بە دیمەن

قەرەسوو: ڕێبەر ئاپۆ هێشتا ناتوانێت چالاکانە بەشداریی پرۆسەکە بکات، هەنگاوێکی دڵخۆشکەر نەنراوە

ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، موستەفا قەرەسوو ڕایگەیاند کە گۆشەگیریی ڕێبەر ئاپۆ کاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەکات و دەبێتە مایەی لاوازبوونی پرۆسەکە، گوتی؛ دەبێت دەوڵەت دەستبەجێ پێویستییەکانی پرۆسەکە جێبەجێ بکات.

ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، موستەفا قەرەسوو لە بەرنامەیەکی مەدیا خەبەردا، هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ڕووداوەکانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

یادکردنەوەی زیلان و عەلی حەیدەر قەیتان و شەهیدان

موستەفا قەرەسوو سەرەتا شەهید زیلان و شەهید گوڵان و شەهید سەما و شەهید هەڵمەت و شەهیدانی مانگی حوزەیرانی بیرهێنایەوە، هەروەها عەلی حەیدەر قەیتان (فوئاد) و شێخ سەعید و هەڤاڵانی بیرهێنایەوە، گوتی: "واتای هەڤاڵ فوئاد بۆ ئێمە زۆر مەزنە. هەڤاڵ فوئاد لە هەڤاڵە یەکەمینەکانی ڕێبەر ئاپۆیە. بەشداری کۆبوونەوەکەی بەنداوی چوبوکی کرد. لەو ڕۆژەوە تا ساتی شەهیدبوونی، بووبە شوێنکەوتەی ڕێبەر ئاپۆ و هێڵ و تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ، هەوڵیدا هێڵی ڕێبەر ئاپۆ بە باشترین شێوە بخاتە پراکتیکەوە، بۆ ئەمەش هەوڵ و تەقەلایەکی مەزنی هەبوو".

هەروەها جەختی کردەوە، هەڤاڵ فوئاد لە هەمووان باشتر لە ڕێبەر ئاپۆ تێگەیشت، تیشکی خستەسەر ڕۆڵی هەڤاڵ فوئاد لە پەرەپێدانی هێڵی فەلسەفیی و ئایدۆلۆژیی، گوتی: "هەردەم دەینووسی و داهێنانی دەکرد، لە بەڕێوەچوونی تێکۆشانمان لەسەر هێڵی ڕێبەرێتی، هەڤاڵ فوئاد ڕۆڵی مەزنی هەبووە لە خەباتی ئایدۆلۆژیی و پەروەردەییدا".

موستەفا قەرەسوو وتەیەکی ڕێبەر ئاپۆی سەبارەت بە عەلی حەیدەر قەیتان بیرهێنایەوە کە دەڵێت "لە خۆم باشتر لێم تێدەگەیشت"، ئاماژەی بەوە کرد هەڤاڵ فوئاد قاڵبوونەوەیەکی مەزنی لە فیکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا هەبوو، ڕۆشنبیرێک بوو، لە هەموو بوارەکاندا خوێندەوە و قاڵبوونەوەی هەبوو، گوتی: "لەمەودواش ئەم فیکر و هەوڵانەی هەڤاڵ فوئاد، وانەکانی لەسەر ڕێبەرێتی و مێژوویی پارتەکەمان، زۆر گرنگن بۆ تێگەیشتن لە پارتەکەمان و ڕێبەرێتی. ئەوانەی دەیانەوێت لە پارتەکەمان و ڕێبەرێتی تێبگەن، بێگومان بەر لە هەموو شتێک دەبێت ڕێبەرێتی بخوێننەوە و لێی تێبگەن، بەڵام دەبێت هاوشانی ئەمە هەڤاڵ فوئاد بخوێننەوە و لێی تێبگەن. لەبەرئەوەی ڕێبەر ئاپۆ لە زیندان بوو، هەندێک هەڵسەنگاندنی خۆی نارد، نووسینێکی نارد. سنوودار بوو. بەڵام بۆ گەیاندن و تێگەیشتن لەم نووسین و هەڵسەنگاندنانە، هەوڵەکانی هەڤاڵ فوئاد زۆر گرنگ بوون. دەبێت هەموومان بەباشی لە هەڤاڵ فوئاد تێبگەین و ئەوانیتریش تێبگەیەنین. دەبێت خۆشمان ئەمە بکەین".

قەرەسوو لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکانیدا تیشکی خستەسەر واتای چالاکییەکەی شەهید زیلان، ئاماژەی بەوە کرد شەهید زیلان تا ئەوپەڕی دڵسۆزی ڕێبەرێتی بوو، زۆر بەباشی لە واتای ڕێبەرێتی بۆ ئەم تێکۆشانە تێگەیشتبوو، گوتی: "بە چالاکییە فیداییەکەی هەڤاڵ زیلان، پێوەرەکانی فیداکارییمان بڵندتر بوون. ڕاستە، هەر لە سەرەتاوە فیداکاریی لەنێو ئێمەدا هەبووە. دەتوانم بڵێم، وتەکانی سەرەتای ڕێبەر ئاپۆ، گوزارشت لە فیداکاریی دەکەن، هەڵبەتە هەنگاوێکی وەهاش بوێرییەکی مەزنی دەویست. بزووتنەوەی ئاپۆچی، بزووتنەوەیەکی لەم جۆرەیە. بەرخۆدانی زیندان، بەرخۆدانی ١٢ ی تەمموز، بێگومان شەهیدانی ئەو بەرخۆدانە، لەنێو پەکەکەو تەڤگەری ئاپۆچییدا، فیداکارییان بڵندتر کرد. هاوڕێ زیلانیش هەڵوێستێکی وەهای نیشاندا، ئەم پێوەرانەی بڵندتر کردەوە. بۆیە، ڕۆڵی هەڤاڵ زیلان لە بڵندکردنەوە و بەرفراوانکردنی پێوەرەکانی فیداکاری زۆر مەزن بوو، هەروەها لە هێڵی ئازادیی ژندا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو. ڕێبەر ئاپۆ بە شەهیدبوونی زیلان، هێڵی ئازادیی ژنی قووڵتر کردەوە، بۆ ئەوەی تێکۆشانی ژنان واتادارتر بکات، قورسایی زیاتری خستەسەر هەڵسەنگاندنەکان دەربارەی ئازادیی ژن، نزیکایەتییەکی لەم جۆرەی گرتەبەر. بۆیە بە ڕێز و سوپاسەوە یادی شەهید زیلان بەرز ڕادەگرین".

شێخ سەعید و هەڤاڵانی

هەروەها موستەفا قەرەسوو لە درێژەدا شێخ سەعید و هەڤاڵانی بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی تراژیدیایەکی گەورەیە لە مێژووی گەلی کورددا، گوتی: "وتەکانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی لەبەردەم پەتی سێدارەدا هێشتا لە گوێی هەمووماندا دەزرنگێنەوە. بە وڵاتپارێزیی و بوێریی و ئیرادەیەکی مەزنەوە، لەبەردەم پەتی سێدارەی داگیرکەراندا، لەبەردەم ئەوانەی بەنیازبوون کوردان لەناوبەن، بچوکترین لاوازیشیان نیشان نەدا. ئەمە زۆر گرنگ بوو، هەرگیز لەبیر ناکرێت".

هەروەها جەختی کردەوە، هەڵوێستەکانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی ناڕەزایەتییەک بوو دژی دابەشکردنی کوردستان لەڕێگەی پەیماننامەی لۆزانەوە، ناڕەزایەتییەک بوو دژی نکۆڵیکردن لە کورد؛ دووپاتی کردەوە، پەکەکە لە تێکۆشانی خۆیدا ئیلهامی لەم هەڵوێست و ئیرادەیە وەرگرتووە، وەک بەهای گرنگ سەیری کردوون، گوتی: "کاتێک ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٧٢ هێشتا لە زینداندا بوو، بیری لەوە کردەوە، بۆچی دەنیز و ماهیر هەر زوو کوژران، لەسێدارەدران و شەهیدکران. گوتی: "دەبێت تێکۆشانێکی وەها بکەین، کە چیتر ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕییانە، ئەم هەڵوێستە شۆڕشگێڕییانە، هێندە بە زوویی تەسفیە نەکرێن". ئەمە زۆر گرنگ بوو. بۆیە بەرخۆدانی شێخ سەعید و هەڤااڵانی بۆ ئێمە هەم بەهایەکی زۆر مەزنە، هەم ئەزموونێکی مەزنە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئەزموونانە ئێمە دەگەین بە ڕاستی. ئەگەر ئەزموون لە مێژوو وەرنەگرین، بەدرووستی هەڵسەنگاندن بۆ کێماسییەکانی نێو مێژووی خۆمان نەکەین، ئەوا ناتوانین تێکۆشانێکی سەرکەوتوو بکەین. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ، ڕەوشە نەرێنییەکانی نێو مێژووی کوردی هەڵسەنگاندووە. بەتایبەت پاش نکۆڵی، چونکە سیاسەتی ٢٠٠ ساڵی ڕابردوو بە سیاسەتی نکۆڵی تێپەڕی. سیاسەتی لەناوبردن بەڕێوەبرا. هەڵسەنگاندنی ئەمە زۆر گرنگ بوو. لێرەدا هەم هەڵسەنگاندن بۆ دوژمن دەکەین، هەم هەڵسەنگاندن بۆ خۆمان دەکەین. پەکەکە لە هەنگاوی سەرەتاوە کێماسییەکانی کوردی هەڵسەنگاند، بەم جۆرە خۆی تۆکمە کرد و دژی داگیرکاری و قڕکردن، تێکۆشانێکی بەهێزی کرد. بۆیە تێکۆشانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی، ئەو بەهایانەی ئافراندیان، هەڵوێستەکانیان، لێرە بەدواش هێز دەبەخشێتە تێکۆشانمان، وە دەبێتە سەرچاوەی سەرکەوتنی ئەم تێکۆشانە. ئەمە کەڵەکەکردن و ئەزموونی مێژوویی ئێمەیە".

کۆمەڵکوژی سێواس

موستەفا قەرەسوو بە ڕێز و سوپاسەوە ئەو ڕۆشنبیر و هونەرمەند و شۆڕشگێڕ و دیموکراسیخوازانەی بیرهێنایەوە کە ٢ ی تەمموزی ١٩٩٣ لە سێواس کوژران و ڕایگەیاند ئەمە یەکێکە لە ڕۆژە ڕەشەکان لە مێژووی تورکیادا، چونکە ئەم کەسانە بەزیندوویی سوتێنران، ئەمەش ڕاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە تورکیا دەردەخات، کێشەکان پیشان دەدات، ئاماژەی بەوە کرد تێکۆشانی تەڤگەری ئازادیی کوردستان لەوکاتەدا زۆر بەهێز بوو، گەنجانی کورد و تورک و عەلەویی بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداریی ئەم تێکۆشانەیان کرد و بەدەمەوەهاتنی کۆمەڵگەی عەلەویی بۆ ئەم تێکۆشانە مەزنتر بوو؛ گوتی: "کۆنتراگەریلا و دەوڵەت ئەمەیان بینی، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی عەلەوی، بەتایبەت کۆمەڵگەی عەلەویی کورد لە تێکۆشانەکەمان دووربخەنەوە، ئەم کۆمەڵکوژییەیان ئەنجامدا. دەبێت وەها لەم کۆمەڵکوژییە تێبگەین. باشترین زەمینەش بۆ ئەمە سێواس بوو. لە سێواس گرژیی عەلەویی_سوننی هەبوو، بۆیە بێ‌متمانەیی و پێشداوەریی لێرە هەبوون. من تا تەمەنی ١٦_١٧ ساڵی لەوێ ژیاوم. ڕەنگە هەموو ڕۆژێک بەبەردەم هۆتێلی مادیماکدا گوزەرم کردبێت. واتە بەڕاستی ئاشنای سێواسم. چۆن لە پڕێکدا کۆدەبنەوە و مرۆڤەکان دەسووتێنن؟ پێویستە مرۆڤ لەسەر ئەمە ڕاوەستە بکەن. ئەمە ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی، سیاسییە. گەر ئەمە نەگۆڕێت، ڕەنگە شتی لەم شێوەیە دووبارە ببێتەوە. تا تورکیا بە تەواوەتی دیموکراتیک نەبێت، تا دیموکراسی و ئازادی نەیەتەدی، کۆمەڵکوژی لەم جۆرە هەردەم دەقەومێن. بۆ ڕێگری لەمە، دەبێت مرۆڤ بەشداربن لە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسیی لە تورکیا. ئەوەی عەلەوییەکان لە ڕەوشێکی وەها ڕزگار دەکات و دەیگەیەنێت بە ئازادی باوەڕ، تێکۆشانی دیموکراسییە، تێکۆشانی دیموکراتیکی ڕێکخراوە، بەشداربوونە لەم تێکۆشانەدا. بۆ عەلەوییەکانی ئەم سەردەمە، باشترین عیبادەت، بەشداربوونە لە تێکۆشانی دیموکراسی. دەبێت ئەم وانانە لە کۆمەڵکوژیی ساڵی ١٩٩٣ـەوە وەربگرین".

هەروەها تیشکی خستەسەر پرسەی موحەڕەم و گوتی: "ڕووداوی کەربەلا و هەڵوێست بەرانبەر کەربەلا ڕووداوێکە کە کاریگەری لەسەر هەڵوێست و فیکر و پراکتیکی عەلەوییەکان دەکات. ئەگەر ئەمڕۆ تێکۆشانی دیموکراسیی عەلەوییەکان هەیە، سەرچاوەی ئەم مەیلە بۆ تێکۆشانی دیموکراسی، دەگەڕێتەوە زیندووهێشتنەوەی ناڕەزایەتییەکەیان دژی ستەمی کەربەلا، پاراستنی ناڕەزایەتییەکەیانە دژی ئەم ناحەقییە".

هەروەها گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ ئەناڵیزێکی هەبوو لەسەر هەڵوێستی ئیتیحاد و تەرەقی بەرانبەر عەلەوییەکان. هەندێک کەس ئەم ئەناڵیزەیان لە ڕاستی خۆی دوورخستەوە و ناڕەزایەتییان نیشان دا. ئەم هەڵوێستە ڕاست نییە. ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرەکەمان، پشتیوانییەکی مەزنی کردووە لە تێکۆشانی باوەڕی عەلەوییەکان. بەبێ هیچ چاوەڕوانی و نیازێک ئەم هاوکاریی و پشتیوانییەی کردووە. چونکە ئێمە تەڤگەری هەموو چەوساوەکانین، تەڤگەری هەموو ئەو کەسانەین کە پێویستیان بە دیموکراسی و ئازادییە".

هەوڵدەدرێت عەلەوییەت لە جەوهەری خۆی دووربخرێتەوە

قەرەسوو ئاماژەی بەوە کرد هەوڵدەدرێت عەلەوییەتی لە ڕێگە و جەوهەری ڕەسەنی خۆی دووربخرێتەوە، لە تورکیا دەگوترێت کە ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ ئاسیای ناوەڕاست و ڕیشەکەی تورکی عەلەوییە، لەم بارەیەشەوە تیۆر درووست دەکەن، گوتی: "تیۆری لەم جۆرە هەبوون، دەگوترا "ئێمە لە خۆراسانەوە هاتووین، ئێمە تورکی ڕاستەقینەین". هەمووان ئەمە دەزانن. بەڵام هەڵوێستی لەم جۆرە عەلەوییەتی لە جەوهەرە ڕەسەنەکەی دووردەخاتەوە. عەلەوییەتی پێش ٢٠٠ ساڵ بە جەوهەری ڕەسەنی خۆی دەژیا. لەماوەی ئەم ٢٠٠ ساڵەدا، هەموو هێرشێک کرا، هەوڵدرا عەلەوییەتی ئەسیمیلەبکرێت و بگۆڕدرێت، لەنێو سوننەگەراییدا بتوێنرێتەوە، یان وەک بەشێک لە پەردەپۆشکردنی قڕکردنی کوردان بەکاربهێنرێت. ئەمە ڕاستییە، بە بڕوای من، لایەنە عەلەوییەکان و دۆست و ڕێکخراوە عەلەوییەکان، گوێ بەم چەواشەکارییانە نەدەن. پراکتیکی ٥٠ ساڵی تێکۆشانی ئێمە هەیە، بەهای خۆمان هەیە، هەڵسەنگاندنمان هەیە، وتە و بۆچوونی خۆمان هەیە. دەبێت ئەم بۆچوون و سەرنجانەی ئێمە لەبەرچاو بگیرێن".

دەربارەی پرۆسەکە و گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ

لە درێژەدا موستەفا قەرەسوو گوتی: "پێویستە ئەوە بڵێین گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ بە ئێستاشەوە بەردەوامە. ڕاستە وەک پێشوو نییە و هەندێک دیدار ئەنجام دراوە، بەڵام ئەمە هەموو شتێک نییە و بەمانای کۆتایهێنانی گۆشەگیری نایەت. بۆیە دەڵێین گۆشەگیری ئیمراڵی بەردەوامە. لەبەرئەوەی لە ١٠ ساڵی کۆتاییدا گۆشەگیری ڕەها لە ئارادابوو، بۆیە بەم دواییە بە ئەنجامدانی هەندێک دیدار، دۆخەکە بەشێوەیەک تەماشا دەکرێت وەک ئەوەی گۆشەگیری کۆتای هاتبێت. بەڵام شتێکی لەو شێوەیە بوونی نییە.ل هێشتایش پارێزەران. بنەماڵەکان لەوکاتەی دەیانەوێت دیدار بکەن ڕێگەیان پێنادرێت. ئەم شتێکی ڕوونە. بنەماڵەی زیندانی گرتووخانەکانی دیکە ١٥ ڕۆژ جارێک دەتوانن بچنە سەردان، هەروەها پارێزەریش دەچن. لە بۆنەکاندا دەچن و دیداری کراوە ئەنجام دەدەن. بەڵێ لەم دواییەدا دیدارێکی کراوە ئەنجام درا، بەڵام هێشتا گۆشەگیری لانەبراوە. لەلایەکی دیکەوە ڕێبەر ئاپۆ لە ١ـی تشرینی یەکەم وەڵامی داواکەی باخچەلی دایەوە و دەستپێشخەرییەکی وەرگرت و هێنایە ئاراوە. پرسی کورد بنەڕەتیترین پرسی تورکیایە. پرسێکی ئەوەندە بنەڕەتی هەیە کەچی موخاتەبی ئەم پرسە بنەڕەتییە کە دەوڵەت خۆی قبوڵی کردووە، هیشتا لە گۆشەگیریدایە. ناتوانێت لەگەڵ سیاسەتەمەدارن کۆببێتەوە. گەر دەوڵەت چارەسەری دەوێت دەبێت دەرگا بەڕووی ڕێبەرێتییدا بکاتەوە. دەرفەتی ئەوە بڕەخسێندرێت بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. گرنگی ئەم شتە لەبەرچاوە. بەتایبەت لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا بەگرنگ وەرگیراوە و خواست هەیە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا دیداری ئەنجام بدرێت. بەڵی خواستێکی زۆر هەیە. لەماوەیەکی نزیکدا دێنە تورکیا و ویستیانە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا دیدار بکەن (مەبەست لە شاندە ٣٩ کەسییەکەی ئەرووپایە کە ڕۆژی ١-١٢ـی تەمموز هاتنە تورکیا و کۆمەڵێک چاوپێکەوتنیان کرد و داواکارییان بۆ بینینی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەش کرد، ڕێبەر ئاپۆیش بە پەیامێک سوپاسی خۆی بۆ دەربڕین). ڕۆژنامەوان، سیاسەتەمەدار... ویستیان دیدار بکەن. چەندین کەس ئەم خواستەی هەیە و دەیانەوێت لە نزیکەوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دانیشن و لێی تێبگەن و وەڵامەکانیان وەرگرن. بەڵام بەئێستایشەوە دۆخێکی لەم جۆرە نەڕەخسێندراوە. بۆیە پێویستە لە تورکیادا بەتایبەت هێزە چەپەکان دەبێت هەوڵدانی زیاترییان هەبێت و داواکاریی دیداری ئیمراڵییان هەبێت. چونکە پرسی کورد پەیوەندی بە داهاتوی تورکیاوە هەیە. تا ئەم پرسە چارەسەرنەکرێت فشار لەسەر چەپ و دیموکراسیخوازەکان کۆتای نایەت. ئەوەی لەسەر تورکیا هەیە و فشارەکانی تورکیا لەسەر هەموو لایەنەکان بوونی هەیە  و هۆکاری درووستبوونی ئەو ژینگەیە چیە، وەڵامی هەموویان پرسی کوردە. پێویستە هەموو کەسێک ئەمەی زانیبێت و بەم پێیە بجوڵێتەوە. جگە لە دەربڕینی خواستی ئازادی، دیموکراسی، سۆسیالیستی هەر شتێکی تر بگوترێت هیچ نییە جگە لە خۆفریودان. بۆیە باوەڕم وایە دەبێت هەمووان و بەتایبەت سۆسیالیست، ڕۆشنبیر دواکانیان بۆ بینینی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر بکەن".

- ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازییەکی مێژووی کرد، ئێوەیش وەک تەڤگەر کۆنگرەی خۆتان بەست و وەڵامتان دایەوە، بەڵام سیستەمی ئیمراڵی هێشتا درێژەی هەیە. ئایە کاریگەری ئەمە لەسەر پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی چییە؟

هەروەها قەرەسوو گوتی: "پرسیارێکی گرنگە. دەستپێکی ئەم پرۆسەیە چۆن بوو؟ بانگەوازی باخچەلی هەبوو بانگەوازی لە ڕێبەر ئاپۆ کرد و گوتی، 'بابێتە پەرلەمان و لە فراکسیۆنی دەم پارتی قسەکات، ڕێکخستنەکەی هەڵوەشێنێتەوە، کۆتای بە تێکۆشانی چەکداری بهێنێت'. ڕێک ئەمەی گوت و دواتریش گوتی، 'با لە مافی هیوایش سوودمەند بێت'. ئەمە قسەی باخچەلییە. بانگەوازییەکەی باخچەلی لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە جێبەجێ کرا. بەڵام ئەو بەڵێنەی باخچەلی پەیوەست بەو بابەتانەوە هیچی جێبەجێ نەکرا، بۆیە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک یان ئەوەی دەوڵەت پێی دەڵێت خوشک-برایەتی کورد و تورک زۆر بەرەوپێش ناچێت. شتەکە بەم شێوەیە نابێت. لەکاتێکدا پرسی کورد پرسێکی جددییە، گەر دەوڵەت باخچەلی ئەم پرسەی زۆر جددی وەرگرتووە و بانگەوازییەکی لەو شێوەیەی کرد، بابەتەکە ئەوەندە جددییە ئەوکات دەبێت نزیکایەتی جددی هەبێت و هەنگاوی پێویست بنرێت. بەڕاستی ئەو دۆخەی ڕێبەر ئاپۆیی تێدایە کاریگەری لەسەر پرۆسەکە دەکات، سستی دەکات. هەروەها دەبێتە هۆکاری ئەوەی چەندین لایەن نەتوانن بە تاوەتی لە پرۆسەکە تێبگەن. هەڵبەت پێویستە هەموو کەسێک و بەتایبەت دەوڵەت هەوڵی جددی بدەن بۆئەوەی ئەم پرۆسەیە بەتەواوەتی ڕوونبێتەوە. ڕێگەی ئەمە چییە؟ بێگومان پێکهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە. جێبەجێ کردنی مافی هیوایە. ئافراندنی دەرفەتی کارکردنی ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە. ڕوونە هەموو ئەمانە کاریگەری دەبێت و بێگومان کاریگەری لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی دەکات. پێویستە ئەمانە بە ڕوونی بکرێت و گەر لەم بابەتەدا بە جددییەتەوە لە پرۆسەکە دەڕوانن، بێگومان دەبێت پێویستییەکانی جێبەجێ بکەن.

- پەیوەست بە پرۆسەی ئێستا دەتانەوێت چی بڵێن و نزیکایەتی دەسەڵات لە پرۆسەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

پەیوەست بە ئاستی پرۆسەکە؛ قسەدەکرێت 'ئایە گەیشتووە یا نەگەیشتووە بە بنبەست'؟ مشتومڕێکی لەم شێوەیە هەیە. ئێمە ناڵێین گەیشتووە بە بنبەست. ویستمانە پەرەی پێبدەین. بەڵام هەڵبەتە ئەوەی وایکردووە باس لە 'بنبەست' دەکرێت هۆکاری هەیە. ئەوەی ئەم دۆخەی خوڵقاندووە دەسەڵاتە. بێگومان ئێمە نزیکایەتی لەو شێوەیەمان نییە و هیچ شتێکمان نییە بۆ لاوازکردنی پرۆسەکە. بەڵام ئەم پرۆسەیە پێویستی بە کارەکتەر، دیالێکتیک ولایەنەکانی ڕەخساندنی هەیە. ناتوانرێت بگوترێت، 'هیچ شتێک ناکەین، یانیش وەک پێشووبێت'. گەر ویستی چارەسەرکردنی پرسێکی ئەوەندە گەورە هەیە، پێویستە عەقڵێت و سیاستە بە شێوازەکانیشەوە بگۆڕدرێت. پێویستە نزیکایەتی و قسەی نوێ هەبێت. بەڕاستی هێشتا ئەم نیازە لەناو دەسەڵاتدا نابینین. بەڵی ئەوەی تا ئێستا دەگوترێت پرۆسەکە نەگەیشتووە بە بنبەست و دەم پارتی ڕاگەیاندراوی لەم شێوەیەی هەیە، هۆکاری ئەمە نزیکایەتی ڕێبەرێتییە. ڕێبەرێتی ویستێتی ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت. بەڵام لە ڕاستییدا هەوڵدان، نیاز و ڕەنجی ڕێبەرێتیش تا ڕادەیەک بڕ دەکات. هەرخۆی خۆیان دەیانگوت پرۆسەکە هەوڵی هەردوولای پێویستە و 'بەباڵێک نافڕێ'. پێویستییەکانی پرۆسەکەمان جێبەجێ کرد، کۆنگرەمان بەست و کۆتای بەو کار و چالاکییانە هێندرا کە لەژێر ناوی پەکەکە دەکران و کۆتایمان بە تێکۆشانی چەکداری هێنا. وەک ئەوەی هەڤاڵ بەسێیش ئاماژەی پێدا، مەگەر ئیتری چییان دەوێت؟ چەک دانرا یا دانەنرا؟ لە جیهاندا شتێکی لەم شێوەیە هەیە؟ کوا تۆ کام یاسایەت دەرچواند، کام گەرەنتیت داوە؟ لە جیهاندا نزیکایەتی لەم شێوەیە بوونی نییە.هەرخۆی ڕێبەر ئاپۆ بۆئەوەی پێش بە پرۆسەکە بکاتەوە هەموو ئەوانەی کرد کە لە جیهاندا بوونی نییە لە پێناو پرۆسەکەدا، گوتی، 'کۆتای بە تێکۆشانی چەکداری دەهێنین'. گوتی، 'کۆتای بە ڕێکخستن دێنین'. لە جیهاندا تا ئێستا شتێکی لەم جۆرە لە پراکتیکی شەڕ و چارەسەری نییە. هەموو ئەمانە هەڵوێست و دەستپێشخەری ڕێبەر ئاپۆیە کە ئافرێندراوە و لە پێناو پێشکەوتنی پرۆسەکەیە. ئەوکاتە ئەوەی پێویستی پرۆسەیەکە دەبێت دەوڵەتی تورک ئەنجام بدات. لە ڕۆژانی سەرەتادا هەندێک کەس لە تیڤییەکانەوە قسەیان کرد. بەڵی باسیان لەوە دەکرد، دوای فەسخکردنی پەکەکە، کۆتایهێنان بە تێکۆشانی چەکداری پێویستە یاسا دەربچوێندرێت، چۆن سیاسەت بکەن و بەشداری سیاسەت بن، چی بەسەر تێکۆشەرە چەکدارەکاندا دێت؟ دەیانگوت، 'دەبێت دەوڵەت لەم بابەتەدا هەنگاوبنێت.' ئەم قسانەیان بیردێنمەوە. بەم شێوەیە نابێ؛ وە چەکدانی بزان چی دەبێت؟. دەیەوێت بڵێت لەگەڵ گورگدا نەرمبە. شتێکی لەم جۆرە ڕێی تێناچێت. مرۆڤە و خاوەنی مافی پارێزگاریکردنی لە خۆهەیە. بۆیە ئەم مشتومڕانە بۆ تەمومژرکردن، ژەهراویکردنی دژبەرەکییە لە پرۆسەکە. ئەو کاتە دیارە کە نایەوێت. بەم شێوەیە شتەکە لێکەدەینەوە. بۆیە دەبێت هەموو کەسێک بەشێوەیەکی درووست لە پرۆسەکە نزیک بێتەوە و هەڵوێستی راست نیشان بدات.

لە ڕاستییدا ئەوەی پێویست بێت بکرێت لە ئارادا نییە. هەم بوونی نییە و هەمیش لەولاوە پێش هەمووی داوکارییان لێمان هەیە. باشە، دەم پارتی لەگەڵ وەزارەتی دادی تورکیادا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر چی قسەکرا؟ بە ئەگەرێکی زۆرەوە قسە لەسەر دۆخی زیندانی نەخۆش کراوە، بەڵی بەوشێوەیەیە. دۆخێکی لەناکاوە. هەروەها دۆخی ئەو زیندانیانە هەیە کە بەردانیان دواخراوە. مەگەر شتێکی لەم جۆرە دەبێت؟ نایاساییە. دادگای کراون ئیتر ئەم دادگایکردنەوە چییە؟ ئەمە مەحکومکردنەوەیی دووەمینە. مەگەر شتی لەم جۆرە دەبێت؟ هەرخۆی ئەو سزایەیی بۆی بڕاوەتەوە تەواوی کردووە. هەرخۆی ئەو کاتەی دادگای کراوە هیچ پێوانەیەکی 'کەمکردنەوەی سزا' جێبەجێ نەکراوە. شتێکی لەوشێوەیە نییە. شتێکی لەم شێوەیە نابێت. پێویستە ئەم سەرلەنوێ دادگایکردنەوەیە لاببرێت. لە جیهاندا شتێکی لەم شێوەیە بوونی نییە. ئەمە بەتەواوەتی هەڵوێستێکی سیاسییە.

لە ئێستا دەگوترێت، پێویستە لەگەڵ ئەردۆغانیشدا کۆبوونەوە بکرێت. هەمووکاتێک ویستوومانە بە گەشبینییەوە نزیک ببینەوە و هاندەرین. هەرخۆی شتێک لە ئارادا نییە. بەڵام ئێمە هاندەرین. لە کاتێکدا کۆبوونەوەی لەم شێوەیە ئەنجام دەدرێت بێگومان ئەرێنییە و ویستی ئێمەیش ئەمەیە. باس لەوەدەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجام دەدرێت. بەڵام لە ئێستادا هیچ هەنگاوێک نییە کە ببێتە جێگەی گەشبینی. لەم ڕووەوە هیچ کەموکوڕییەک لە هەڵوێستی ئێمەدا نییە. ڕوونین. بەڵام ئەوەی پێویستە ئەو پێیویستییانە جێبەجێ بکات بێگومان حکومەتە.

- پاش بانگەوازەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، ئاگربەستتان ڕاگەیاند. ٤ مانگە درێژە بەم ئاگربەستە دەدەن. بەڵام سوپای تورک چەکی کیمیایی و چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت و هێرش دەکاتە سەر گەریلا. هەپەگە لەم ڕۆژانەدا لەم بارەیەوە، ڕاگەیاندراوێکی گرنگ و بەرفراوانی دا. چۆن لە پێداگریی دەسەڵات لەسەر هێرشی سەربازیی تێبگەین؟

لەبەرئەوەی بانگەوازەکە بۆ وەستاندنی تێکۆشانی چەکداری بوو، تەڤگەرەکەمان پێش کۆنگرە ئاگربەستی ڕاگەیاند. چالاکی ناکات و پلانی هیچ چالاکییەکی نییە. کۆنگرە ئەنجامدرا، بڕیاردرا بۆ کۆتاییهێنان بە کار و چالاکی لەژێر ناوی پەکەکە، بڕیاردرا بۆ کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری، لەگەڵ ئەمەدا، درێژەدان بە هێرشەکان، بە ئاشکرا پرۆڤۆکاسیۆن و هەوڵی تێکدەرانەیە. مەگەر وەها دەبێت؟ کێ قبووڵی دەکات؟ کام بەرپرسی حکومەت قبووڵی دەکات، یان بەرپرسێکی دەوڵەت و سیاسەتمەدارێک قبووڵی دەکات؟ مەگەر شتی وا دەبێت؟ بێگومان مرۆڤەکانی ئەوێ پارێزگاری لە خۆیان دەکەن. تۆ دەچیت بۆ کوشتنیان. گازی کیمیایی و چەکی قەدەغەکراو لەدژیان بەکاردەهێنیت. ئەمە ڕەوشێکی زۆر جدییە. وەها هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین. بەشێک لەناو دەوڵەتدا هەن، دەیانەوێت پرۆسەکە تێکبدەن. واتاکەی ئەمەیە. بۆچی هێرش دەکەیتە سەر ئەو مرۆڤانە؟ هیچ چالاکییەک نییە، هەوڵی چالاکی نییە. بێگومان ئەمە دەبێتە مایەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی لەنێو کۆمەڵگەدا، مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی هەموو کەسێکە. بەڵێ، ئێمە دەڵێین هەندێک کەسی نێو دەوڵەت، هەوڵی تێکدانی پرۆسەکە دەدەن، بۆیە دەبێت دەوڵەت و حکومەتیش کە پرۆسەکە بەڕێودەبەن، دەستوەردان لەم شتانە بکەن، تەنها تەماشا نەکەن. ئەمە بۆچوونی منە.

- نیگەرانی لایەنە دۆستەکان پەیوەست بە دەسەڵات بەردەوامە. ئایا ئەم نیگەرانییانە گەیشتوون بە ئێوەش؟ کام سیاسەتانەی دەسەڵاتی ئاکەپە دەبنە هۆکاری مانەوەی ئەم نیگەرانییانە؟ ئایا بڵاوکردنەوەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ، هەڵوێستێکی گونجاوە؟

شتانێک هەن کە دەبنە مایەی نیگەرانی لای کۆمەڵگە و لایەنە دۆستەکان. بۆیە نابێت بڵێین بۆچی نیگەران دەبن. زیندانیانی نەخۆش ئازاد ناکرێن، بۆ مردن جێدەهێڵرێن. کەسانێکیش دەخرێنە زیندان، هەڵدەکوتنە سەر ئۆپۆزیسیۆن، ڕۆژنامەنووسان دەخرێنە زیندان. هەرچەند هەنگاوی گرنگمان ناوە، شتانێکی زۆر گرنگمان کردووە، کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری، کۆتاییهێنان بە کار و چالاکی لەژێر ناوی پەکەکە، ئەمانە زۆر گرنگن. بەڵام کاتێک لەگەڵ ئەمەدا، دەوڵەت و حکومەت هەنگاونانێن، بێگومان دەبێتە سەرچاوەی نیگەرانی. لەنێو گەل و دۆستاندا، نیگەرانی سەرهەڵدەدەن. لەم نیگەرانییانە تێدەگەین. بەڵام تەنها نزیکبوونەوە بە گومان و نیگەرانییەوە بەس نییە. ڕاستە، گەلەکەمان و دۆستەکانمان دەتوانن گومان و نیگەرانیان هەبێت. بەڵام گرنگتر لەوە، خاوەندارییە لە پرۆسەکە، تێکۆشانە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە. دەبێت ئەمە بکرێت. جمووجووڵی پڕ لە گومان و نیگەرانی، ڕێگە لە تێکۆشان دەگرێت، دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم هەوڵەکاندا، دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم بەشداری گەرموگوڕ و بەجۆشدا. پێویستە بەشدارییەکی گەرموگوڕ و بەجۆش لەم پرۆسەیەدا بکەین. دەبێت بە ڕێکخستن و تێکۆشانێکی چالاکەوە هەنگاوبنێین، فشارێکی کۆمەڵایەتی لەسەر دەوڵەت و حکومەت بئافرێنین. ئەمە ئەرکی ئێمەیە. قسەی لەم جۆرە بەس نییە، دەبێت ڕەخنە بکەین و ڕەخنەشمان هەیە، ڕەخنەشمان گرت، بەڵام هەر بوترێت بۆچی هەڵوێستی دەوڵەت بەگوێرەی پێویست نییە و بۆچی هەنگاونانێت، هەڵەیە و کەموکورتە. دەبێت تێکۆشان بکەین. دەبێت تێکۆشانی دیموکراتیک و ڕێکخراو بئافرێنین، دەبێت پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەنێو تەواوی کۆمەڵگەدا بڵاوبکەینەوە، بیگۆڕین بۆ فشارێکی کۆمەڵایەتی و فراوانتری بکەین.  بەم شێوەیە ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین. ئەمە تەنها کاری حکومەت نییە. ئەگەر کۆمەڵگەی خاوەنداری لێ نەکات، سیاسەتی دیموکراتیک خاوەنداری لێ نەکات، هێزە سۆسیالیستەکان خاوەنداری لێ نەکەن، ئەگەر هێزێکی کۆمەڵایەتی وەها لەپشت پرۆسەکە نەبێت، ئەوا دەکرێت دەوڵەت و دەسەڵات ئەم بابەتە وەک ئامراز و کەرەستەیەک بۆ خۆیان بەکاربهێنن. پێشتر شتی وا هەبووە. بۆیە تەنها بڵاوکردنەوەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بەڕاستی هەڵوێستێکی کەموکورتە. هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە، ژن و گەنج و عەلەوی و کرێکار و ڕەنجدەر و سۆسیالیست و ئیکۆلۆژیست، دەبێت هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە ڕێکخراو بکرێن، دەبێت هەمووان خاوەنداری لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بکەن و فشار لە حکومەت و دەوڵەت بکەن. دیموکراسی وەها پێشدەکەوێت. دیموکراسی بەرئەنجامی ململانێیە. واتە بە تێکۆشان و داخوازیی کۆمەڵایەتی، بە ڕێکخستن و چالاککردنی داخوازییەکانی کۆمەڵگە، ئەمە دێتەدی. ڕێبەر ئاپۆ گوتی، "زمانی دیموکراسی، چالاکییە". مەبەست لە چالاکی، چالاکی چەکداری نییە. چالاکی دیموکراتیکە. چەندین ڕێ و ڕێبازی چالاکی دیموکراتیک هەن. کاتێک ئەمە ڕووبدات. ئەوکات دەتوانین باس لەوە بکەین کە تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیی ئەنجام دەدەین، دەتوانین بڵێین خاوەنداریمان لە پرۆسەکە کردووە. بێجگە لەمە، نابێتە هەڵوێست و نزیکایەتییەکی ڕاست. نابێتە هەڵوێستێکی دیموکراتیک. مرۆڤە دیموکرات چاوەڕێ ناکەن، بەڵکو خۆیان ڕێکدەخەن، هەنگاودەنێن، خواست و هەوڵی گۆڕانکارییان هەیە. هەوڵدەدەن یاساکان بگۆڕن. بۆیە بانگەواز لە هەمووان دەکەین لەدەوری بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک خۆیان ڕێکبخەن و تێکۆشانێکی وەها ئەنجام بدەن.

پەیوەست بە فشارەکانی دەسەڵات لەسەر ئۆپۆزسیۆن و هەوڵە ئاژاوەگێڕییەکان

- ئۆپەراسیۆنە دەستبەسەرکردنەکانی دەسەڵات لە دژی جەهەپە بەردەوامە و لەگەڵیدا سەپاندنی قەیوم بەسەر شارەوانییەکانی جەهەپە بووە جێگەی باسوخواس. لەم دۆخەدا تا چەند دیموکراتیزەکردنی تورکیا دێتە ئاراوە؟

پرسی کورد پرسی دیموکراتیزەکردنی تورکیایە. دیموکراتیزبوونیش پرسی تێکۆشانە. وەک ئەوەی گوتم، شتەکە تەنها بە چاوەڕوانیکردنی لە دەوڵەت نابێت. بێگومان زەحمەتە مرۆڤ مانایەک بدات بەم هەوڵدانانەی دەوڵەت. یانی لەڕووی بانگوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە قسەدەکەم، لەبەرئەوەی لە هەموو جێگەیەکی جیهان، لە پرۆسەی شەڕ-چارەسەریی سیاسیدا دەسەڵاتدار، حکومەت، ئۆپۆزسیۆنەکان هەوڵدەدەن پشتگیری کۆمەڵایەتییان بەهێز بکەن، هەوڵدەدەن پشتگیری سیاسییان بەهێز بکەن. بەم شێوەیە دەیانەوێت پرسەکان چارەسەر بکەن. ئەمە پێوانەیەکی گشتییە. هەموو کەسێک ئەمەی دەوێت. ئەوەی پێویستە ئاکەپە و مەهەپەیش بیکات خوڵقاندنی دۆخێکی لەوجۆرەیە لەناو هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکاندا بە جەهەپەیشەوە پشتگیری لە پرۆسەکە بکەن. بەڕاستی بەم پرسی دەستبەسەرکردنانەوە پشتگیرییەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ پرۆسەکە لاواز دەکەن. دۆخێکی وا دەخوڵقێنن ببێتە ڕێگر لە پشتیوانی. هەوڵوێسێکی دژ بەخۆیان دەگرنەبەر. بێگومان ئەم هەڵوێستە دژە خۆیانە کاریگەرییەکی پێچوانەی دەبێت. ئۆپۆزسیۆنیش بەخۆی دەڵێت، ئەوەندە هێرش هەیە، کردەوەی دژە دیموکراتیکی هەیە، کەواتا چارەسەری چۆن پێکدەهێندرێت. ئەوان دەتوانن بەم شتە بڵێن ناحەقییە؟ بۆیە بەڕاستی هەڵوێست و نزیکایەتییەکی درووست نیە ئەمەی دەکرێت  و وادەکات دڵسۆزی بە پرۆسەکە ببێتە جێگەی مشتومڕ. لەسەر ئەم بابەتە دەتوانم ئەوە بڵێم.

- هەندێک لایەنی ئۆپۆزسیۆن کاتێک ڕەخنەی هێرشەکانی ئاکەپە لەسەر جەهەپە دەکەن، دەڵێن 'لە ڕۆژهەڵات دیموکراسی، لە ڕۆژئاوا فاشیزم نابێت'. دیموکراسی گەیشتووە بە کوردستان؟ بە ڕەتکردنەوەی چارەسەری پرسی کورد دیموکراسی دەتوانێت بێتە تورکیاوە؟

هەڤاڵ بەسێیش وەڵامی ئەم بابەتەی دایەوە، گوتی، تا لە تورکیادا فشار و فاشیزم هەبێت، ئەوا دیموکراسی لە کوردستاندا بوونی نابێت. بەڵی بەوشێوەیەیە. گەر دیموکراسی بهێدرێتە ئاراوە ئەوا دەبێت لە کوردستان و تورکیایشدا بێت. تەنها لە جێگەیەک فاشیزم هەبێت ئەوا بەمانای ئەوەدێت لە هەموو جێگەیەک بوونی ئەبێت. بەڵام لێرەدا بەڕاستی هەندێک قسە شیاوی تێگەیشتن نین. بەم شێوەیە نابێت. تۆ بڵێت گوایە پرسی کورد چارەسەر بووە، کوردستان دیموکراسی بووە، کوردستان بووە بە گوڵ و گوڵستان. لە تورکیادا شتێکی نەرێینی نییە. مەگەر لە کوردستاندا دۆخێکی لەم شێوەیە هەیە؟ بە دەیان هەزار زیندانی هەیە. دژە کوردییەکی سەخت هەیە. هەروەها دژە تورکیایش هەیە. باشە کورد دەتوانن چی بەکاربهێنن یان چی مافێکیان هەیە؟ دەتوانێت بە زمان و چاندی خۆیەوە بژێت؟ ئیداری خۆی هەیە؟ بێگومان هیچ شتێک لەمانە بوونی نییە. وەک ئەوەی کورد هەموو شتێکی بەدەستهێنابێت و پەروەردە بە زمانی تورکی کەمبووبێتەوە و ڕێگری لێکرابێت، وە بەکارهێنانی مافە نەتەوەییەکانیان کەمبووەتەوە، دەڵێن گوایە فشار لە تورکیا دەکرێت!. کورد کامە مافی بەدەستهێناوە؟ کەم ماف لەسەر بنەمای یاسایی چەسپێندراوە. یان کاتێک گوێ لەوانە دەگری، دەڵێن گوایە لە کوردستان هەموو شتێک گوڵ و گوڵستانە، هەموو شتێک ڕەخسێندراوە و ستەم لە تورکیا دەکرێت. هەرئەوە ماوە بڵێن لە تورکیادا پەروەوردە بە زمانی تورکی نییە، کولتووریان سەرکەوت کراوە و ناتوانن گوزارشت لە خۆیان بکەن. پێویستە ئەمە ڕوون بێت؛ تاوەکو لە کوردستاندا دیموکراسی نەڕەخسێندرێت ئەوا ئازادی و دیموکراسی لە تورکیادا بوونی نابێت. هەموو گلەی و کێشەیەک لە تورکیادا پەیوەندی بە پرسی کورد و عەلەوییەوە هەیە. تا ئەم پرسانە چارەسەرنەکرێت، ئەوا چۆن دیموکراسی و ئازادی لە توکیادا دەبێت؟ بۆیە گەر دڵسۆزبن و لایەنگری ئازادی و دیموکراسی بن ئەوا دەبێت باوەڕییان بەم پرسانە هەبێت و دیالیکتێانە بیرکەنەوە. ڕیشەی پرسەکانی تورکیا وابەستی پرسی کوردە. بۆیە ئەم قسە بێ مانا و هەرزانە کۆمەڵگەی تورکیایش دەشوێنێت. ئەمەش لە ڕوویەکەوە بەمانای دژایەتیکردنی کورد دێت. دەبێت واز لەمە بهێنن.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڵگەی گرنگی نارد بۆ کۆنگرەکەتان. لە دوایین ژمارەی سەرخۆبوون، بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە. بێگومان زۆر لایەن دەیخوێننەوە و هەوڵدەدەن لێی تێ بگەن. سەرەڕای پشتگیرییەکان، هەندێک کەس بەشێوەی جیاواز شرۆڤەی دەکەن و ناڕەزایەتی نیشان دەدەن. دەربارەی ئەم ڕەوشە چ دەڵێن؟

قووڵبوونەوەکانی ڕێبەر ئاپۆ زۆر گرنگن. بەڕاستی لە زیندانە، ئەمانەش لە زیندانەوە هاتوون. لە مێژوودا بەم جۆرە بووە، ئەوانەی لە زیندان ماونەتەوە، زیندان وەک گۆڕەپانی قووڵبوونەوەی فیکری و ئایدۆلۆژی و تیۆری و کەسایەتی دەبینن. باشترین نموونەش بۆ ئەمە ڕێبەر ئاپۆیە. ڕێبەر ئاپۆ قووڵبوونەوەکانی ئەم ١٠ ساڵەی دوایی خۆی لەبارەی ئەم پرۆسەیەوە ڕاگەیاند. سەرەڕای ئەو هەلومەرجەی تێیدایە، دەیەوێت ئەم قووڵبوونەوە و تێڕامانانەی ١٠ ساڵی دوایی بۆ گەلی کورد و تورک و گەلانی جیهان ڕابگەیەنێت. بەتایبەت ئەم هەڵسەنگاندنانەی دوایی، ڕێبەرێتیش دواتر شتی بۆ سەربار کردووە. لە بنەڕەتدا ڕێبەرێتی ڕوانینێکی فەلسەفی هەیە، بە ڕوانینێکی فەلسەفیی نوێوە هەڵسەنگاندن بۆ جیهان و ڕووداوەکان و سۆسیالیزم و دیموکراسی و تێکۆشان دەکات. کاتێک دەستمان بە تێکۆشانی سۆسیالیستی کردەوە، بنەما سەرەتاییەکانی فەلسەفەمان خوێندەوە، ئینجا بنەما بنەڕەتییەکانی فەلسەفەمان خوێندەوە. ماتریاڵیزمی مێژووییمان خوێندەوە. کتێبی دیالەکتیکی سرووشتی ئەنگڵس هەبوو. بەمەش ڕوانینێکی فەلسەفی دەرکەوت. بێگومان لە کێماسییەکانی سۆسیالیزمی بنیاتنراودا، کێماسییەکانی ئەم ڕوانینە فەلسەفییە هەیە. ڕێبەرێتی هەڵسەنگاندنی بۆ ئەمەش کرد. ڕەهەندە کەموکورتەکانی ماتریاڵیزم و سۆسیالیزمی بنیاتنراوی هەڵسەنگاند. ڕێبەرێتی بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم کێماسییانە لەسەر بناغەیەکی فەلسەفی، قووڵبوونەوەیەکی فەلسەفیی گرنگی نیشاندا. لەم ڕووەوە، هەڵسەنگاندنی گرنگی هەیە. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، یاساکانی سرووشت هەن، بەڵام یاساکانی گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی وەک یاسا سرووشتییەکان نین. دەڵێت پاڵنەر هەیە. ئەمە نزیکاتییەکی فەلسەفیی گرنگە.

لەم ڕووەوە، دەبێت هەمووان هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەرێتی بخوێننەوە و تاوتوێی بکەن. ئەگەر پێویست بکات دەتوانێت ڕەخنەی بکات و ئەگەر کەموکورتی هەبێت، دەتوانێت بیهێنێتە سەر زمان. لەم ڕووەوە، هیچ کێشەیەک نییە. دووبارەکردنەوەی ئەو شتانەی کە مارکس پێش ١٥٠ ساڵە وتویەتی، پەیوەستبوون نییە بە مارکسەوە. ١٥٠ ساڵ پێش ئێستە زانستی فیزیا لە چ ئاستێکدا بوو، ئێستە لە چ ئاستێکدایە؟ زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە چ ئاستێکدا بوون و ئێستە لە چ ئاستێکدان؟ ڕێبەر ئاپۆ ئەم شتانە لەبەرچاو دەگرێت و هەندێک ڕەخنەی مارکس دەکات. ڕەخنە لە هەڵسەنگاندنەکانی لینین دەگرێت. دەبێت بزانین، ئەم هەوڵەی ڕێبەر ئاپۆ، ڕێزگرتنە لە ڕەنجی ئەو فەیلەسووفانە. ئەم کارەی بۆ ئەوەیە، سۆسیالیزمی ڕاستەقینە و ئەنجامگیر بخاتەڕوو. بەڕاستی ئەو کەسەی ئێستە لە جیهاندا قووڵ و بەرفراوان و ڕاست و یەکگرتوو و دژە سەرمایەیە، ڕێبەر ئاپۆیە. کۆمەڵناسێکی هەرە قووڵ و فراوانبینی نێو مێژووە. واتە سۆسیالیستە. بەڵێ دەکرێت بخوێنرێتەوە و ڕەخنە بکرێت، بەڵام نابێت بەشێوەیەکی نزم و بازاڕی نزیکی ببنەوە. نابێت نزیکایەتی پرۆپاگەندەیی بێت. دەبێت گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن بێت. ڕێبەر ئاپۆ لەپێناو هەموواندا خەریکی قاڵبوونەوە و تێڕامانە. ئەو تیڕامانانەی دەبوو هەندێک کەس بیکەن، ڕێبەر ئاپۆ پێی هەڵدەستێت. دەبێت لەمە تێبگەین، نزیکایەتی ڕێبەر ئاپۆ لە بابەتی سۆسیالیزمی نوێ و تێکۆشاندا، بەم جۆرەیە. بەڵام پێشتر کەموکورتی و نوقسانی هەبوون، تێگەیشتنی وەها نەبوون.

لەکاتی ئێمەدا کتێبەکەی ئەنگڵس هەبوو بە ناونیشانی "بنەچەی خێزان و خاوەندارێتیی تایبەت و دەوڵەت". یان کتێبەکەی مۆرگان دەربارەی کۆمەڵگەی دێرین. ئێستە چەندین هەوڵی ئارکیۆلۆژی هەن. لەوانە لێکۆڵینەوە لە گردی میرزا و هتد. بتەوێت و نەتەوێت، ئەم لێکۆڵینەوەیە بۆچوونەکان دەربارەی مێژوو دەگۆڕێت. لە فەلسەفە و نزیکایەتیی ڕێبەر ئاپۆ، کەمی تێکۆشان و قبووڵکردنی سەرمایەداری و دەوڵەت و دیکتاتۆرییەت، جێی نابێتەوە. بەپێچەوانەوە، ڕێبەر ئاپۆ ڕووی ڕاستەقینەیان دەردەخات و ڕێگە بۆ تێکۆشانێکی کاریگەرتر خۆش دەکات. لەم ڕووەوە، ڕەخنەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە جێی خۆیدایە. ڕاستە، مارکس دژی سەرمایەداری بوو، بەڵام مارکس بەشێوەیەکی بەرفراوان سەرمایەداری نەداوەتە بەر ڕەخنە. لەم ڕووەوە، دەبێت مرۆڤ حەقی خۆی بە ڕێبەر ئاپۆ بدات. جارێکی تر دەڵێم، ئەو حەقی هەموویان دەدات. ناحەقی بەرامبەر ئەنگڵس و مارکس و موسا و موحەممەد و هیچ کەسێک ناکات. دەبێت با حەقی ڕاستەقینەی قەیسەر بدرێت. لای ڕێبەرێتی ئەخلاق و ویژدانێکی وەها هەیە. بەڵام ڕامانێکی ڕەخنەگرانە و فەلسەفەیەکی ڕەخنەیی ڕاستەقینەی هەیە. ئەمە لای ڕێبەرێتی بەهێزە. لای ڕێبەرێتی پێوەری قبووڵکردن_ڕەتکردنەوە هەیە. هەموو شتێک قبووڵ ناکات. شتی ناڕاست وەک ڕاستی قبووڵ ناکات و ڕەتی دەکاتەوە. لەم ڕووەوە، بانگەواز لە چەپ و سۆسیالیستەکان دەکەم، بەباشی لە ڕێبەرێتی تێبگەن، حەقی خۆی بدەن و ڕەخنە بنیاتنەری خۆیان بخەنەڕوو، بەبێ پرۆپاگەندە و هەستیاری. دەتوانن، ئەو بەشانەی تێی ناگەن یان نایبینن، ڕەخنەی بکەن. لەم بارەیەوە، هیچ ناڵێین. کێشەمان نییە لەگەڵ ئەو کەسانەی گفتوگۆ دەکەن. بەڵام نابێت نزیکایەتی بەئەنقەست و بەدنیازانە بن.

بەرامبەر هەموو چەوتییەک تووڕەیە، ئەم تووڕەییە بەرامبەر چەوتییەکان ڕێبەرێتی کرد بە شۆڕشگێڕێکی مەزن، ئەویش ئێمەی کرد بە شۆڕشگێڕێکی مەزن. ئێمەی خستەنێو تێکۆشانێکی ٥٠ ساڵەوە. تووڕەیی ئێمە مەزنە، دژی کێماسی و چەوتی، بەتایبەت بەرامبەر خۆمان. گەر کێماسیی خۆمان چاک نەکەین، چۆن شکست بە دوژمن دەهێنین؟ لەم ڕووەوە، دەڵێن "ڕێبەرێتی ڕەخنەی لە فڵان مێژووی کورد گرت، ڕەخنەی لە کورد گرت و نازانم چی". ئەرێ، ڕەخنەی دەکات. ڕۆژانەش ڕەخنە لە ئێمە دەگرێت. ئەمە کاراکتەری ڕێبەرێتییە. کێماسی قبووڵ ناکات. چەوتی قبووڵ ناکات. نایەوێت کوردەکان بە هەڵە و چەوتی بژین، بۆیە ئێستە کوردی جوانی هێناوەتەپێش. ئەو کوردەی ئافراندوویەتی، گەلی هەرە جوانی جیهانە. بەڵێ، هێشتا کێماسی هەیە. هێشتا نۆکەر و هاوکار هەن. هێشتاش لەنێو کۆمەڵگەی کورددا، ڕاستی دابڕان لە کوردستان هەیە. بەڵام ڕاستی کورد و کوردستانی، ڕاستی ژنی کورد کە ٥٠ ساڵە ئافرێندراوە، لەسەر بنەمای ئەم ڕەخنانە بنیاتنراون.

کاتێک پیاوی کورد زۆر بۆ یەکەمجار ڕەخنەی لێ گیرا، زۆر ناڕەحەت بوو. ئێمە لە ڕەوشێکدا نەبووین کە تێکۆشان بۆ ئازادی ژن قبوڵ بکەین و لەسەر ئەو بناغەیە خۆمان بگۆڕین. بە ڕەخنە و فشاری ڕێبەرێتی ئەم هێڵەمان گرتەبەر. ئەگەر کورد ئێستا تێکۆشان دەکات، ئەگەر گەنجەکانمان لەوەش فیداکارتر بن، ئەگەر وڵاتپارێزییەکی گەورە هەبێت، ئەگەر کورد لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و هەموو شوێنێک لەژێر کاریگەری فیکری ڕێبەر ئاپۆدا تێکۆشان دەکات؛ ئەمەش بە ڕەخنەگرتن لە کەموکوڕیەکان ڕوویداوە. هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەمە بۆ دیماگۆگییەت... لە ماوەی ٥٠ ساڵدا چ بەهایەکی کوردی ئافرێندراوە؟ چی سەریهەڵداوە؟ ئەگەر ئەم تێکۆشانە ڕووی نەدابا، چی دەبوو؟ مرۆڤ کاتێک قسە دەکات، پێویستە شەرم بکات.

بە دەرخستنی ڕەهەندە ئەرێنییەکانی نێو مێژووی کورد لە هوری و گوتی و مادەکانەوە، کوردی ئافراند. هێشتا زۆر شت هەن کە ئاشکرا نەکراون. مێژوویەکی پاک دەخاتە بەردەم کوردان. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "هەوڵدەدەن عەقڵی کورد بئافرێنم"، ئەمە زۆر گرنگە. عەقڵی کورد هەردەم خزمەتی کەسانی تری دەکرد. بەرژەوەندیەکانی خۆی نەدەبینی، خزمەتی خۆی نەدەکرد.

ڕێبەرێتی ئێستە عەقڵێکی کورد دەئافرێنێت کە خزمەی خۆی دەکات _بێگومان، کاتێک خزمەتی خۆی دەکات، نابێتە نەتەوەپەرستی بەرتەسک_، تەنها بۆ خۆیشی نا، خزمەتی هەموو گەلان و مرۆڤایەتی دەکات. نەوەک ئەو گەلی کوردەی کە نەیارێتی و دوژمنایەتی یەکتر دەکات. هەوڵدەدات عەقڵێکی کوردی بئافرێنێت کە هەم خۆی مەزن بکات و هەم دەوروبەری خۆیشی مەزن بکات.  دەبێت هەموو کوردەکان هەوڵبدەن لەم عەقڵە تێبگەن. با هەوڵبدەن فێربن. لەم ڕووەوە دەبێت ڕەخنەی هەندێک لایەنی کوردی هەرگیز بەجدیی وەرنەگرین. ئەمە بێ مانایە. باس لە چی دەکەن، خۆتان چیتان هەیە؟

بەڕاستی هەڤاڵانیش ئەمەیان بینی، بۆ منیشیان نارد. عەلی کەمال ئۆزجان لەسەر کەناڵێکی یوتیوب چاوپێکەوتنێکی کردبوو. لەوێ ڕەخنە لە ئێمە دەگرێت. وەها نیشان دەدات گوایە ئێمە بەربەستین لەبەردەم پرۆسەی چارەسەری ڕێبەرێتی. بۆ ڕێگرتن لە دەرکەوتنی بەدحاڵیبوون لەنێو کۆمەڵگەدا ئەمە دەڵێم. من گوتم، دەبێت هەمووان بزانن، ڕێبەر ئاپۆ نە کەس فریو دەدات نە فریو دەدرێت.

عەلی کەمال ئۆزجان دەڵێت: "من گوێم لە قەرەسوو گرت. دەرکەوت کە ڕێبەرێتی ئێمە دەخەڵەتێنێت". ئایا تا ئەم ڕادەیە چەواشەکاری دەبێت؟ هەڵسەنگاندنێکی وەها ناڕاست دەبێت؟ تۆ پرۆفیسۆرێکی یاسایی و دەستوورییت. تۆ لێکۆڵینەوە دەکەیت. زۆر دەخوێنیتەوە. ئایا هەرچی بخوێنیتەوە وەها لێی تێ دەگەیت. من گوتم "ئەم ڕێبەرێتییە فریو نادرێت". ئەو ڕێبەرێتییە. تۆ هاتی و گوتت "قەرەسوو دەڵیت، ڕێبەرێتی ئێمە فریو دەدات". ئەمە ئاستی تۆ نیشان دەدات.

بێگومان نامەوێت زۆر لەسەر ئەمە بڕۆم. بەڵام ئایا وەها دەبێت؟ سەبارەت بە هەڤاڵانی تریش و درۆ و شتی بێبنەمای وەها دەڵێت. وا دیارە پێشداوەرییەکی لە دژی ئێمە هەیە. لە هۆشی ئەودا پێشداوەرییەک هەیە. لەخۆیەوە قسەدەکات و پێی وایە، ئەم ڕێکخستنە بە هەموو شێوەیەک دژی ئاپۆیە... لەبەر ئەم پێشداوەرییە، کاتێک گوێ لە ئێمە دەگرێت، بەپێچەوانەوە تێدەگات. دەبێت دەست لەم هەڵوێستە هەڵبگرێت.

باشە، ئەوان دەڵێن ئێمە هەڵسەنگاندن دەکەین، وا نییە؟ ڕاستە یان هەڵە... نابێت هیچ کەسێک تا ئەم ڕادەیە ڕاستییەکان چەواشە بکات.

وەکو هەندێک لە 'مێشک ڕزیوەکان' دەڵێن، من بەشداریی کۆنگرەم نەکردووە، نازانم، چی ڕوویداوە. ئەمەش دەرکەوتووە... قەرەسوو  بەشداری کۆنگرەکە نەبوو... "هیوادارم تەندروستی باش بێت." هەرخۆی مێشک پوکییەکەت ڕوونە. بیرکردنەوەی تۆش هاوشێوەی ئەو مێشک گەنیوانەیە. چۆن ئەو 'مێشک ڕزیو'انە دوژمنایەتی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەن دەکەن، بەم شێوەیە هەڵسەنگاندن دەکەن. ئێوەش لەنێو مامەڵەیەکی لەو شێوەیەدان. لەسەر ئەم بابەتە ئەوە دەڵێم. بێگومان ئێوە لەخۆتان پرسیەوە کە پێویستە لەدژی کورد، ڕۆشنبیران، ئەوانەی کە بەڕاستی تێدەگەن هەڵوێستێکی چۆن وەربگرن. پێویستە کەس مەیدانەکە بە چۆڵی نەبینێت و ئەوەندە قسەی هەرزان نەکات. مەگەر مامەڵەی هێندە هەرزان دەشێت؟ نازانم دەڵێن، من بەشداریی کۆنگرەکە نەبووم، ئاخۆ تەندروستی باشە...؟ هیوادارم لە شوێنی خۆی بێت... من ئەوە دەڵێم، عەلی کەمال ئۆزجان کەسێکی سەرنجڕاکێشە، بەڵام بەڕاستی شتەکان زۆر سەراوژێر دەکات، ڕای گشتی زۆر چەواشە دەکات، هەوڵدەدات لە ڕای گشتیدا تێگەیشتنێکی نەرێنی سەبارەت بە ئێمە بێنێتە ئاراوە... لە تورکیا گەلێک پڕۆفیسۆر هەن کە بەدەست گرێی دەروونییەوە دەناڵێنن، ئای لەم پڕۆفیسۆرانە!..

لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پرۆسەیەک لە ئارادایە، دەیانەوێت چ ڕۆژهەڵاتێکی ناوین بئافرێنن، زلهێزان و هێزە کاپیتاڵیستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیانەوێت چی بکەن، باس کراوە. لەم بارەیەوە گەلێک جار وترا کە نۆرەی ئێران دێت. هەرخۆی ئێران بە دروستی هەڵسەنگاندنی بۆ گۆڕانکارییەکان نەکرد.

مەسەلەی حەماس، هێرشی حیزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل، هێرشەکانی یەمەن، لەڕاستیدا ئێران بە نەزانی کۆڵەکەکەی خۆی بڕیەوە و گورزی لەخۆیدا. لە سیاسەتدا، بە کارکردن بەگوێرەی هەلومەرجی دیاریکراوی پێشهاتەکان دەڵێن شرۆڤەی دیاریکراو.

لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حیزبوڵڵا شکستی هێنا، سوریا ڕوخا. هێزەکانی سەربەئێران هیلاکبوون و نۆرەی ئێران هات. هەم ئەمریکا و هەمیش ئیسرائیل بەشێوەیەکی ئاشکرا هەڵوێستیان بەرامبەر ئێران نیشاندەدەن کە "مەبنە بەربەست لەبەردەم سیاسەتەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەگوێرەی ئەوە هەڵسوکەوت بکەن." وتیان "ئەگەر بەگوێرەی ئەوە هەڵسوکەوت نەکەن، دێینە سەرتان و دەتانشکێنین."

لە ئێستادا ئەم ڕاستییەش لەئارادایە: ئیسرائیل زۆر لە ئێران توڕەیە. ئەمریکاش زۆر توڕەیە. ئیسرائیل لەبەر هۆکاری مێژوویی زۆر توڕەیە. پێویستە ئەوە بزانین. درێژترین پەیوەندیی هەستیار و ستراتیژی لە مێژوودا لەنێوان جووەکان و ئێرانییەکاندایە. پەیوەندیی لەنێوان ئێرانی و جووەکاندا مێژووییە. جووەکان بوونی خۆیان بەجۆرێک لە جۆرەکان بە ئێرانییەکانەوە دەبەستنەوە. ئەمە ڕاستییەکە. فارسەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە بوونی جووەکاندا گێڕا. پشتگیریان کردن. پەیوەندییەکی مێژوویی هەیە. ئەمە بۆ ئەوان بووەتە پەیوەندییەکی مێژوویی.

شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و دوای ئەوە ئەوەندە بوونە دوژمنی ئیسرائیل، ئەمە توڕەییەکی گەورەی لای ئیسرائیل دروستکرد: "ئێوە دۆستی مێژووییمان، ئێرانی مێژوویی، کۆمەڵگەیەک، دەوڵەتێک کە باشترین پەیوەندیمان لەگەڵیدا هەیە دەکەنە دوژمنمان. لە شتێکی لەو شێوەیە بێبەشمان دەکەن" و بەم تێگەیشتنەوە هێندە توڕەیی و کاردانەوەی نیشاندا. یانی، لەبری کاردانەوە ناوچەییە هەنووکەییەکانی ئیسرائیل، کاردانەوە لەسەر بنەمای ڕاستییەکی مێژوویی ئاوهاش هەبوو. بەڕاستی، ئەمەش بە جۆرێک لە جۆرەکان کاردانەوەی ئەمریکا بوو.

لەبەرئەوەی ئێرانیش تا ڕادەیەک پشت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست دەبەستێت. پشت بە ئاسیا دەبەستێت. پشت بە ڕوسیا دەبەستێت. بەمە دەڵێن پێگەی جیۆپۆلیتیک. پێگەی جیۆپۆلۆتیکی ئێران بۆ تورکیاش زۆر گرنگە. لەلایەکەوە دەیانەویست ئێران لاوازبکەن. دەیانەویست ملکەچی بکەن.

بەڵام ئەوان بینیان: ئەگەر زۆر درێژەی پێبدەن، ئاژاوە و ئاڵۆزیی ئێران بەگوێرەی بەرژەوەندی ئەوان نابێت... بەڕای من، ئەوانیش ئێرانێکی یەکپارچەیان دەوێت. خواستی ئێرانێکیان هەیە کە بەسترابێتەوە بەوانەوە و بەگوێرەی ستراتیژی ئەوان ڕۆڵ بگێڕێت.

ئەوەیان نەگرتە بەرچاو. نەیانوێرا دابەشبوونی ئێران،  ڕوخانی ئێران لەهەندێک ڕووەوە و ئەنجامەکانی، ناڕوونییەکەیان لەبەرچاو نەگرت و وەستان. بەڵام ئێرانیان لاواز کرد. ئێستا ئەوان لاوازبوون. لە ئێستا بەدواوە، هەوڵدەدەن سیاسەتەکانیان بەگوێرەی ئەو لاوازییە دابڕێژن. وا دەردەکەوێت.

گەر دەوڵەتی ئێران لەم زەمینەیەدا سیاسەتی داهێنەرانە بەڕێوە نەبات، گەر ئەو سیاسەتانە بەڕێوە نەبات کە بەهێزی دەکەن، بێگومان ناتوانێت ئەم بارودۆخەی ئێستای بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە پێبدات. ئەمە بۆ تورکیاش ڕاستە.

ئێستا دەڵێن بەرەی ناوخۆیی بەهێز بکەن. بەرەی ناوخۆیی چۆن بەهێز دەبێت؟ بە دیموکراسیبوون بەهێز دەبێت. بە پاراستن و دانپێدانانی ئازادیی کۆمەڵگە و گەلانی تر...هەرخۆی تورکیا بۆ بەهێزکردنی خۆی و بەرەی ناوخۆی خۆی، پێویستە دیموکراسی بێت.

بەڕاستی مێژووی ئێران بۆ ئەمە گونجاوە. بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا، لەم پڕۆسەیەی دواییدا، بەهۆی ڕوانینی دەوڵەت نەتەوەوە لە مێژووی خۆی دوورکەوتەوە. لەم لایەنەوە، دواڕۆژی ئێران تا ڕادەیەک بەستراوەتەوە بە گۆڕان و گۆڕانکارییەوە.

پەیوەست بە هەڵوێستی هێزە کوردییەکان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەپێش هەمووانەوە هێزەکانی ئازادیی کورد و هەموو هێزە دیموکراتیکەکانی ئێران لەم پڕۆسەیی کە لەئارادایە، پێویستە چۆن مامەڵە بکەن؟ بێگومان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەراوژێر دەبێتەوە و دەگۆڕێت. ئێرانیش گۆڕانکارییەکی تێپەڕاند. ئێران لاواز بووە.

دوای ئێران ڕەنگە لەمەودوا بارودۆخەکە سەختتر ببێت. لەم ڕووەوە، پێویستە هەم هەڵوێستی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و هەمیش هەموو گەلانی ئێران و دیموکرتیکخوازەکانیان لەم سەردەمەدا دووربن لە نەتەوەپەرستی، لە ڕوانگەیەکی تاکڕەوانەدا نەبێت بەرامبەر بە ئایین و نەتەوە جیاوازەکان، دەتوانن بەرنامە هاوبەشەکانی خۆیان بە تێگەیشتنێکی دیموکراسی کە ئەوان لە سیستەمێکی دیموکراسیدا جێگیردەکات، بە تێگەیشتنێکی نەتەوەی دیموکراتیک، بەتێگەیشتنێکی دیموکراسیبوون بخەنەڕوو.

بەمە هەم دەتوانن بەرنامەی لەو شێوەیە بخەنەڕوو، هاوکات بەرنامەیەک لەگەڵ دەوڵەتدا ڕێککەوتن بکەن. پێویستە بەو شێوەیە بێت. هەروەک چۆن ئێستا ڕێبەر ئاپۆ لە باکوور هەوڵدەدات بەرنامەیەکی لەو شێوەیە پێشکەش بکات، پێویستە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە بەرنامەیەکی هاوشێوە لەسەر بنەمای دیموکراسیبوون لە سەرانسەری ئێران، لەسەر بنەمای دیموکراسیی ناوچەییان دابمەزرێت. پێویستە هەڵوێستی خۆیان بخەنەڕوو. ئێران پێویستی بەوەیە.

لەوانەیە هێرشی دەرەکی ڕووبدات. شتی تر ڕووبدات. ئەمە بابەتێکی ترە. هەرخۆی لە ئێران لەبەرئەوەی سیستمێکی دیموکراسی لەو شێوەیە نییە، دیموکراسییەکی وا نییە و ڕووبەڕووی هێرشە دەرەکییەکان بوەتەوە. ئیتر بەبێ دیموکراسیبوون، بەبێ ئەوەی پشت بە هێزی دیموکراسیی کۆمەڵگەکەی ببەستێت ناتوانێت ببێتە دژە ئیمپڕیاڵیست. بەرەنگاربوونەوەی هێرشە دەرەکییەکان تەنها بە چەک ناکرێت. گەورەترین خۆپاراستن، گەورەترین سەرچاوەی بەرخۆدان ئەوەیە کە بە بونیاتنانی ئاشتی لەگەڵ کۆمەڵگەکەیان ببنە سیستەمێکی دیموکراسی."