حوسییەکان دیلکردنی هەزاران سەربازی سعودیان ڕاگەیاند

چەکدارە حوسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند، لە میانەی هێرشێکی بەرفراواندا کە کراوەتە سەریان، هەزاران سەربازی سعودیان بە دیل گرتووە و دەستیان بەسەر سەدان ئۆتۆمبیلی زرێپۆشدا گرتووە.

وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لە لێدوانێکیدا لە تەلەفزیۆنی ئەلمەسیرە و ڕایگەیاند، عەرەبستانی سعودی لە ناوچەی سنووری نزیک ویلایەتی نەجران دەستی بە هێرشێکی بەرفراوان کردووە.

بەگوێرەی قسەکانی وتەبێژەکە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بە پشتیوانیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستمی بەرگریى ئاسمانی بە گشتی سێ لیوای دوژمن تێکشکێنراون.

یەحیا سەریع وتەبێژی حوسییەکان باسی لەوەشکرد، بە هەزاران سەربازی هاوپەیمانی عەرەب دیل کراون و چەندین ئەفسەر و سەربازی سعودیشی تێدایە. هاوکات باسی لەوەشکرد، دەستیان بەسەر سەدان ئۆتۆمبیلی زرێپۆشدا گرتووە.

وتەبێژەکە وتیشی: "ئۆپەراسیۆنەکە ٧٢ کاتژمێر بەردەوام بوو. هێزەکانمان لە ویلایەتی نەجران گۆڕەپانێکی سەدان کیلۆمەترییان کۆنترۆڵ کردووە."

 سەریع ئاماژەی بەوەشکرد، بە ڤیدیۆ زانیاریی زیاتری ئۆپەراسیۆنەکەی ناوچەی نەجران بڵاودەکەنەوە.

ژ.ت