لە شاری باسێل ڕێگری لە تێپەڕبوونی کەشتیە نەوتییەکان کرا

چالاکوانانی بواری کەشوھەوا لە شاری باسێلی سویسرا، ڕێگرییان لە تێپەڕبوونی کەشتیە نەوتھەڵگرەکان کرد.

لە شاری باسێل لەسەر ڕووباری ڕاین، چالاکوانانی کەشوهەوا بۆ ماوەی نزیکەی ٨ کاتژمێر، ڕێگرییان لە تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتییەکان کرد.

لەو چالاکییەدا بەشێک لە کەشتییە نەوتییەکان ڕاگیران و چالاکوانان سەرنجیان بۆ ئەوە ڕاکێشا، کە دیاردەی کۆچ و کۆچبەری یەکێک لە لێکەوتەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوایە.

چالاکوانان داوایان کرد، بەکارھێنانی سووتەمەنیە ھایدرۆکاربۆنەکان ڕابگیرێن، لەبری تەلبەندکردنی سنوورەکان، پاڵپشتی بۆ کۆچبەران و پەنابەران زیاد بکرێت، ئازادی هاتوچۆ و گەشتکردن بۆ خەڵک دەستەبەر بکرێت.

پۆلیس لە ڕێگەی بەکارھێنانی توندوتیژی دەستیان لە چالاکییەکە وەردا، بەڵام چالاکوانان لە چوارچێوەی پلانەکەیان درێژەیان بە چالاکییەکەیان دا.

هەروەها بڕیارە چالاکوانانی کەشوهەوا، ڕۆژی ١٥ی ئەیلول، لە شارەکانی ست گالێن، بادن، لوزێرن، نیوشاتێل و زوریخ چالاکی ئەنجام بدەن.

ژ.ن