فیلمی کچانى خۆر بەشداریى فێستیڤاڵی نێونەتەوەیى فیلمی جنێڤ دەکات

فیلمی کچانى خۆر (Les filles du soleil) لەسەر تێکۆشانى ژنانى کورد دروستکراوە. ئەو فیلمە بەشداری لە ٢٤هەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیى فیلمى جنیڤ دا دەکات.

٢٤هەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیى فیلمی جنێڤ لە رۆژی ٢ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ دەستپێدەکات. زیاتر لە ١٥٠ فیلم بەشداریى فێستیڤاڵەکەیان کردووە.

فێستیڤاڵەکە تاوەکو رۆژی ١٠ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ بەردەوام دەبێت. دەرهێنەران و ئەکتەرەکان هاوکات لەگەڵ نمایشی فیلمەکانیاندا بەشداری لە بەرنامە جۆراوجۆرەکانى فێستیڤاڵەکەدا دەکەن.

یەکێک لە فیلمە بەشداربووەکانى فێستیڤاڵەکە فیلمى کچانى خۆر (Les filles du soleil)ە کە لەلایەن ئێڤا هوسۆن دەرهێنەری فەرەنسی-یەوە بەرهەمهێنراوە. فیلمەکە باسی تێکۆشانی ژنانى کورد لە شەنگال و رۆژئاواى کوردستان دەکات لە دژی داعش.

فیلمی کچانى خۆره‌ بۆ یەکەمجار بەشداریى لە ٧١هەمین فێستیڤاڵی کان دا کرد. سەرباری ئەوەى لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتى بەدەستنەهێنا، بەڵام زۆر بووە جێگاى سەرنج و گفتوگۆی بەشداربووان.

"خواستم بەرخودانى ژنانى کورد نیشانى جیهان بدەم"

ئێڤا هوسۆن لە کاتى فێستیڤاڵی کان دا بەشداریى کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیى کرد و لەبارەى فیلمى کچانى خۆره‌وه‌ وتى "رفاندنی ژنانى کورد لەلایەن داعشەوە و سەرباری دڵتەزێنى و دراماتیک بوونی ئەو رووداوە، بەڵام خۆبەدەستەوەنەدانیان، بەرخودانیان و تێکۆشانەکەیان و چیرۆکەکانیان کاریگەرییەکى زۆری لەسەر دروستکردم. ئەوان هەرگیز سەریان دانەنەواند، خۆیان بەدەستەوەنەدا و تێکۆشانێکى بێ هاوتایان لە دژی گوشار و سیستمى داواکەوتووانە بەڕێوەبرد و ئەوەش کاریگەرییەکى زۆر لەسەرم دروستکرد".

وتیشی "خواست و ئیرادەیان بۆ تێکۆشان زۆر گەورە بوو. روویان لە سەرکەوتن کرد و زانییان سەرکەوتن لەو رێگەیەوە و بە تێکۆشان دەبێت، بۆیە دڵنیابوون سەردەکەون. ئەوەش کاریگەریى لەسەر هەموو کەسێک دروستکرد. کاریگەریشى لەسەر من دروستکرد. من خواستم لە رێگەى ئەم فیلمەوە داوا و بەرخودانەکەیان نیشانی جیهان بدەم".

 

ر.م