لە شاری سلێمانی تیمی گۆیژە بپارێزە دیبەیتێکیان ئەنجامدا

بە مەبەستی ڕێگری لە لەناوبردن و دەستکاریکردنی سروشتی گۆیژە، تیمی گۆیژە بپارێزە لە شاری سلێمانی دیبەیتێکیان ئەنجامدا .

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە هۆڵی ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی، بە بەشداری چەندین میدیا و ڕۆشنبیران و ژینگەپارێزان و مامۆستایانی  زانکۆ، دیبەیتێک بۆ تیمی گۆیژە بپارێزە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پێشێلکارییە ژینگەییەکان لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت شاخی گۆیژە ڕێکخرا.

ناوەڕۆکی دیبەیتەکە بە سێ بابەت دەستی پێکرد بەم ناونیشانانە:   

یەکەم: پیسبوونی هەوای شارەکان و خراپبوونی تەندروستی هاوڵاتیان- یەریڤان شاسوار- توێژەری بواری کوالیتی هەوا.

دووەم: کاریگەری ژینگەیی و کۆمەڵایەتی دەستکاریکردنە ژینگەییەکان لە شاری سلێمانی - د.فازیل لاوە، پسپۆڕ لە بەشی جیۆلۆجی زانکۆی سلێمانی .

سێیەم: ئەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێ لە چیدا هەڵەیە – یاسین ئافتاو – نووسەر و ڕۆشنبیر.

لە بابەتی یەکەمدا یەریڤان شاسوار ئاماژەی بەوەدا، سەوزایی و ژینگەی شاری سلێمانی لە کوالیتییە جیهانییەکان زۆر کەمترە و بەردەوام بەرەو کەمتربوونەوەش دەڕوات و ئەمەش وادەکات مەترسی تەندروستی لەسەر هاوڵاتییان زیاتر بێت و وتیشی: "بۆ هەر کەسێک لەم شارە پێویستمان بە نۆ مەتر دووجا سەوزایی هەیە و ئەو بڕەی هەمانە تەنها سێ مەتر دووجایە، ئەمەیە ئەو کوالیتییەی دەڵێن نزیکە لە ستانداردی جیهانییەوە ."

هەوەها دکتۆر فازیل لاوە، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم دەسکاریکارییە جیۆلۆجییانە کاریگەری هەیە هەم لەسەر ژینگە لە ڕوانگەی پەرەسەندنی زەوییەوە، هەمیش کاریگەری هەیە لەسەر تێکدانی کلتور و بواری کۆمەڵایەتی خەڵکێک کە لە ژینگەیەکی شاخاویدا دەژین و لێیان تێکدەدرێت.

لە بابەتی سێیەمدا یاسین ئافتاو ئاماژەی بەوەدا کە ئەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێ لە ڕووی دۆخی تەندرووستییەوە زۆر خراپ دەکەوێتەوە و یەک لەو نیشانانەی کە دەبینرێت زیادبوونی شێرپەنجەیە و بەدۆخێکی مەترسیداری لەقەڵەمدا.

 ئاماژەشی بەوەدا کە تیمی گۆیژە بپارێزە کار و چالاکییان بەردەوام دەبێت و ناوەستن بۆ ڕێگریکردن لەو سیاسەتەی بەدەست سەرمایەدارانەوە لەسەر ژینگەی سلێمانی جێبەجێ دەکرێت.

لە کۆتایی پانێڵەکەدا ڕەخنە و پێشنیار و قسەی ئامادەبووان وەرگیرا و وەڵامدرانەوە.

ماوەیەکە پرسی دەستکاریکردن و شێواندنی شاخی گۆیژەی سلێمانی و دروستکردنی بینای نیشتەجێبوون لەو شاخە کاردانەوەی شەقامی بەدواوە بووە و بە چالاکی جیاجیا ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو هەنگاوە دەردەبڕدرێت.

هـ . ب