لە ئۆپسالای سوید پشتیوانی لە بەرخودانی مانگرتن کرا

لە ئۆپسالای سوید بۆ پشتیوانی لە بەرخودانی مانگرتووان و تێکشکاندی گۆشەگیری ئیمرالی چالاکی ئەنجام درا.


لە شاری ئۆپسالای وڵاتی سوید بۆ پشتیوانی لە بەرخودانی مانگرتن لە خواردن، کە ۱۱۳ شەوانە ڕۆژە بە پێشەنگی لەیلا گیوڤەن بەڕێوەدەچێت، هاوکات بۆ تێکشکاندی گۆشەگیری سەرختکراوی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی سوید لێی، چالاکی ئەنجام درا.

چالاکییەکە لە سەر بانگەوازی ناوەندی جڤاکی دیموکراتی کورد لە ئۆپسالا لە مەیدانی ستۆراتۆرگەت ئەنجام درا و تێیدا پانکارت و لافیتە، کە گوزارەیان لە گۆشەگیری ئیمرالی دەکرد، وێنەکانی ڕێبەر ئۆجالان، وێنەکانی لەیلا گیوڤەن و هاوڕێ مانگرتووەکانی، ئاڵاکانی پەکەکە و کەجەکە بەرزکرانەوە. هەروەها لەسەر ئامانجی چالاکییەکە بڵاڤۆک درایە ڕێبواران، کە تێیاندا باس لە ستەم و زۆرداری ڕژێمی تورکیا و تاوانە دژە مرۆیەکانی دەرهەق بە گەلی کورد کراوە.

چالاکگەران ڕایانگەیاند: "تا ئەم کاتەی داخوزی مانگرتووان جێبەجێ دەکرێت، کە تێکشکاندنی گۆشەگیری ئیمرالییە لە مەیدانەکان دەمێنەوە و درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن".
 

هـ.هـ