دەنگی پارتەکەی پوتین لە مۆسکۆ کەمیکرد

پارتی دەسەڵاتداری ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیی مۆسکۆدا یەک لەسەر سێی کورسییەکانی لەدەستدا، بەڵام هێشتا قۆرسایی ماوە.

دانیشتووانی مۆسکۆ ڕۆژی یەکشەممە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان. ئاژانسی هەواڵی ریانۆڤستیى رووسیا بڵاویکردەوە، پارتی دەسەڵاتدار، واتە پارتی یەکێتیى رووسیا  لە ٤٥ کورسی ٢٦ کورسی بەدەستهێناوە و بوو بە گەورەترین کوتلە. پارتی یەکێتیی ڕووسیا پێشتر ٣٨ کورسی هەبوو.

بەهۆی دوورخستنەوەی ژمارەیەک کاندیدی ئۆپۆزسیۆن و چالاکییەکانی هاوین، هەڵبژاردنەکانی مۆسکۆ وەک هەڵبژاردنێکی جیاواز دەبینرا.

ئەلێکسی ناڤالنی یەکێک لەو کەسانەبوو کە خۆکاندیدکردنی قبوڵنەکرا. هەوادارانی ناڤالنی دەڵێن، دەسەلات بە ئەنقەست رێگای بە کاندیدکردنی نەداوە.

پارتی لابلۆکۆی لیبڕالی ئۆپۆزسیۆن و پارتی دادپەروەری ڕووسیاش هەریەکە ٣ کورسیان بەدەستهێناوە.

ژ.ت