بە دیمەن

کوردستانیان داوایان لە کۆنسەی ئەوروپا کرد: ئازادی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکەن

کوردستانیانی ستراسبۆرگ داوایان لە کۆنسەی ئەوروپا کرد: "مانیفێستی 'ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک'ی ڕێبەر ئاپۆ ببیسن و سیستەمی ئیمراڵی هەڵوەشێننەوە. هەلومەرجێک دروست بکەن کە ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت بە ئازادیی تێیدا بژیت."

لەسەر بانگەوازی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردی ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) و بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئە) لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا چالاکیەک بەڕێوەچوو. کوردستانیان لە بەردەم کۆنسەی ئەوروپا کۆبوونەوە و داوایان لە رێکخراوەکانی ئەوروپا کرد ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و ڕایانگەیاند؛ بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنیا بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو گەلانیش لەگەڵ خۆیدا چارەسەری دەهێنێت، "بۆ ئاشتییەکی شکۆمەند پێویستە ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت."

چالاکییەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی ئازادی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان وتارەکان پێشکەش کران.

پۆلات: داواکاری ئێمە ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە

شاهین پۆڵات، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی دیموکراتیکی کوردانی فەرەنسا لە میانی قسەکانیدا وتی: "گەلی کورد مافی خۆیەتی بە شکۆمەندییەوە بژی، بۆیە داوا لە ئەنجوومەنی ئەوروپا دەکەین کە ڕێز لە مافی زیندانیانی کورد، گەل و هەموو ئەو کەسانە بگرێت کە لە شەڕی ناڕەوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و زۆرداری دەبنەوە. ڕێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتی ئیرادەی ٥٠ ملیۆن کەس دەکات دەبێت ئازاد بکرێت."

زوبەیدە زومروت: بانگەوازەکە دەرفەتێکی مێژووییە

هەروەها زوبەیدە زومروت هاوسەرۆکی کەجەدەکە-ئە قسەی کرد و وتی: "ئەمڕۆ ئێمە وەک دایکان، پەرلەمانتاران و گەلی کورد دەمانەوێت دەنگی خۆمان بگەیەنین بە کۆنسەی ئەوروپا. ڕێبەر ئاپۆ ماوەی ٢٦ساڵە بە بڕیاری ئەم دەوڵەتانە لە ئیمرالی لە ژێر گۆشەگیرییەکی ڕەهادا ڕاگیراوە. سەرەڕای ئەوەش ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئازادی و ئاشتی تێکۆشان دەکات و هەروەها پڕۆژەیەکی بۆ ئاشتی و یەکسانی هەمیشەیی گەلان پێشکەش کردووە، ئەو پرۆژە پپێکەوە ژیانی گەلان بە بنەما دەگرێت، بۆیە دەبێت دەستبەجێ ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت."

لۆرا کاستێل: ئێمە بۆ ئازادی ئۆجالان تێدەکۆشین

هەروەها لۆرا کاستێل، هاوسەرۆکی گروپی چەپی یەکێتی ئەوروپای کۆنسەی ئەوروپا قسەی کرد و ڕایگەیاند: "پرسی کورد و بەڕێز ئۆجالان هەمیشە لە ڕۆژەڤی ئێمەدان، ئێمە لەسەر ئاستی وەزیرەکان بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەین. بۆ ئاشتییەکی ڕاستەقینە مەرجێکی بێ جیاوازی پێویستە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لایەنێک لە دەرەوە بێت و بەڕێز ئۆجالان لە زینداندا بێت پرۆسەکە پێش ناکەوێت. بۆیە هەرچی پێویست بێت بۆ ئازادی و دیموکراسی ئەنجامی دەدەین."

سەلما سورەر: هەتا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەبێت لە گۆڕەپانەکانداین

هەروەها سەلما سورەر ئەندامی تەژەکە-ئە وتی: "ئێمە هەموو ساڵێ لێرە کۆدەبینەوە و دەنگمان بەرز دەکەینەوە. ناتوانن دەنگمان ببڕن و لاوازمان بکەن، ڕێبەر ئاپۆ ڕێبەری ملیونانە، کورد و ژنان وەک پێشتر نین، ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی بۆ ناردین، وەک ژنانی کورد و بزووتنەوەی ژنان، بەڵێنمان ئەمەیە: "هەتا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەبێت، لە گۆڕەپانەکاندا درێژە بە تێکۆشان دەدەین."

دیجلە: گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ نایاساییە

هەروەها سیاسەتمەدار خەتیپ دیجلە ڕایگەیاند؛ بە دیل گرتنی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی کە لە ٢٧ـەمین ساڵیدایە نایاساییە و وتی: "لە١٥ی شوباتی ١٩٩٩وەک بەشێک لە پیلانێکی نێونەتەوەیی ڕادەستی تورکیا کرا. بە ساڵانە لە گۆشەگیریدایە. دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٤دا مافی هیوای بۆ گەڕاندەوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئەم بڕیارەی جێبەجێ نەکرد. ئێمە داوا لە ئەنجوومەنی ئەوروپا دەکەین: گوێ لە مانیفێستی ڕێبەر ئاپۆ بۆ 'ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک' بگرن و سیستەمی ئیمراڵی و ئەو هەلومەرجەی ئێستا هەڵوەشێننەوە وهەتا ڕێبەر ئاپۆ بتوانی بە ئازادی بژیت."