لیبیا: تورکیا تیرۆریستانی بەرەی نوسرەی ڕەوانەی لیبیا کردووە

وتەبێژی سوپای نیشتیمانی لیبیا ڕایگەیاند، تورکیا لە سوریاوە چەکدارانی بەرەی نوسرەی سەر بە ڕیکخراوی قائیدەی هێناوە بۆ لیبیا، بۆ ئەوەی شەڕی سوپای نیشتیمانی لیبیا بکەن ، دەشڵێت: سەرکەوتنی ئێمە واتای لێدانێکی توندە لە تورکیا و قەتەر.

لیوا ئەحمەد مسماری، وتەبێژی سوپای نیشتیمانی لیبیا، لە وتاری ڕۆژانەیدا لەبارەی شەڕی نێوان سوپای لیبیا و چەکدارە میلیشیاکان کە ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوامە، ڕایگەیاندووە: تورکیا لە سووریاوە چەکدارانی بەرەی نوسرەی سەر بە ڕیکخراوی قائیدەی هێناوە بۆ لیبیا.

وتەبێژی سوپای لیبیا، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە سوپای لیبیا ڕووبەڕووی چەکدارە میلیشیاکانان و گروپە تیرۆریستییەکان دەبێتەوە، سوپا ئێستا شەڕی ئەو دەوڵەتانە دەکات کە لەپشت ئەو گروپانەوەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەکردووە، کە هەموو جۆرە جوڵەیەکی گروپە تیرۆریستییەکان دەکەنە ئامانج لەناو لیبیادا و لەناویان دەبەن وکۆتایی بە خەونی گروپە تیرۆریستییەکان و ئەوانەی کە پشتگیرییان دەکەن دەهێنن .

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، سوپای لیبیا ئۆپەراسیۆنی ( زریانی شکۆ)ی دەستپێکرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەرابلوسی پایتەخت کە لەژێر دەستی چەکدارە میلیشیاکان.

لەساڵی ٢٠١٤دا موشیر خەلیفە حەفتەر، بووە بە سەرۆکی سوپای نیشتیمانی لیبیا، لەدوای سێ ساڵ شەڕکردن شاری بەنغازی لە ناوچەی ڕۆژئاوای لیبیا کۆنتڕۆڵکرد، کە لەژێر دەستی چەکدارە میلیشیاکاندا بوو، لەمساڵدا کۆنتڕۆڵی باشوری لیبیا و بیرە نەوتەکانی کردەوە.

دوێنێ، لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، کە لە پەیوەندییەکی تەلەفونی نێوان ترامپ و حەفتەر، ترامپ ئاماژەی بە ڕۆڵی حەفتەر کردووە لە شەڕی دژی گروپە تیرۆریستییەکاندا.

وتەبێژی سوپای لیبیا ڕایگەیاندووە، کە ئەو پەیوەندییە تەلەفونییە نیشانەی دانپیانانی ڕەوایەتی ئەم ئۆپراسیۆنەی ئێمە و پێزانیینیەتی لەلایەن کۆشکی سپییەوە.

مسماری، وتووشیەتی: سەرکەوتنی ئێمە واتای لێدانێکی توندە لە تورکیا و قەتەر، لەبەر ئەوەی ئەوان تاوانبارن بە پشتگیریی کردنی گروپە توندڕەوەکان.