کەنەکە جەژنى قوربانی پیرۆز کرد
کەنەکە جەژنى قوربانی لە هەموو جیهانیى ئیسلام بە تایبەتى گەلی کوردستان پیرۆز کرد و رایگەیاند "ئێمە بەو هیوایە گەلەکەمان لە داهاتوویەکی نزیکدا، بە ئازادی و ئارامی و ئاشتی جەژن و ئاهەنگەکانی خۆی پیرۆز دەکات".
کەنەکە جەژنى قوربانی لە هەموو جیهانیى ئیسلام بە تایبەتى گەلی کوردستان پیرۆز کرد و رایگەیاند "ئێمە بەو هیوایە گەلەکەمان لە داهاتوویەکی نزیکدا، بە ئازادی و ئارامی و ئاشتی جەژن و ئاهەنگەکانی خۆی پیرۆز دەکات".
دەستەى بەڕێوەبەریى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى جەژنى قوربانەوە پەیامێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "بەیانی جەژنە، جەژنی قوربانە. بەداخەوە ئێمە ئەمجارەش لە رەوشێکی ئاڵۆزدا جەژن پیرۆزدەکەین. لە باکوری کوردستان هێرشی قەلاچۆکردن لە دژی گەلی ئێمە بەردەوامە. شارو گوندەکانمان وێران دەکەن، ژینگەی ئێمە دەسووتێنن. لە رۆژاوای کوردستان شەڕی ئازادی و بەرخۆدانی ئێمە بە هەموو شێوازێک بەردەوامە. لە باشوور و رۆژهەڵاتیش شەڕ و ئاڵۆزی بەردەوامن".
کەنەکە باسى ئەوەیکردووە، دەوڵەتى تورکیا نەک تەنها لە باکوور، بەڵکو لە باشوور و رۆژئاواى کوردستانیش هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد و لەوبارەیەوە رایگەیاندووە "دەوڵەتی تورکیا نەک تەنیا لە باکور، بەڵکو لە رۆژاوا و باشووریش هێرش دەکاتە سەر گەلی ئێمە. دەوڵەتی تورکیا بەشێک لە خاکی رۆژاوای کوردستان و بەشێک لە خاکی باشووری کوردستانی داگیرکردووە و دەشیەوێ داگیرکاریەکەی فراوان بکات. گەلێ ئێمە و جەنگاوەرانی ئازادیش لە بەرامبەر ئەم هێرش و داگیرکاریانە بە هەموو شێوازێک بەرخۆدان دەکەن. بە قارەمانی و فیداکاریەکی زۆر شکست بەو هێرشانە دێنن".
ئەوانەى هێرش دەکەنە سەر گەلەکەمان خۆی بە "مسوڵمانى خێرخواز" دەناسێنێت
کەنەکە لە بەردەوامیى پەیامەکەیدا راشیگەیاندووە "سەیرە، ئەوەی لە جەژنی قورباندا هێرش دەکاتە سەرمان، نەک هەر خۆی بە موسڵمان دەزانێ، بەڵکو خۆی وەک سەرکردە و رابەری موسوڵمانان دەناسێنێ. لە رۆژی جەژندا لەبەردەم میدیا و تەلەفزیۆنەکان خۆی نمایش دەکات و دەڵێ " موسوڵمانی راست و خێرخواز ئێمەین ". لەم رێگایەوە دەخوازێ هێرش و تاوانەکانی خۆی بەرامبەر گەلی ئێمە بشارێتەوە."
ئیتر گەلەکەمان نە سواڵکەری بەر دەرگای داگیرکەرانە و نە ژێردەستییش قبووڵ دەکات
دەستەى بەڕێوەبەریى کەنەکە ئەوەشى خستووەتەڕوو، گەلی کورد وەک پێشوو نییە و ئێستا بووەتە خاوەنی هۆشیاری و تێکۆشانى نەتەوەیى و دیموکراتیک و لەوبارەیەوە باسی ئەوەیان کردووە " بێگومان نە لە هەرچوارپارچەی کوردستان و نە هیچ شوێنێکی تر، گەلی ئێمە ئەو گەلەی جاران نییە، بەڵکو لە ناو هۆشیاری و تێکۆشانێکی نەتەوەیی دیموکراتیکی سەردەمیانەدایە. ئیتر نە سواڵکەری بەر دەرگای داگیرکەرانە و نە ژێردەستییش قبووڵ دەکات. چونکە ئەو گەلە هیوای خۆی بە خۆی و تێکۆشانی خۆی رێبەریی خۆیەوە گرێداوە".
لە کۆتایى پەیامەکەى کەنەکەدا هاتووە "ئێمە بەو هیوا و بڕوایەین کە گەلی ئێمە لە داهاتوویەکی نزیکدا، بە ئازادی و ئارامی و ئاشتی جەژن و ئاهەنگەکانی خۆی پیرۆز دەکات. بەو بۆنەیەوە ئێمە جەژنی قوربان سەرەتا لە زیندانیان و شەڕوانانی ئازادی، لە گەلی کوردستان و تەواوی جیهانی ئیسلامی پیرۆزدەکەین".
ر.م