بە بۆنەی دووەم ساڵوەگەڕی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی کە لە لایەن 'پۆلیسی ئەخلاق'ەوە لە تاران بە ئەشکەنجە ژیانی لەدەستدا، بە ئامانجی خاوەنداریکردن لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بە پێشەنگایەتی کۆمیتەی پارتی ژیانی ئازادی کورستان (پەژاک)ی سویسرا لە شاری زوریخی سویسرا چالاکیەک ئەنجامدرا.
سەرباری بارانێکی بەخوڕ چالاکیەکە بە خولەکێک وەستان بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان دەستیپێکرد.
'هیچ هێزێک توانای وەستانەوەی نییە لە دژی هێزی ژنان'
لە چالاکیەکەدا وتەبێژی یەژەکە-سویسرا سەلما سوسەر قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا بە تێپەڕبوونی دووساڵ بەسەر شەهیدکردنی ژینا ئەمینیدا هیچ توڕەیەکمان لەدژی ڕووداوەکە کەم نەبووەتەوە و وتی: "هۆکاری کوشتنی ژینا ئەمینی کوردبوونی بوو، چونکە ژینا ملکەچی گوشارەکانی سەر ژنان نەبوو بۆیە کوژرا. هیچ هێزێک توانای وەستانەوەی نیە بەرامبەر بە هێزی ژنان، بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'یەوە لە بەرخۆدانمان بەردەوام دەبین."
هەر لە چالاکیەکەدا تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا ڕاگەیاندراوێکی بە زمانی ئەڵمانی خوێندەوە.
'ناتوانن بێدەنگمان بکەن'
دواتر هاوسەرۆکی جەدەکە-سویسرا دیلان چەتینکایا قسەیکرد و بە سڵاوکردنی لە شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' یادی ژینا ئەمینی بەرز ڕاگرت و وتی: "هەموو کاتێک دەبینە پرچی ژینا، هەموو کات دەبینە پرچی سوری ساریا. دەبینە پێنویستی گوڵستان و هێرۆ. دەبینە دەنگی هاواری نارین، هیچ کاتێک ناتوانن بێدەنگمان بکەن."
چالاکیەکە بە وتنەوەی دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' سڵاو لە زیندانیانی ژنی شۆڕشەکە کرا و کۆتایهات.