چیرۆکی "دوایین بڕگە" کە لەنێو دەقی بانگەوازەکەدا نەبوو

زانراوە، دوایین بڕگەی سەرنجڕاکێش کە لە دەقی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆدا نەبینرا و دواتر لەلایەن ئەندامی شاندی ئیمراڵی سری سورەیا ئۆندەر باسکرا، لە چوارچێوەی ڕێککەوتن لەگەڵ شاندی دەوڵەت ئامادەکراوە.

شاندی ئیمراڵی کە لە ٧ کەس پێکدێت، دوێنێ پاش دیدارەکەیان لە ئیمراڵی بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆیان بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند. دوایین تێبینی پاش بانگەوازەکە سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، ئەم ڕستەیە لەلایەن ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سری سورەیا ئۆندەر بە ناونیشانی "دوایین تێبینی ئیمراڵی" بڵاوکرایەوە، تێیدا تیشکخرایە سەر بەرپرسیارێتی دەوڵەت. سری سورەیا ئۆندەر لەگەڵ تێبینییەکەدا وتەیەکی ڕێبەر ئاپۆی ئاشکرا کرد کە دەڵێت: "لەگەڵ پێشکەشکردنی ئەم دیدگایەدا، بێگومان بۆ ئەوەی بەشێوەی پراکتیکی چەک دابنرێت و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، پێویستە دان بە ڕەهەندی سیاسەتی دیموکراتیک و یاساییدا بنرێت".

ڕێککەوتن لەسەر دوایین بڕگە

یەک لە بابەتە سەرنجڕاکێشەکانی دوێنێ ئەوە بوو، بۆچی ئەم بڕگەیە لەنێو ئەو دەقە مێژووییەدا جێی نەکرایەوە کە ڕێبەر ئاپۆ بە دەستی خۆی نووسیبووی.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا (MA)، لەسەر چەندین وردەکاری وەک سەردانی شاندی ئیمراڵی و وتارە مێژووییەکە و هۆشدارییەکان و ئەم بڕگەیە، پێشهات ڕوویانداوە.

ڕێبەر ئاپۆ ئەم بڕگەیەی بە شاندەکە ڕاگەیاندووە و دووپاتی کردووەتەوە کە نووسینەکە لە ٢٥ ی شوبات نووسراوە، بەڵام پاش دیدارەکە لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەت ڕێککەوتووە و ئەم بڕگەیە لە بانگەوازەکەدا جێی دەکرێتەوە.

ئەم بڕگەیە درێژکراوەی بانگەوازەکەیە و تۆمارکراوە

زانراوە، شاندەکە لە ئەنجامی پەیوەندی و دیدارە بەرفراوانەکانی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، لەسەر چۆنێتی فۆرمولەکردنی ئەم بڕگەیە ڕێککەوتوون. بەڵام بەهۆی درەنگکەوتنی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەت و میکانیزمە پەیوەندیدارەکان و پرۆسەی بڵاوکردنەوە و هاوبەشکردن، ئەم بڕگەیە لە دەقی بانگەوازەکەدا جێی نەکراوەتەوە.

دووپاتکرایەوە، ڕێبەر ئاپۆ ئەم زانیارییەی بۆ شاندەکە ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە ئەم بڕگەیە لەم بانگەوازەکەدا دەخوێنێتەوە.

پاشان ڕێبەر ئاپۆ و شاندی ئیمراڵی چوونەتە بەردەم ٣ کامێرا. ڕێبەر ئاپۆ  بەم  بڕگەیە کۆتایی بە بانگەوازە مێژووییەکەی هێناوە. 

دوای پەیامە ڤیدیۆییە تۆمارکراوەکە، ڕێبەر  ئاپۆ دووپاتی کردووەتەوە ئەم بڕگەیە درێژەی بانگەوازەکەیە.

ڕێبەر ئاپۆ داوای کردووە ئەم بڕگەیە لەو هۆڵەدا بخوێنرێتەوە کە بانگەوازەکەی تێدا ڕادەگەیەنرێت.

بەم جۆرە، ئەم بڕگەیەی کە تیشک دەخاتەسەر بەرپرسیارێتی دەوڵەت، بە تێبینییەکی سری سورەیا ئۆندەر بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرا.