رژێمى سوریا: ئاگربەست لە ئیدلب تاقیکردنەوەیەکە بۆ تورکیا!

نوێنەرێکى رژێمى سوریا، کە بەشداریى لە دانیشتنەکانى ئاستانەدا کردووە رایگەیاند، سەرکەوتن و بەردەوامیدان بە ئاگربەست لە ئیدلب پەیوەندیى بە نیازەکانى تورکیاوە هەیە.

دانیشتنەکانی ئاستانە بە پێشەنگایەتیى تورکیا، رووسیا و ئێران رۆژی پێنجشەممەى رابردوو لە شاری نور سوڵتان (ئاستانەى پێشوو) لە کازاخستان بەڕێوەچوو. تورکیا لەو دانیشتنەدا نوێنەرایەتى و وتەبێژیى گروپە چەتەکان دەکات.

بەشار جەعفەری نوێنەری حکومەتى سوریا رایگەیاند، ئاگربەستی راگەیاندراوی رۆژی پێنجشەممە لە ئیدلب پەیوەندیى بە نیازەکانى تورکیاوە هەیە.

جەعفەری راشیگەیاند "رێککەوتنى ئاگربەست پەیوەندیى بە چەکداماڵینى تیرۆریستانی سەر بە تورکیاوە هەیە و دەبێت بەپێى مەرجى رێککەوتنەکانى ئاستانا و سۆچی بێت".

جەعفەری ناڕەزایەتیى بەرامبەر ئەو بۆردومانانە نیشاندا کە لە ناوچەکانى ژێر کۆنترۆڵی تورکیاوە دەکرێتە سەر سەربازانى سوریا و لەوبارەیەوە وتی "ئەوە تاقیکردنەوەیەکە بۆ نیازەکانى تورکیا".

جەعفەری داواى لە بەشداربوانى دانیشتنەکانى ئاستانە کرد، بەپێى ئەرکی خۆیان گوشار بخەنە سەر تورکیا و وتیشی "هەر چەند بە دانبەخۆدا گرتنیشەوە بجوڵێینەوە، بەڵام سنوورێکیش هەیە. ئێمە ئەوە نابینین، کە تورکیا بەپێى ئەو مەرجە و بنەمایانە بجوڵێتەوە".

ر.م