له‌ باخچه‌كانی حه‌وسه‌ل وه‌رزی چاندنه‌

باخچه‌كانی حه‌وسه‌ل كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ نێوان قه‌ڵای ئامه‌د و چه‌می دیجله‌، به‌رهه‌مه‌كانی سه‌وزه‌وات بۆ ئامه‌د و شاره‌كانی ڕوحا (ئورفا)، ئێلیح (باتمان)، به‌دلیس، سێرت، مووش و وان دابین ده‌كه‌ن.

ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی كه‌ له‌ باخچه‌كانی حه‌وسه‌ل-ی ئامه‌د به‌ كشتوكاڵ بژێوی ژیانی خۆیان دابین ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ هاتنی به‌هار قۆڵیان لێ هه‌ڵماڵی و ده‌ستیان به‌ چاندن كرد. خانه‌واده‌كان به‌ر له‌ هه‌ر شتێك زه‌وییه‌كانیان پاك كرده‌وه‌، دواتریش شتڵی سه‌وزه‌كانیان چاند. له‌ باخچه‌كان زۆر جۆری شتڵی سه‌وزه‌وات ده‌چێنرێت. هه‌ندێك خانه‌واده‌ به‌هۆی بارودۆخی ئابووریی هه‌رێمه‌كه‌، ئه‌مساڵ نه‌یانتوانی هیچ شتێك بچێنن. ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ شتڵیان چاندووه‌، به‌هۆی خراپی باری ئابووری گله‌یی و گازنده‌ ده‌كه‌ن.

«من سه‌وزه‌كانی خۆم به‌خۆم ده‌چێنم»

حاجی مه‌همه‌ت سوولار (ته‌مه‌ن ٦٢ ساڵان) ماڵه‌كه‌ی له‌ گه‌ڕه‌كی عه‌لی پاشا-ی ناوچه‌ی سووری ئامه‌د بوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت ماڵه‌كه‌ی تێكدا، به‌ناچاری گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی به‌جێهێشت. سوولار ده‌ستنیشانی ده‌كات كه‌ هه‌موو ته‌مه‌نی منداڵه‌تیی خۆی له‌ حه‌وسه‌ل به‌سه‌ربردووه‌.

«١٠٠ ساڵه‌ ئێمه‌ لێره‌ین، ئه‌م زه‌وی و باخچانه‌ له‌ باپیرانه‌وه‌ بۆمان ماونه‌ته‌وه‌. من هێشتا منداڵ بووم كاتێك باوكم منی ده‌هێنا ئێره‌ و تا ئێستاش بژێوی ژیانی خۆم به‌م زه‌وی و باخچانه‌ دابین ده‌كه‌م. من سه‌وزه‌واتی خۆم به‌خۆم ده‌چێنم. ئه‌مساڵ به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ته‌نیام، كاره‌كه‌م سه‌خت ده‌بێت. به‌ڵام كاتێك دێمه‌ ئێره‌، پشوو ده‌ده‌م. حه‌زم له‌ كاركردنی نێو باخچه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ڕۆژێك نه‌یه‌مه‌ ئێره‌، نیگه‌ران ده‌بم. من به‌هۆی حه‌وسه‌ل دێمه‌وه‌ سه‌ر خۆم.»

«ناتوانین حه‌قده‌ستی خۆمان په‌یدا بكه‌ین»

سوولار ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ زۆربه‌ی كاته‌كانی خۆی له‌ حه‌وسه‌ل به‌سه‌رده‌بات و ده‌ڵێت: «به‌یانیان له‌ كاتژمێر ٦:٣٠ هه‌تا كاتژمێر ١٨:٠٠ی ئێواره‌ له‌ باخچه‌ كار ده‌كه‌م. ئه‌مساڵ پیاز، ته‌ماته‌، كاهوو، باینجان، كوزه‌ڵه‌، كه‌ره‌وز و سیرم چاند. باشترین سه‌وزه‌ له‌ حه‌وسه‌ل دروست ده‌بێت.»

ئه‌و كاسبكاره‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات به‌هۆی قه‌یرانی ئابووری، ئه‌مساڵ ناتوانن هیچ بفرۆشن. ناوبراو ده‌ڵێت: هه‌رچه‌نده‌ ڕه‌نجێكی زۆر ده‌ده‌ین، به‌ڵام له‌ بازاڕه‌كان ناتوانین حه‌قده‌ستی خۆمان په‌یدا بكه‌ین و سه‌وزه‌كانی خۆمان به‌هه‌رزانی ده‌فرۆشین.

 «ئه‌مساڵ نرخی میوه‌ و سه‌وزه‌ گران ده‌بێت»

عه‌لی كۆربان هاوڵاتییه‌كی دیكه‌ی ئامه‌ده‌ كه‌ ماوه‌ی ٢٠ ساڵه‌ بژێویی ژیانی له‌سه‌ر باخچه‌كانی حه‌وسه‌له‌. كۆربان ده‌ڵێت: تاكه‌سه‌رچاوه‌ی بژێویم باخچه‌كانی حه‌وسه‌له‌. له‌ به‌هاره‌وه‌ تا پاییز له‌ باخچه‌ كار ده‌كه‌ین. ساڵ به‌ ساڵ بژێوی ژیان سه‌ختتر ده‌بێت، ئه‌مساڵیش سه‌ختتر ده‌بێت. به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ توركیا قه‌یرانی ئابووری هه‌یه‌، ئه‌مساڵ نرخی میوه‌ و سه‌وزه‌ گران ده‌بێت.

«٤٥ ساڵه‌ له‌ حه‌وسه‌ل سه‌وزه‌وات ده‌چێنم»

حه‌سه‌ن ئاكین (ته‌مه‌ن ٦٤ ساڵان) ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ٤٥ ساڵه‌ له‌ باخچه‌كانی حه‌وسه‌ل سه‌وزه‌وات ده‌چێنێت. ئاكین ده‌ستنیشانی ده‌كات كه‌ به‌هۆی قه‌یرانی ئابووری، ئه‌مساڵ كه‌س نایه‌وێت ئه‌م كاره‌ بكات. زۆر جار پاره‌یان نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستی خواردن بكڕن.

s.m