لە جیهاندا ٤٠ ملیۆن کەس بە کۆیلەیی دەژین

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی هەتا ساڵی ٢٠٣٠ کۆیلەداریی کۆتایی پێ بێت، پێوستە ڕۆژانە دە هەزار کەس لە کۆیلەیی ڕزگار بکرێن. بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە جیهاندا ٤٠ ملیۆن کەس کۆیلەن.

ئورمیلا بهولا (Urmila Bhoola)راپۆرتەری تایبەتی بابەتی کۆیلەداریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی شەش ساڵی کارکردنیدا بە خەمبارییەوە ڕایدەگەیەنێت، بۆ ئەوەی کۆیلەداریی لەگۆڕێ نەمێنێت، ڕێگەکەیان دوور و درێژە.

بهولا باسی لەوەش کرد، هەتا ساڵی ٢٠٣٠، بۆ ئەوەی کۆیلەداریی لە جیهاندا نەمێنێت، پێویستە زیاتر کار بکرێت و بۆ ئەوەش دەبێت ڕۆژانە ١٠ هەزار کۆیلە ئازاد ببن.

بهولا ڕاپۆرتێکی پێشکەشی لێژنەی مافەکانی مرۆڤ لە ژنێڤ کرد و ئاماژەی بەوە کرد، لە جیهاندا ٤٠ ملیۆن کۆیلە لەناو هەلومەرجی کۆیلەداری دەژین و لەوانەیە ئەو ژمارەی زیاتریش ببێت.

بگوێرەی ڕاپۆرتەکەی بهولا، ٦٤% کۆیلەکانی جیهان لە لایەن سێکتەری تایبەتەوە کاریان پێدەکرێت. هەروەها ٢٥% ئەوانەش منداڵیان هەن. لەو ژنانەی کە کۆیلەن، ٩٨%یان لەژێر هەڕەشەی توندوتیژی سێکسی دان.

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕاگەیاندرا کە ٢٤ ملیۆن گەنج لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو و کەم پێشکەوتوو بەشداری کار بوون، لەوانەیە بکەونە ناو هەلومەرجەکانی کۆیلەداریی. لە ڕاپۆرتەکەشدا داوا لە وڵاتەکانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت بە پەلە بکەونە جموجۆڵ.