کەنەکە: جەژنی چوارشەمە سوورە پیرۆز بێت

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) جەژنی چوارشەممە سوورەى لە کۆمەڵگەى ئێزدی، گەلی کورد، گەلانى کوردستان و گەلانى ناوچەکە پیرۆزکرد.

دەستەى بەڕێوەبەریى کەنەکە بە بۆنەى جەژنى چوارشەمە سوورەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "جەژنی چوارشەمە سوورە، چوارشەمەی سەری نیسان جەژنێکی کوردستانە. هەربۆیە پێویستە گەلی کورد و سەرجەم گەلانی کوردستان، سەر بە هەر بیروباوەڕێک بن، بە هەستی بەرپرسیارێتیەوە کاربکەن و لە بەرامبەر دوژمنی داگیرکەر و دڕندە یەکگرتووبن و بجووڵێن. بۆ ژیانێکی بە حورمەت و پاشەرۆژێکی باشتر بە هەموو بەهاو پیرۆزیەکانی خۆیانەوە لە یەکێتیەکی پتەودا بن".

ئەوەى تیادا هاتووە "دۆخی شەنگاڵ تا ئێستاش بە تەواوی جێگیر نییە، دیسان هەڕەشە لەسەر ئێزدیەکان هەیە. پێویستە بۆ پاراستنی گەلی ئێزدی، هەموو هێزو تەواوی گەلی کوردستان هۆشیار بن و خاوەندارێتی لە ئێزدیان بکەن".

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە بۆ جەژنى چوارشەمە سوورە

جەژنی چوارشەمە سوورە پیرۆز بێت

ئەمڕۆ چوارشەمە، چوارشەمە سوورە. چوارشەمەی سەری نیسان جەژنێکی کوردستانە. جەژنی چوارشەمە سووری ئێزیدی واتای ئاینی و مێژووی هەیە. ئاینی ئێزیدی یەکێک لە ئاینە کۆنەکانی کوردستانە. چوارشەمە سووریش تایبەتمەندی ئاینی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی خۆی هەیە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جەژنی چوارشەمە سوور لە کۆمەڵگەی ئێزیدی و گەلی کورد و هەموو گەلانی کوردستان و ناوچەکە پیرۆز دەکات.

ئێمە هیواخوازین کە جەژن بە پێی واتاو بەهاو پیرۆزییە کۆمەڵایەتی و ئاینی و مێژووییەکانی خۆی، کاریگەریی پۆزەتیڤی لەسەر کۆمەڵگە هەبێت و ببێتە بنکە و مایەی ئاشتی و پێکەوەژیانی تەواوی گەلان.

لەم رۆژانەدا کە پێشوازی لە جەژنی چوارشەمە سوورە دەکەین، دوژمنان بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر گەلی کوردستان. باوەڕدارانی ئێزدیش بەشێکن لە ئامانجی ئەو هێرشانە. لە هێرشی سەر عەفریندا، گەلی ئێمەی ئێزدی زەرەر و زیانێکی  زۆری بەرکەوت. هێزەکانی تورکیا و هاوکارەکانی کە کەوتوونە ناو عەفرین، هەمان ئەقڵیەتی داعشیان هەیە. کردارەکانیان هەمان کردەوەکانی داعشن. دۆخی شەنگاڵ تا ئێستاش بە تەواوی جێگیر نییە، دیسان هەڕەشە لەسەر ئێزدیەکان هەیە. پێویستە بۆ پاراستنی گەلی ئێزدی، هەموو هێزو تەواوی گەلی کوردستان هۆشیار بن و خاوەندارێتی لە ئێزدیان بکەن.

نەیارانی گەلی کورد هەمانکات نەیاری هەموو کۆمەڵگە جیاواز و گەلە جیاوازەکانی ناوچەکەن. دوژمنان بۆ تێکدان و کاولکردن و قڕکردنی فیزیکی و کلتوریی هیچ سنوورێک ناناسن. لە هێرش و پەلامارەکانیاندا هیچ کام لەو گەل و کۆمەڵگە جیاوازانە نابوێرن.

هەربۆیە پێویستە گەلی کوردو سەرجەم گەلانی کوردستان، سەر بە هەر بیروباوەڕێک بن، بە هەستی بەرپرسیارێتیەوە کاربکەن و لە بەرامبەر دوژمنی داگیرکەرو دڕندە یەکگرتووبن و بجووڵێن. بۆ ژیانێکی بە حورمەت و پاشەرۆژێکی باشتر بە هەموو بەهاو پیرۆزیەکانی خۆیانەوە لە یەکێتیەکی پتەودا بن.

جەژنکردن بە ئازادی و بەختەوەریی، بە سەرکەوتن و ئازادی گەلی ئێمەوە بەستراوە. واتای جەژنی چوارشەمە سوورەش باوەڕی بەرپرسیارێتی لە ئێمە دەخوازێت.

بەو هیواو داخوازیەوە ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- ك ن ك، جەژنی چوارشەمە سوور لە  کۆمەڵگەی ئێزیدی و گەلی کوردو سەرجەم گەلانی ناوچەکە پیرۆز دەکەین.

ر.م