عەشیرەکانی ئەفغانستان داوای ئاشتی بە پەلە وسەقامگیردەکەن

لوی‌جەرگە، کە گەورەترین ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری عەشیرەکانی ئەفغانستانە، بەدەرکردنی بڕیارنامەیەک لەسەر ڕێکارەکانی مسۆگەرکردنی ئاشتی لە ئەفغانستان، داوای کرد ئاشتییەکی بەپەلە، پێش دەستپێکردنی مانگی ڕەمەزان ئەنجامبدرێت.

ئەمڕۆ (لوی‌جەرگە)، بەئامادەبوونی زیاتر لە سێ هەزار کەس، کە پێکهاتبوون لە سەرۆک عەشیرەکان، کاربەدەستانی خۆجێیی، کاربەدەستانی ئەمنی و ئەندامانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەفغانستان بۆ دیاریکردنی هێڵی دانووستان لەگەڵ تاڵیبان بڕیارنامەیەکی دەرکرد و بانگەوازی ئاشتیی کرد.

عەبدڕەب ڕەسول سەیاف، سەرۆکی لوی‌جەرگە، لە وتاری کۆتایی دانیشتنەکە داوای کرد زانایانی ئاینی بۆ تاوتوێکردنی خوێندنەوە جیاوازەکان لە دین و چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکیانە کە بوونەتە هۆی ئاڵۆزی نێوان گەلی ئەفغانستان و تالیبان، کۆنسەیەک لە زانایان پێکبێنن.

محەمەد ئەشرەف غەنی، سەرۆک کۆماری ئەفغانستان، لەو دانیشتنەدا قسەیکرد و وتی: ئامادەین زەمینەی بەکردەوەبوونی داواکاریی ڕەوای لوی‌جەرگە بۆ پێکهێنانی ئاگربەست فەراهەم بکات و بەڵام پێویستە ئاگربەست دوولایەنە بێت و ئەگەر تاڵیبان ئامادە بێت، هێزە ئەمنییەکانیش خواستی پێویستیان بۆ پێکهێنانی ئەم داوایە هەیە.

تالیبان هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، هەرچەشنە بڕیار یان بڕیارنامەیەک، کە لوی‌جەرگە لەم دانیشتنەدا دەریبکات قبوڵ ناکات، ئەمڕۆش دوای بەرکردنی ئەو بڕیار نامەیەی لوی‌جەرگە، زەبیحوڵڵا، موجاهید، وتەبێژی گروپی تاڵیبان، لەسەر پێگەی خۆی داواکاریی ئاگربەستەکەی ڕەتکردووەتەوە و وتوویەتی: چەکەکانمان دانانێین.