دووبارەبوونەوەى دیمەنى سەردەمی کۆیلەتى لە ئەمریکا

لە ویلایەتى تەکساس لە ئەمریکا، کەسێکى رەشپێستى کەلەپچەکراو بە گوریسێک لەلایەن ٢ پۆلیسەوە لەسەر ئەسپ رادەکێشرێت. ئەو دیمەنە کاردانەوەى زۆری لێکەوتوەتەوە.

بڵاوبوونەوەى دیمەنى راکێشانى کەسێکى رەشپێستی کەلەپچەکراو لەلایەن ٢ پۆلیس بەسەر ئەسپەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەى زۆری لێکەوتەوە و لە کاردانەوەکاندا راگەیاندراوە "ئاخۆ ئەمریکا گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمی کۆیلایەتى". بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە کۆمیسەری شاری گالڤێستۆن لە ویلایەتى تەکساس ناچار کرا داواى لێبوردن بکات.

لە شاری گاڵڤیستۆن لە ویلایەتى تەکساسی ئەمریکا پۆلیس رۆژی شەممەی رابردوو کەسێکى رەشپێستی تەمەن ٤٣ ساڵی بە ناوی دۆناڵد نییڵی بە تاوانى "سنووری ماڵێکى بەزاندووە" دەستگیرکردبوو. پۆلیس ئیدعای ئەوەى کردووە بەهۆی "نەبوونی ئۆتۆمبێلەوە" ناچار بوون نییڵی کەلەپچە بکەن و پەتێک بکەنە دەستە کەلەپچەکراوەکەى لە دواوە و بە ئەسپ راێبکێشن بۆ بنکەى پۆلیس.

دواى ئەوەى دیمەنى راکێشانى ئەو هاووڵاتییە بەوشێوەیە بڵاوکرایەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین کەس ناڕەزایەتییان لە دژی ئەو رەفتارەى پۆلیس نیشاندا و رایانگەیاند "ئاخۆ ئەمریکا گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمی کۆیلایەتى". بەهۆی کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکانەوە کۆمیسەری شاری گالڤێستۆن ناچار بوو لەبارەى ئەو بابەتەوە روونکردنەوە بدات و داواى لێبوردن بکات.

بەکارهێنەرانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داواى ئەوەشیان کردووە، ئەو ٢ پۆلیسە لەسەر کارەکەیان دەربکرێن.

هەروەها ڤیرنۆن هیل بەڕێوەبەری پۆلیس داواى لێبوردنى لە نییڵی کردووە.

ژ.ت