" توركیا پابەند نەبووە بە بەردانەی پشكی ئاوی عێراق"

وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق ڕایگەیاند، توركیا پابەند نەبووە بە داواكاریی عێراق بۆ بەردانەوەی ٥٠٠ مەتر سێجا ئاو لە چركەیەكدا لە بەنداوی ئیلیسوە، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر عێراق درووست كردووە.

عەون زیاب وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق لە بارەی بەرنەدانی پشكی ئاوی وڵاتەکەی لەلایەن دەوڵەتی توركەوە، قسەی بۆ میدیای فەرمی عێراق کرد.

عەون زیاب ڕاگەیاند: سیاسەتی توركیا بۆ بەردانەوەی ئاو لە ئەمساڵدا نەرێنی بووە، هۆكارەكەشی ئەوەیە، كە لە ساڵی ١٩٨٧ ڕێككەوتنێك لەنێوان توركیا و عێراق و سوریادا واژۆ كراوە سەبارەت بە بەردانەوەی پشكی ئاوی سووریا و عێراق بۆ ڕووباری فورات، كە لە ٥٠٠ مەترسێجا لەچركەیەكدا كەمتر نەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆیە ئەم ڕێككەوتنەكە بەردەوام دەبێت تا ڕێككەوتنێكی نوێ سەبارەت بە دابەشكردنی ئاو لەنێوان هەرسێ وڵاتی (توركیا، سوریا و عێراق) ئەنجامدەدرێت، تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێكی نوێش نەكراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، توركیا زیاتر لە دوو ساڵە بڕی ٥٠٠ مەتر سێجا ئاوی لە چركەیەكدا بۆ سنوورەكانی سووریا بڕیووە، لە مانگی نیسانی ٢٠٢١وە تا ئێستا بە ڕێژەی ٢٩٠-٣٠٠ مەتر سێجا لە چركەیەكدا ئاو بۆ سووریا بەردەدرێتەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی ئاوی ڕووباری فورات لە دیوی عێراقەوە درووستكردووە، هەروەها عەمباركردنی ئاو  لە بەنداوی حەدیسە زۆر كەم بووە، ناچار بووین بەشێك لە ئاوی دیجلە بۆ فورات بگوازینەوە.

ڕوونیشیكردەوە، ئەم بابەتە وەزارەتەكەی ناچار كردووە ڕێوشوێنی گەورە  بە تێچووی زۆر بگرێتەبەر، ئەمە جگە لەوەی توركیا پابەند نەبووە بە بەردانەوەی ئاوی عێراق لە بەنداوی ئیلیسو، كە ٢٥ ملیار ئاوی عەمباركراوی هەیە،  دەتوانێت بڕێكی زۆر ئاو بەر بداتەوە.

بەهۆی دروستكردنی ژمارەیەك بەنداوی نوێوە لەلایەن توركیاوە وایكردوە ڕێژەیەكی زۆر كەم ئاو بگاتە عێراق و توشی قەیرانی ئاو بێت، هەروەها بەشێكی زۆری هۆڕەكانی باشوری عێراق بەهۆی وشكبوونی ڕووبارەكانەوە ناوچەكەیان بەجێهێشتووە، زیانی زۆر بەر كشتوكاڵ و ئابووری عێراق كەوتووە.

هـ . ب