ترامپ: دواڕۆژی ئەمریکا لە هەموو کاتێک زیاتر لەمەترسیدایە

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەوەی لە ئەرکەکەی دوور بخرێتەوە کەوتوەتە بەردەم لێپرسینەوە و ڕایگەیاند: چارەنووسی وڵاتەکەی لە هەموو کاتێک زیاتر لە دۆخی مەترسیداردایە.

ترامپ پەیامێکی ڤیدیۆیی لە تویتەر بڵاوکردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد، داهاتووی ئەمریکا لە هەموو کاتێک زیاتر لە مەترسیدایە. ترامپ جارێکی دیکە دیموکراتەکانی کردە ئامانجی خۆی.

دیموکراتەکان بە بیانووی ئەوەی ترامپ لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئۆکراین بۆ ڕەشکردنی 'جۆ بایدن'ی نەیاری کەوتوەتە هەوڵدان، دەستیان بە قۆناغی دوورخستنەوەی ترامپ لە ئەرکەکەی کردبوو.

بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، کۆشکی سپی ڕێگری کردووە لە ئاشکراکردنی بەشێکی گفتوگۆی تەلەفۆنی نێوان ترامپ و هەندێک سەرکردە.

لە لێدوانەکەی ترامپدا کە بە ڤیدیۆ بڵاوی کردوەتەوە دەڵێت: "دیموکراتەکان دەیانەوێت چەکتان بکەن، دەیانەوێت دەستەبەری تەندروستیتان لێ بستێننەوە، دەیانەوێت دەنگتان ببڕن، دەست بەسەر ئازادییەکانیشتان بگرن".

ترامپ ڕایگەیاند، دەبێت هیچ کات ڕێگە بەوە نەدەن و وتی: "لەبەر ئەوەی دواڕۆژی وڵاتەکەمان لە هەموو کاتێک زیاتر لە دۆخێکی مەترسیدار دایە. ئەوە گەلێک ئاسانە. هەوڵ دەدەن ڕێگری لەمن بکەن، لەبەر ئەوەی من بۆ ئێوە تێدەکۆشم. هیچکات ڕێگە نادەم ئەوە بکەن".

لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، سێ لێژنە داوایان لە مایک پۆمپۆ-ی وەزیری کاروباری دەرەوە کردبوو، لە چوارچێوەی لێپرسینەوەدا هەموو بەڵگەکان لەبارەی ئۆکرانیاوە لە ماوەی هەفتەیەکدا ڕادەستی ئەوان بکات.

ژ.ت