خۆپیشاندان دژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسپانیا بەرانبەر وڵاتی باسک

لە بیلباوی هەرێمی باسک لە ئیسپانیا زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی وڵاتەکەیان لە دژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسپانیا خۆپیشاندانیان کرد.

بڕیارە سبەی دوشەممە ١٦ی ئەیلولی ٢٠١٩ / ٢٥ی خەرمانان دۆسیەی دادگایی کردنی ٤٧ پارێزەری خەڵکی باسک لە دادگاکانی ئیسپانیا دەست پێ بکات. داواکاری گشتیی ئیسپانیا بە پاساوی وەرگرتنی دۆسیەى زیندانیانى سیاسی باسک لەلایەن ئەو پارێزەرانەوە داوای زیاتر لە ٦٠٠ ساڵی زیندانیی بۆ سەرجەم ئەو پاریزەرانە کردووە.

ئەوەش کاردانەوەی لە ناو گەلی باسک دا لێکەوتەوە و زیاتر لە ٥٠ هەزار هاووڵاتیی گەلی باسک رژانە سەر شەقامەکان بۆ پشتیوانیکردن لە زیندانیانى سیاسیی وڵاتەکەیان. چالاکوانان و لایەنەکان و پارێزەران پێیانوایە، کردنەوەی ئەو دۆسییانە نەک نادادپەروەرانە، بەڵکو پرۆسەی سیاسی و ئاشتی لەو وڵاتە دەخاتە مەترسییەوە.

لەوبارەیەوە راگەیەندراوێک لە بەردەم شارەوانیی گشتیی بیلباو خوێندرایەوە و تیایدا هاتووە، کردنەوەی ئەو دۆسییانە وەک بەردێک لە بەردەم پرۆسەی دادپەروەری و ئاشتییە و ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەری دەردەبڕن.

رۆژی ٢٠ی تشرینى یەکەمی ٢٠١١ / ٢٨ی رەزبەر وە گروپی چەکداری "ئێتا" کۆتایی هێنانیان بە خەباتی چەکداری لە وڵاتی باسک لە دژی دەوڵەتانی ئیسپانیا و فەرەنسا ڕاگەیاند.

 لە دوای ڕاگەیاندنی تەواوبونی خەباتی چەکداری، گەل و وڵاتی باسک قۆناغێکی نوێی تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی دەستپێکرد، بەڵام وڵاتی ئیسپانیا لە ژێر ناوی "شەڕ دژی تیرۆریزم" سیاسەتەکانی خۆی بەرانبەر بەو هەریمە درێژە پێ دەدات و سەدان چالاکوانی باسکی لە زیندانە دورەکانی ولاتی ئیسپانیادا ڕاگرتووە.

گەلی باسک پێیانوایە، خەریکی سەر لەنوێ بونیادنانەوەی کۆمەڵگایەکی نوێن بۆ ڕێز گرتن لە مافەکانیانن، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی ئیسپانیا وەڵامی شیاویان نەدراوەتەوە و نمونەکەی کردنەوەی دۆسیەیە لە دژی پارێزەران و دەستپێکردنی  دادگایی کردنی دەیان پاریزەری باسکە لەم مانگەوە.

ژ.ت