ئەمریکا: فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى تری ئێرانمان خستەخوارەوە

ئەمریکا رایگەیاند، پێدەچێت هەفتەى رابردوو فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى تری ئێرانیان خستبێتە خوارەوە.

ئیدارەى ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی ١٨ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٢٧ی پووشپەڕ لە گەرووی هورموز فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى جۆری درۆنی ئێران خراوەتە خوارەوە.

کێنت مەککینزی فەرماندەى فەرماندەیى ناوەندیى ئەمریکا (سێنتکۆم - CENTCOM)  لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رایگەیاندبوو "پێدەچێت" فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى تری ئێرانیان لە جۆر درۆن خستبێتە خوارەوە.

مەککینز لە تەلەفزیۆنى سی بی ئێس دا رایگەیاند، لەوە دڵنیاین درۆنێکى ئێرانیمان خستووەتە خوارەوە، بەڵام پێدەچێت درۆنێکى تری ئێرانیمان خستبێتەخوارەوە.

دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا پێنجشەممەى رابردوو رایگەیاندبوو، درۆنێکى ئێرانى کە لە کەشتیى یو ئێس ئێس باکسر (USS Boxer) نزیک بووەتەوە، لەلایەن یەکەی دژە ئاسمانیى کەشتییەکەوە خراوەتە خوارەوە.

ئەمریکا رایگەیاندبوو، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەى ئێران "بە شێوەیەکى مەترسیدار" لە کەشتییەکەیان نزیکبووەتەوە و ئەوانیش ناچار بوون بیخەنە خوارەوە.

ر.م