لە فەڕەنسا بازنەی ئاسایشی ئەتۆمی بەرفراوانتر کرا

لە فەڕەنسا لە چوارچێوەی بڕیارێک کە لە ساڵی ٢٠١٦ درابوو، بەپێی ئەو بریارە چواردەوری ناوەندە ئەتۆمییەکان بۆ دووری ٢٠ کیلۆمەتر بەرفراوان بکرێت و ڕێوشوێنی پەلە بگیرێتە بەر.

بە بڕیاری وەزیری ژینگەی ئەو کاتە سێگۆلێنە ڕۆیال، بازنەی ئاسایشی دەوروبەری ناوەندە ئەتۆمییەکان لە ١٠ کیلۆمەترەوە بۆ ٢٠ کیلۆمەتر بەرفراوان کرابوو.

ئەو ڕێوشوێنانەی بۆ ٢.٢ ملیۆن کەس لە چواردەوری ناوەندە ئەتۆمییەکانی فەڕەنسا، لە دوێنێوە کەوتە بوار جێبەجێکردنەوە. بەپێی هەواڵەکانی ڕۆژنامەی لیزیکۆ، لە چوارچێوەی ڕێوشێون و پلانی دەستێوەردانی تایبەت بە شێوەیەکی فەرمی نامە بۆ هەزاران ناوچە، گوند و شار نێردراوە بۆ ئەوەی کاتی تەقینەوەیەی ئەتۆمی جێبەجێ دەبێت پێویستە چی بکەن.

لە نامەکەدا، داوا لە هەموو ئەو کەسانە کراوە کە لە دووریی ٢٠ کیلۆمەتری ناوەندی ئەتۆمی دەژین، کە تەقینەوە جێبەجێ دەکرێت یەکسەر لە دەرمانخانەکان، پزیشکان یان شارەوانییەکان، کەپسولی یۆد دابین بکەن و هۆشیاریی بەپەلە وەرگرن.

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١دا لە شاری فۆکۆشیمای ژاپۆن کارەساتی ئەتۆمی روویدا، لە فەڕەنسا ئاسایشی ناوەندە ئەتۆمییەکان کەوتبووە ڕۆژەڤەوە. لە ئەڵمانیا هەموو ناوەندە ئەتۆمییەکان دوای ساڵی ٢٠٢٢ دادەخرێن، بەڵام لە فەڕەنسا هێشتا کار دەکەن. بە گرتنەبەری هەندێک ڕێوشوێن دەیانەوێت ناڕەزایی ڕای گشتی لەبارەی بابەتەکە کەم بکەنەوە.

فەڕەنسا لە بواری لە وزەی ئەتۆمیدا دوای ئەمریکا دووەمین هێزی گەورەیە. لە تەکنەلۆژیای ئەتۆمیدا لە ڕیزەکانی یەکەمدایە. لە فەڕەنسادا ٥٨ ڕاکتۆر و ١٩ ناوەندی ئەتۆمی هەیە. لە دەوروەری ئەوانەدا ٢.٢ ملیۆن کەس دەژین.

ژ.ت