لە پاریس پارێزەران و فڕۆکەوانان و پزیشکەکان دەست بە خۆپیشاندان دەکەن

لە فەڕەنسا لە دژی چاکسازی لە سیستمی خانەنشینی دا بەرەیەکی گەورە پێکهێنرا. ڕۆژی دووشەمە پارێزەران، فڕۆکەوانان و پزیشکان دەست بە خۆپیشاندان دەکەن.

حکومەتی فەڕەنسا دەیەوێت سیستمی خانەنشینی بگۆڕێت. فەرمانبەرانی کەرتی تایبەتیش نیگەرانن و دەترسن مافی خانەنشینی لەدەست بدەن.

لەدژی ئەوەش لە پاریس لە کاتژمێر ١٣:٠٠دا لە گۆڕەپانی ئۆپێرا خۆپیشاندانێکی گەورە بەڕێوەدەچێت.

بەرلە خۆپیشاندانەکە بەرەیەکی گەورە پێکهێنرا. لە بەرەکەدا کارمەندانی ١٤ پیشە بەشدارییان کردووە. چالاکان ڕایانگەیاند، "لە مێژووی فەڕەنسادا جارێ یەکەمە پارێزەران، کارمەندانی تەندروستی و کارمەندانی گواستنەوەی ئاسمانی لەبەرامبەر پڕۆژەیەک یەکدەگرن".

ڕۆژی هەینی لە پاریس کارمەندان دەستیان بە مانگرتنێکی گەورە کردبوو. لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا یەکەمینجارە مانگرتنێکی بەم شێوەیە بەڕیوەدەبرێت.

حکومەتی فەڕەنسا ڕایگەیاندبوو، ساڵێکی تر پڕۆژە بڕیاری خانەنشینی بۆ پارلەمان دەنێرێت، بەڵام لە ئێستادا دەست بە خۆپیشاندان و مانگرتن لەدژی پڕۆژەکە کراوە.

سەندیکای (فۆ – FO) بۆ چالاکیی ٢١ی ئەم مانگە بانگەوازێکی بلاوکردەوە. چاوەڕێدەکرێت لە ٢٤ی مانگدا، بزوتنەوەی سەندیکایی بنەڕەتی ڕابگەیەنرێت. (CGT, Solidaires , FSÛ)  داوایانکرد، مانگرتن و خۆپیشاندانەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی ئەنجام بدرێن.

ژ.ت