ئایا هەوڵەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە دژی شەپۆڵێکی چاوەڕوانکراوی پەنابەرانە؟

تورکیا بەم دواییانە ڕێگەی یۆنانی بۆ کۆچبەران خستە سەر پشت. یەکێتیی ئەوروپا لەم هەفتانەی دوایدا ژمارەی کۆبوونەوەکانی بۆ دابەشکردنی پەنابەران زیاتر کرد و بەوەش دەیەوێت خۆی بۆ شەپۆڵێکی چاوەڕوانکراوانی کۆچبەران ئامادە بکات.

بەگوێرەی ئامار و زانیارییەکانی ئەم دواییانە، ژمارەی ئەو پەنابەرانی ساڵی ڕابردوو کە لە تورکیاوە چونەتە یۆنان بەرز بوەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی کۆمسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یوئێن ئێچ سی ئاڕ - UNHCR)، لە ١ی کانونی دووەم هەتا ٢٢ی ئەیلول / ١١ی ڕێبەندان هەتا ٣١ی خەرمانان، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی بە قاچاغ لە تورکیاوە پەڕیونەتەوە یۆنان ٤١ هەزا و ٩٤٠ کەسن. لەوانەش ٣٢ هەزار و ٦٨٥ کەس لە ڕێگەی دەریایی و ئەوانەی دیکەش لە ڕێگەی وشکانییەوە گەیشتونەتە یۆنان.

لە ماوەی ئەم دوو مانگەی دواییدا ژمارەیان زۆر بەرزر بوەتەوە

لە ئامارەکانی یوئێن ئیچ سی ئاڕ دا ئاماژە بەوە کراوە، ژمارەی پەنابەران لە ساڵی ٢٠١٧ بە ٣٦ هەزار و ٣١٠ کەس گەیشتە ئاستی ژمارەی پەنابەرانی ساڵانی ٢٠١٠، بە تایبەتی لە هاوینی ٢٠١٨ەوە زیاتر بووە. لە ساڵی ڕابردوودا ٣٢ هەزار و ٥٠٠ پەنابەر لە ڕێگەی دەریا، ١٨ هەزار پەنابەریش لە ڕێگەی وشکانییەوە پەڕیونەتەوە بۆ یۆنان.

لە هاوینی ٢٠١٨ەوە مانگانە نزیکەی ٣ بۆ ٤ هەزار پەنابەر پەڕیبوونەوە بۆ یۆنان. بەڵام لە هاوینی ساڵی ٢٠١٩دا ئەو ژمارە دوو هێندە زیادی کرد. ئەو پەنابەرانەی کە تەنها لە دەریاوە پەڕیونەتەوە، لە تەممووزی ٢٠١٩، نزیکەی ٥ هەزار و ٨٤٢ کەس بووە، لە ئابی ٢٠١٩شدا ٨ هەزار و ٣٣٤ کەس بوون.

ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە ماوەی ٢٢ ڕۆژی ئەم مانگەوە پەڕیونەتەوە جێگەی سەرنجە، هەتا ٢٢ی ئەیلول / ٣١ی خەرمانان ٨ هەزار و ٣٦٠ پەنابەر پەڕیونەتەوە بۆ کەناراوەکانی یۆنان.

ئایا هەوڵەکانی ئەو دواییەی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەو هۆکارانە دەگەڕێتەوە؟

ئەردۆغان لە لایەکەوە لەڕێگەی پەنابەرانەوە هەڕەشە لە وڵاتە ئەوروپییەکان دەکات و هەوڵ دەدات پشتگیریی هێرشەکەی لە دژی باکوری سوریا پەیدا بکات. لە لایەکی دیکەوەش دەبینرێت، کە جموجۆڵی پەنابەران زیادی کردووە.

وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، دوێنێ لە ماڵتا کۆبوونەوەیەکیان کرد و لەبارەی دابەشکردنی ئەو پەنابەرانەی گەیشتونەتە ئیتالیا و ماڵتا ڕێک نەکەوتن، بەڵام پێدەچێت گرنگترین ڕۆژەڤی هەفتە و مانگەکانی داهاتووی یەکێتیی ئەوروپا ئەو پەنابەرانە بن کە لە ڕێگەی یۆنانەوە دەچنە ئەوروپا.

یەکێک لەو کەسانە، کە بە شێوەیەکی تووند لەدژی رێککەوتنی پەنابەرانی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا وەستایەوە، ئەندامی پارتی یەکێتیى سۆسیال مەسیحییەکانى ئەڵمانیا (CSU) مانفرێد ڤیبەر بوو، بەڵام ئەویش چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند، لایەنگری رێککەوتنەکەیە.

ژ.ت