بە ملیۆنان کەس بۆ چارەسەری گەرمبوونی زەوی ڕژانە ناو شەقامەکان

لە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی جیهان بە ملیۆنان کەس بە هۆی خراپی دۆخی کەشوهەوا مانیان گرت و ڕایانگەیاند، پێویستە بە زودترین کات چارەسەریەک بۆ گەرمبوونی گۆی زەوی ببینرێت.

دوێنی لە چوارچێوەی خۆپیشاندان و چالاکیەکانی داواکاری چارەسەری بۆ گەرمبوونی گۆی زەویدا کە ٢٠ – ٢٧ ئەم مانگە بەڕێوەچوون، زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس ڕژانە ناو جادەکان. ڕۆژی هەینی ڕابردووش نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس دەستیان بە خۆپیشاندان کردبوو.

مانگرتن و خۆپیشاندانەکان کە ساڵی ڕابردوو بە پێشەنگایەتی گرێت زونبێرگی سوید دەستپێکران، بەردەوامن. گرێت ببووە نیشانەی تیکۆشانی دژی گەرمبوونی گۆی زەوی. دوێنی لە کەنەدا گەورەترین خۆپیشاندانی مێژوویی بەڕێوەچوو و خۆپیشاندەرانی زونبێرگیش ئامادەبوون.

بەڕێوەبەرێکی یەکگرتنی لا پلانێت کە لە دژی گەرمای گۆی زەوی تێدەکۆشێت وتی، "نزیکەی نیو ملیۆن کەس بەشداریان لە ڕێکخراوەکەیان کردووە."

لە کاتی خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی ڕابردوودا، جاستن ترودیۆ سەرۆک وەزیری کانادا ڕایگەیاندبوو، ئەگەر جارێکیتر هەڵیبژێرن، دوو ملیار نەمام دەچێنێت.

دەوترێت، لە هەموو جیهاندا نزیکەی ٤ ملیۆن کەس بەشذاریان لە  خۆپیشاندانەکاندا کردووە. لە شارەکانی ڕۆما و میلانۆی ئیتالیا نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس بەشداریان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد. لە هەموو ئیتاڵیا نزیکەی ملیۆنێک کەس بەشداریان لە چالاکی و خۆپیشاندانەکاندا کرد.

لە چوارچێوەی چالاکیەکاندا، بە ملیۆنان کەس لە ئەڵمانیا، فەڕەنسا، نەمسا، نیوزلەندا، کۆریای باشوور، هندستان و ئیسپانیا دەستیان بە مانگرتن و خۆپیشاندان کرد.

لە مانگرتنی کەشوهەوادا کە ٢٠ی ئەم مانگە ئەنجامدرابوو، خەڵکی نزیکەی ١٥٠ وڵات بەشداریان کرد و تا ئێستا نزیکەی ٦ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس بەشداریان لە چالاکی و خۆپیشاندانەکاندا کردووە.

ف.ق