۆخی ئەو چوار وڵاتە دەکەن، دەڵێن لەمڕۆدا یەک لە گرنگترین هۆکارەکانی تەنگەژەی نێوان ئەو چوار وڵاتە، روباری ئوردن یان شەریعەیە. رووباری ئامەژە بۆکراو بە خاکی هەر چوار وڵاتەکەدا تێدەپەڕێت و دەڕژێتە گۆلی لوتەوە. سەبارەت بە بابەتی بەکارهێنانی هاوبەشی ئاوی نێونەتەوەیی، یاسایەک بوونی نییە و ئەوەشی هەیە نەگۆڕدراون بۆ یاسا. ئەوەش دەبێتە مایەی ئەوەی هەر چوار دەوڵەتە ئاماژە بۆکراوەکە رێکنەکەون و هەندێک جاریش ئەو ئاڵۆزیە دەگۆڕێت بۆ شەڕ.
پێشتر لە نێوان کۆمەڵگاکاندا سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەو ئاوانەی بە سنوورەکاندا تێپەڕ دەبوون، رێکنەکەوتن دەهاتنە ئاراوە، بەڵام بە تایبەتی دوای سەدەی ١٩ پەیوەست بە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاو رێکنەکەوتنی لەو جۆرە زیاتر بوون و پاش ماوەیەک دەگۆڕدران بۆ شەڕ. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات لایەنەکان چەمکەکانی وەک "ئاوی هاوبەش، ئاوی نێونەتەوەیی، ئەو ئاوانەی سنوور پێکدەهێنن و ئەو ئاوانەی بە سنوورەکاندا تێپەڕدەبن"یان دروست کرد و هەوڵیاندا هەڵوێستی خۆیان بەهێز بکەن. لە سەرتاسەری جیهان ئەوە قەبوڵ کراوە کە ئەو رووبارەی لەناو وڵاتێکەوە سەرچاوە دەگرێت و هەر لەو وڵاتەدا دەڕژێتە دەریاوە ئەو وڵاتە سەروەری بەسەر ئەو ئاوەوە هەیە و دەتوانێت چۆن دەیەوێت بەکاریبهێنێت.
بەڵام سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەو رووبارانەی کە سنووری ئەو وڵاتانە تێدەپەڕێنن کە لەوێوە سەرچاوەیان گرتووە و دەڕژێنە خاکی وڵاتێکی دیکەوە، لەنێوان وڵاتاندا زۆرجار رێکنەکەوتن دێتە ئاراوە. بەتایبەتیش لەو هەرێمانەی کە کێشەی ئاویان تێدایە، سەبارەت بە پشکی ئاو ناکۆکی گەورە هەیە، هەندێک جار ئەو ناکۆکیە دەگۆڕێت بۆ شەڕ. یەک لە ناکۆکیە سەرەکیەکانی نێوان ئیسرائی و سوریا بەکارهێنانی ئاوی رووباری شەریعەیە. (روباری ئوردن) لە ساڵی ١٩٥٠ لەو کاتەیدا ئیسرائیل هەوڵی دەدا ناوەندی ئاوی نەتەوەیی ئیسرائیل دابمەزرێنێت، سوریا بەرامبەر بەوە دەستوەردانی سەربازی ئەنجامدا. هەروەها ١٠ ساڵ دواتر کە سوریا هەوڵی دەدا لە بەشی سەرووی رووبارەکە رووی ئاوەکە بکاتە ناو خاکی خۆیەوە و رێڕەوەکەی بگۆڕێت، ئیسرائیل بەرامبەر بەوە نەیتوانی بێدەنگ بێت و کەناڵ و ڕێڕەوە ئاویەکانی بۆردومان کرد و کارەکانی بیناسازی ئەو پرۆژەیەی پێڕاگرت. لەسەرتاسەری جیهان چەندین نمونەی شەڕ لە سەر ئاو هەیە؛ لە هەموو جارەکاندا دەوڵەتان لە بری بەکارهێنانی دروست و رێکوپێکی ئاو، بەرژەوەندییەکانی خۆیان خستەپێشەوە و ئاستەنگیان بۆ دابەشکردنی ئاو سازکرد.
رێگە ئاوییە نێونەتەوەییەکان
وڵاتانی خاوەنی سەرچاوەی ئاو، بەپلەی یەکەم بانگەشە دەکەن لە مافی بەکارهێنان بۆ ئەوانە. سەبارەت بە پێناسەکردنی ئاو بەم جۆرە، لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە ئاو لە خاکی ئەوانەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەو وڵاتانەی پێیدا تێدەپەڕێت، بۆ پێناسەکردنی کێشەکە روانینی جیاجیا ەخرێنەڕوو. لەبەر ئەوە ئەمە لە یاسای نێونەتەوەییدا قەبوڵکردنی گشتی نییە، کێشەکە بە گوێرەی پەرەسەندنە ئابوری/ مێژووییەکان و پەسەرەندە سیاسییە رۆژانەکان لە نێوان وڵاتانی ئاماژەبۆکراودان، بە بەردەوامی سەرلەنوێ پێناسەدەکرێنەوە. زۆرینەی ئەو وڵاتانەی خاوەن سەرچاوەکانی ئاون، بانگەشەدەکەن کە بەپلەی یەکەم مافی بەکارهێنان بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە و ئەو رووبارانەی لە وڵاتەکەیانەوە دەڕژێنە وڵاتانی دیکە و لە خاکی وڵاتێکی دیکەوە دەڕژێنە ناو دەریاوە، وەک "ئەو رووبارانەی سنوور تێدەپەڕێنن" پێناسە دەکەن. بەڵام ئەو وڵاتانەی کە لە رێگەی خاکەکەیانەوە رووبارەکان دەڕژێنە ناو دەریاوە، ئەو روبارانە وەک ئاوی نێونەتەوەیی پێناسەدەکەن.
ئەمەش بۆ ئەوە دەکەن کە پێناسەیەکی نێونەتەوەیی بۆ ئەو رووبارانە دیاریبکرێت، بەوەش زیاتر سود لەو ئاوە وەربگرن و بەکارهێنانی ئاو لە خواستی ئەو وڵاتەی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، رزگار بکەن. ئەو کێشەیە لە زۆر ناوچەی جیهان بووەتە هۆکاری ناکۆکی و شەڕ. بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لە ساڵی ١٩٥٩ یەکەم هەوڵەکان خرانەگەڕ، بەڵام بە درێژایی چەندین ساڵ لەو بوارەدا بەرەوپێشچوون نەهاتە ئاراوە. لە ساڵی ١٩٧٠دا نەتەوەیەکگرتووەکان جارێکی دیکە بابەتەکەی خستەوە بەر باس و کۆمسیۆنی یاسایی نێونەتەوەیی بۆ داڕشتنی 'یاسای بەکارهێنانی ئاوە نێونەتەوەییەکان. ئەرکدار کرا. لە ئەنجامی هەوڵی درێژخایەندائەو راپۆرتەی لەلایەن کۆمسیۆنەکەوە ئامادەکرا، لە ٢٤.٠٤.١٩٩٧ دا لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ناوی "بەکارهێنانی ئاوی بۆ مەبەستەکانی جیا لە گواستنەوە و گەیاندن" پەسەند کرا. بە گوێرەی ئەوە بیاڤ و ناوچە ئاووڕێژەکان کە سنوور تێدەپەڕێنن یاخود سنور پێکدەهێنن، وەک "رێگەی ئاوی نێونەتەوەیی" پێناسە دەکرێن. ئەو دەقەی پەسەندکرا، بەکارهێنانی دادپەروەران و لۆژیکیانە بە بنەما دەگرێت. هەروەها زیان نەگەیاندن بە هیچ لایەنێک بە بنەما گیراوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی ٣٥ وڵات لەوانە تورکیا ئەو پەیمانەیان واژۆ نەکرد، پەیمانەکە نەخرایە بواری جێبەجێ کردنەوە.
تورکیا پێداگرە لەسەر ئەوەی ئاوی کوردەکان لە دژی کوردەکان بەکاربهێنێت؛ لە سیاسەتی هەرێمایەتی خۆیدا بە تایەبتی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات لە دژی گەلە جیاجیاکان وەک چەک بەکاردەهێنێت. لەبەر ئەوەی لە خاڵێکدا ئەو دوو رووبارە ئاماژەپێدراوانە وەک رووباری نێونەتەوەیی پێناسە دەکرێن، ناچار بە دانوستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەبێت لەسەر بەکارهێنانی ئاوی ئەو رووبارانە .
لە پرسی بەکارهێنانی ئەو ئاوانەی بە زۆر وڵاتدا تێپەڕ دەبن و دەڕژێنە ناو دەریا و دەریاچەکانەوە، مامەڵەی جیاجیا دەکرێت.
١- ڕێبازی سەروەری ڕەها: بە گوێرەی ئەم ڕێبازە ئەو وڵاتەی سەرچاوەی ئاویی هەیە و لە دەستی خۆیدایە، پەیوەست بە ئەو ئاوە چۆنی بووێت ئاوا دەجوڵێتەوە. ئەم ڕێبازە و ڕەفتارانە لە لایەن ئەو وڵاتانەی کە سەرچاوەی ئاون پارێزگاری لێکراوە، بەڵام دەمێکە واتای کۆمەڵایەتی خۆی لە دەستداوە. ئەم مامەڵەیە هەم بۆ وڵاتانی درواسێ باش نیە، هەم دەبێتە خوڵقێنەری کارەساتی ژینگەیی و کاریگەری خراپ لەسەر ژینگە دادەنێت.
٢- ڕێبازی دۆخی سروشتی: بە پێی ئەم ڕێبازە هەر جۆرە کارێک سەبارەت بە ئاو، بۆ وڵاتی سەرچاوەی ئاو یان وەک گۆڕینی بڕی ڕۆشتنی ئاوی سروشتی و کوالێتی ئاو قەدەغەدەکات. بەپێ ئەم ڕێبازە هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نیە ئاڕاستە و ڕێڕەوی ئاو بگۆڕێت.
٣- ئەزموونی سەروەری پێشوەختە: بە پێی ئەم ڕێبازە، ئەو وڵاتانەی کە ئاوی زیاتر لە سەر زەوییەکانیان بەکاردەهێنن بە بەراورد بە وڵاتانی درواسێ، لە هەندێک ڕووە مافی زیاتر بەکارهێنانیان هەیە و بەردەوام دەبن. کاتێک وڵاتانی دراوسێ دەستدەکەن بە بەکارهێنانی ئەو ئاوانە، پێویستە بەوپێیە مامەڵە بکەن. ڕەچاوی مافی بەکارهێنانی ئاوی وڵاتانی درواسێ بکرێت.
٤- ئەزموونی بەکارهێنانی یەکسان: ئەم ڕێبازە مافی بەکارهێنانی ئاو لە نێوان وڵاتانی سەر و خوار بە بنەما وەردەگرێت. لەمرۆدا چەندین وڵات ئەم ڕێبازە بەکاردەهێنن. بە پێی ئەم ڕێبازە هەموو وڵاتێک سەبارەت بە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاو خاوەنی مافە و پێویستە وڵاتان بە شێوەیەکی یەکسان سەرچاوەکانی ئاو بەکاربهێنن، بەبێ ئەوەی زیان بگەیەنرێت بە سەرچاوە سروشتیەکانی ئاو.
تورکیا، ئاو وەک هەڕەشەیەک بەکاردەهێنێت
تورکیا لە چوارچێوەی پرۆژەی 'گاپ'دا خواستێتی لە شەمشوور، ئیلح، ئامەد، دیلۆک، کلیس، مێردین، سێرت و شڕناخ لەسەر ڕووباری دیجلە و فرات ٢٢ بەنداو و ١٩ وێستگەی بەرهەمهێنانی هایدرۆئەلکتریک دروستبکات. لە چوارچێوەی پرۆژەی گاپدا بەنداوەکانی کاراکایە، ئەتاتورک، ئیلح، کرالکز، دیجلە، بێرەجیک و کارماشی تەواوکراوون و بەرهەمهێنای کارەبا دەسپێکردووە. لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا ئەو زەویانەی بۆ کشتوکاڵ دانراون ٢٧٢،٩٧٢ هێکتارە. ئەم ڕێژەیەی کە دیاری کراوە ١٥ لەسەدای ئەو زەویانەیە کە بۆ کشتووکاڵ تەرخانکراوە. کارەکانی تورکیا لە چوارچێوەی پرۆژەی گاپدا دەیەوێت ڕێژەی ئاو زیادبکات و هەم ڕێژەی ئەو ئاوەی دەڕواتە سوریا و عێراق کەمکاتەوە. هەردوو وڵاتیش ئەم بابەتە لە پلاتفۆرمی نێونەتەوەییدا دەکەن بە بابەتی گفتوگۆ. چوونکە هەردوو وڵاتەکە پێویستیان بە ئاو هەیە بۆ کشتوکاڵکردن. هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات بۆ ئەو دوو وڵاتە هەڵگری ڕۆڵیکی کاریگەرە لە ژیانی ئابووری و جڤاکیدا و ئەم هەڵوێستەی تورکیاش بۆ هەردوو وڵاتەکە وەک هەڕەشەیەکە. دواین قۆناغ کە بەنداوی کەبان دەستیپێکردووە و بە بەنداوی کاراکایە و ئەتاتورک بەردەوام دەبێت، تورکیا دوای گوشاری نێونەتەوەی ناچاربوو لە ساڵی ١٩٨٧دا پەیماننامەیەک لەگەڵ سوریادا ئیمزابکات. بەپێی ئەم پەیمانە پێویستە تورکیا لە ڕووباری فراتدا لە چرکەیەدا ٥٠٠ مەتر چوارگۆشە بداتە سوریا. گەر ئەم ڕێژەیە لە مانگێکدا کەم بێت، ئەوە تورکیا ناچارە لە مانگی دواتردا قەرەبووی ئەوە بکاتەوە.
بەڵام لە ساڵی ١٩٩٠دا کارەکانی دروستکردنی بەنداوی ئەتاتورک تەواو بوو، وە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ ئاوی گلدایەوە و نەیهێشت ئاو بڕوات و پرۆتۆکۆڵی پەیماننامەکە لە لایەن تورکیاوە پێشێلکرا. دوای کێشە و قەیرانەکان کە ڕووبەڕووی عێراق و سوریا بوونەوە و ئەو دوو وڵاتە لاواز بوون، تورکیا بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی ئاوی بەکاردەهێنا. هەروەها ڕووباری فورات بۆ سوریا گرنگییەکی زۆری هەیە. دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆی سوریا، ئاسایشی پێداویستیەکانی خواردن ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەبووەتەوە. لەبەر ئەمە ڕووباری فرات گرنگیەکی تایبەتی هەیە بۆ سوریا. هەروەها پێویستە لە نێوان سوریا و عێراقدا پەیماننامەیەک ئیمزابکرێت. پێش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریا، سوریا دەستی بە کارەکانی ئاودانی ٨٠٠ هێکتار زەوی کشتوکاڵی کردبوو، بۆ ئەمەش نیوەی ئاوی فوراتی بەکاردەهێنا و ئەو ڕێژە ئاوەی دەڕۆشتە عێراقەوە زۆر کەم بوویەوە. بۆیە لە بابەتی بەکارهێنانی یەکسانی ئاودا پێویستی بە ڕێبازێکی دادپەروەرانە هەیە.
هەرەوەها بە هەموو مانایەک قبوڵکراونیە تورکیا لەبەر هۆکاری سیاسی بە ئاو هەڕەشە بکات لە وڵاتانی دراوسێی. لە سەردەمی ئۆزالدا تورکیا بەشێوەیەکی ئاشکرا هەڕەشەی گرتنەوەی ئاوی دەکرد و دەیگوت گەر هەڵوێست لەبەرامبەر تەڤگەری ئازادیدا نەگیرێتە بەر ئەوا بە تەواوی ئاو دەگرێتەوە. دوای ئەوەی لە لایەن سوریا و عێراقەوە هەڵوێستی ناڕازیبوون پیشاندرا، تورکیا نەیتوانی بەشێوەیەکی ئاشکرا ئەو هەڕەشە گرتنەوەی ئاو بکات، بەڵام دواتر بەشێوەی نهێنی ئەوەی جێبەجێکرد و ئاوی بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکارهێنا. کۆمەڵەی جوتیارانی عێراق ئەوەیان دەستنیاشنکردووە دوای دروستکردنی بەنداوەکانی تورکیا لە سەر ڕووباری دیجلە و فرات، ڕێژەی ئاوی هاتوو بۆ عێراق ٨٠ لە سەددا کەمیکردووە و ١٢٤ ملیۆن هێکتار زەوی کشتووکاڵی چیتر بۆ کشتووکاڵکردن نابن. ئەم هەڵوێستەی تورکیا لە پلاتفۆرمی نێونەتەوەییدا بووە بابەتی گفتوگۆکردن و کۆمیسیۆنی یەكێتی ئەوروپا لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٠٥ی خۆیدا پێشنیاری کرد بەڕێوەبردنی ئاوی دیجلە و فورات لە لایەن کۆمسیۆنێکەوە بەڕێوەببرێت کە ئیسرائیلش لە ناو ئەو وڵاتانەدایە.
کێشەکانی وەک وشکبوونەوەی هەرێمەکان و زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوان لەم هەرێمانە لە پەرەسەندندایە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک ئەوەی دەرخستووە لە پاش شەڕی ناوخۆی سوریاوە کێشەی وشکبوونی هەرێمەکان لە وشکبوونەی کاتییەوە گۆڕاوە بۆ وشکبوونی هەمیشەی. بەو مانایەی وشکەبوون بووە بە هۆکاری کۆچ و گۆڕانکاری. بۆ ئەمەش گەر ڕێ و شوینی پێویست نەگیرێتە بەر، لەبەر وشکبوون کێشەیەکی جدی جڤاکی ڕوودەدات. پەیوەست بەم بابەتەوە ئیسنتیتۆی سەرچاوەکانی جیهان (WRI) ئاستی ڕێژەی ئاو، کەمبوونەوەی ئاو لە ١٦٧ وڵاتدا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە هەتا ساڵی ٢٠٢٤ لێکۆڵینەوەی کردوە و ئەوەی دەستنیشانکردووە ٣٣ وڵات لە ساڵی ٢٠٤٠دا بە هۆیی کێشەی ئاوەوە ڕووبەڕووی گوشار دەبنەوە. ١٤ وڵاتیش لەو وڵاتانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. ئەو دەستەیە ئەوەی دەسنیشانکردووە لە پاشەڕۆژدا ئەو وڵاتانە بە هۆیی ئاوەوە ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە.
بە تایبەت لەنێوان تورکیا، سوریا و عێراقدا پەیوەست بە بەکارهێنانی هاوبەشی ئاوی ڕووباری دیجلە و فراتدا کێشە ڕوویداوە. چوونکە ئاوی ئەو دوو رووبارە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەنابرێت. لە دوای ساڵی ١٩٤٠ تورکیا، سوریا و عێراق کۆبوونەوە و 'پرۆتۆکۆڵی دۆستانە و دراوسێی باش' ئیمزاکرا، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئەو ئەنجامەی دەخوازرا لەو پرۆتۆکۆڵەوە بێتە کایەوە، ئەنجام نەدرا. بەپێی ئەم پرۆتۆکۆڵە پێویستبوو تورکیا لە بابەتی ئاودا بەپێی بەرژەوەندیەکانی ئەو دوو وڵاتەش بجوڵێتەوە. بەڵام تورکیا ئەمەی جێبەجێ نەکرد و زەرەری گەیاند بەم پەیوەندیانە. یەکەم کێشە لە نێوان تورکیا و سوریادا لە کاتی پڕکردنی بەنداوی کەبان و تەبقایدا دروستبوو. لەو قۆناغی پڕکردنی بەنداودا تورکیا بەبێ ئەوەی زانیاری بداتە حکومەتی ئەو کاتەی عێراق، لە سەر داوای کۆمپانیای ئەمریکی کە بەنداوەکەی دروستکردووە، لە چرکەیەدا ٤٥٠ مەتر چوارگۆشە ئاوی بەردەدایەوە بۆ لایەکەی تر. لە هەمان قۆناغدا سوریا لە کاتی پڕکردنی بەنداوی تەبقایدا لە بەرامبەر عێراق هەمان شتی دووبارەکردەوە و ڕێژەی ئەو ئاوەوی ڕووباری فورات کە دەڕۆشتە عێراقەوە زۆر کەم بوویەوە. ئەمەش زیانێکی زۆری گەیاند بە کشتوکاڵێ عێراق. لەدوای ئەمەشەوە ئاڵۆزی کەوتە نێوان عێراق و سوریاوە بە ناوبژیوانی عەرەبستانی سعودی کێشەکان بە بێ درستبوونی شەڕ چارەسەرکران.
بەڵام هەموو کاتێک ئەم پەیمانە پێشێل دەکرا و گلەییەکانی هەردوولا لە یەکتر بەردەوام بوو. وێڕای ئەوەی دەوڵەتانی عێراق و سوریا لەڕووی سەربازیشەوە بەهێزبوون، بەڵام تورکیا بەشێوەیەکی دەستکراوەتر دەجوڵایەوە. بۆیە ماوەیەکی زۆرە تورکیا بەم شێوەیە مامەڵە دەکات و خۆویستانە دەجوڵێتەوە. بەتایبەت لەم ڕووەوە هەموو کاتێک لەگەڵ عێراقدا لە کێشەدابووە. هەندێک پەرلەمانتاری عێراقی ماوەیەکی زۆرە داوای ڕاوەستاندی هەموو مامەڵەیەکی بارزگانی لەگەڵ تورکیا دەکەن. لە قۆناغی کابینەی وەزارەتی ئەحمەد دادئۆغلۆدا سەردانێک بۆ عێراق ئەنجامدرا و لە سەردانەکەدا ئەم بابەتە لە لایەن بەرپرسانی عێراقیەوە دیسانەوە خرایەوە رۆژەڤ، بەرپرسانی حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی ئاشکرا باوەڕنەکردنیان بە تورکیا نیشاندا و پێشنیارییانکرد کە کێشەکان لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە چارەسەربکرێت. بۆیە لەم ساڵانەی کۆتایدا کێشەی ئاو بووە بە سەرەکیترین ڕۆژەڤی نێوان تورکیا و عێراق و وا دیارە کێشەکان لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.
هەروەها وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق عەون زیاب عەبدوڵا لە چاوپێکەوتنێکی ١٠/٢/٢٠٢٤دا سیاسەتەکانی ئاوی تورکیای ڕەخنەکردووە و ئاماژەی بەوەداوە پێویستە تورکیا لە چرکەیەکدا بڕی ٥٠٠مەتر چوارگۆشە ئاو بەرداتەوە و پەیوەست بەم بابەتەشەوە پێویستە بڕی ٢٦٠مەترچوارگۆشە ئاو بگات بە عێراق. هەروەها ئەوەی دیاریکردووە لەم ساڵانەی دوایدا بڕی ١٨٠ مەترچوارگۆشە ئاو دەگات بە خاکی عێراق، ئەمەش زیانێکی زۆری گەیاندووە بە کەرتی کشتوکاڵ.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆشیاری دەدات
لە لایەن ئەنستیتوی ئاوی نێونەتەوەی (IWMI) بۆ شیکاریکردنی ڕەوشی ئاوی وڵاتان لێکۆڵینەوە کراوە و ئەم ئەنجام بەدەست هێنراوە: لە هەر وڵاتێکدا ڕێژەی ئاوی سەر زەوی نەگات بە ١٧٠٠ مەترچواگۆشە ئەوا لەو وڵاتە کێشەی ئاو بوونی هەیە. گەر ڕێژەکە لە خوارووی ١٠٠٠ مەترچوارگۆشەوە بوو ئەوا لەو وڵاتە تەندوستی مرۆڤ و ئابووری ئەو وڵاتە لە مەترسیدایە، گەر لە خواری ٥٠٠ مەترچوارگۆشەوە بوو ئەوا لەو وڵاتە کێشەیەکی جدی ئاو هەیە. گەر ڕێژەی دانیشتوان لە جیهاندا زیادبکات و سەرچاوەکانی ئاوی وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا ڕێژەی ئاوی سەرزەوی دەڕواتە ژێر ١٠٠٠مەتر چوارگۆشەوە. بەتایبەت ئەم کێشەیە لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە بە مەترسیەکەی گەورە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەردەکەوێت. کەم بوونەوەی ڕێژەی ئاو بە مانای بێکاربوونی مرۆڤ، تێکچوونی ڕەوشی تەندوستی و زیاتربوونی کۆچکردن دێت. ئەمەش کێشەیەکەی هەمەلایەنە و پێویستە بە هەموو لایەکەوە ڕووبەڕووی ببرێتەوە. بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە چەندین وڵاتدا ساڵانە ڕێژەی ئاوی سەرزەوی کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت لە ئێستادا لە ژێر ڕێژەی ١٠٠٠ مەترچوارگۆشەدایە یان نزیک لەو ڕێژەیە. گەر لە ئێستاوە چارەسەری بۆ ئەو کێشەیە نەدۆرزرێتەوە، دەتوانین بڵێین دوای ماوەیەک کێشەکانی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێتە هۆکاری ئاڵۆزی، کۆچبەری و شەڕ.
مۆدێلی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژی دەتوانێت کێشەکان چارەسەربکات
بۆیە گەر هەوڵدانێکی پێچەوانەی ئەمە پیشان بدرێت و لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەم سەرچاوە مرۆییەکان و هەم سەرچاوە سروشتیەکان بەشێوەیەکی ڕاست بەکاربهێنرێت؛ ئەوا لە پێشکەوتنی ئابووری و چڤاکیشدا گەشەکردنی باش دێتە ئاراوە. لە لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٠ی ئەنستیتوی ئاوی نێونەتەوەی ستۆکۆڵم (SIWI)ەوە ئەوە دەرخراوە؛ ئاوە دەرسنورییەکان دەتوانن هاوکارییەکی باشی کوالێتی ژیانی و سروشتی بکەن. لێرەدا کێشە سەرەکیەکە ئەمەیە: "سیاسەتی ئاوی باش چیە؟" باشترین وەڵام کە دەتوانین بیدەینەوە ڕزگاربوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە دیکتاتۆرییەکان و لە نێوان خۆیاندا لە بواری هونەر، بازرگانی و سیاسەتدا پێشخستنی پەیوەندی نێوان گەلان ڕاستترە. ئێوە لە کام کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕوانن، وەک وەڵام چارەسەرییەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەێتەوە پێشتان. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە چەندین گەل و باوەڕداری تێدایە، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و مۆدێلی کۆمەڵگەی دیومکراتیک و ئیکۆلۆژیک وەک تاکانە چارەسەر دەردەکەوێت. چاندی جیاواز گەورەترین دەوڵەمەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و گەر ئەم دەوڵەمەندییە باش بەکاربهێنرێت و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتیک بونیات بنرێت، ئەو کاتە هەموو کێشەکان لە هەرێمەکە دوای ماوەیەک چارەسەر دەبێت.
بەڕێوەبەرە نەزانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جگە لە گەورەترکردنی کێشەکان بە کەڵکی شتێکی تر نایەن. لە هەرێمەکەدا ئاو، هەوا و خاک هەتابێت پیستردەبێت و ئەمەش سەر بۆ کێشەی خواردن و تەندروستی دەکێشێت. هەتا توڕەی و ڕقی کارکردنی نەتەوەی دەوڵەتپارێز و دەسەڵاتداری بە کۆتا نەهێنرێت، کە سیستەمی مۆدێرنێەی سەرمایەداری هۆکارەکەیەتی، هیچ کێشەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەری وەرناگرێت. پارادایمەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان "ئیکۆلۆژی، دیموکراتیک و ئازادی ژانان بە بنەما دەگرێ" بەشێوەیەکی ڕوون هەم سەرچاوەی کێشەکان هەم ڕێگەی چارەسەری پیشانی هەمووان دەدات.