لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ژنێڤدا ٧ وڵات کۆبوونەوە

نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا گێرپێدەرسن، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ژنێڤدا لەگەڵ نوێنەری ژمارەیەک وڵات کۆبوویەوە.

گێرپێدەرسن، نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا، لە کاتی دەستپێکردنی ئەرکەکەی لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لەگەڵ نوێنەرانی هەریەک لە ئەڵمانیا، فەڕەنسا، میسر، ئوردون، سعودیا، بەریتانیا و ئەمریکا بۆ چارەسەریی سیاسی شەڕلە سووریا، لە ژنێڤ کۆبووەوە.

کۆبوونەوەکە ڕۆژی هەینی، لە ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژنێڤ بەڕێوەچوو.

جامس جفرەی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، ڕۆبێرت ڕۆدە، نوێنەری تایبەتی ئەڵمانیا، یاسرعەلەوی، یاریدەدەری وەزیری کاروباری دەرەوەی میسر، فرەنسیس سەنەموند، نوێنەری تایبەتی فەرەنسا، هاڕون حەسەن، نوێنەری تایبەتی ئوردن، سامر سوبحان، نوێنەری تایبەتی سعودیا، مارتین لۆنگدێن، نوێنەری تایبەتی بەریتانیا بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.

گێر پێدەرسن، کە هەفتەی ڕابردوو بەشداری کۆبوونەوەی ئاستانای کردبوو کە لەلایەن ڕووسیا و تورکیا و ئێران ڕێکخرابوو، ئاشکرای کردبوو کە پێوستمان بە هێنانەدی هاوکێشەیەکی هاوبەش هەیە کە یارمەتی کۆبوونەوەکانی ژنێڤ بدات.

پێدەچێت کە هەفتەی داهاتوو، پێدرسن لەگەڵ نوێنەرانی ڕووسیا و ئێران و تورکیا کۆ ببێتەوە.

دوایین کۆبوونەوەی ژنێڤ لە ڕۆژی ١٤ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو بە پێشەنگایەتی ستیفان دیمستۆرا، نوێنەری پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچووبوو، دیمستۆرا کە ئەرکەکەی ڕادەستی پێدرسن کرد، ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە ئەو لە کارەکەیدا سەرکەوتوو نەبووە.

ک-ش