پنتاگۆن هێزی پشتیوانى رەوانەى کەنداو دەکات

مارک ئەسپەر وەزیری بەرگریى ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر داوای سعودیە و ئیمارات هێزی پشتیوانى رەوانەى کەنداو دەکەن.

مایک ئەسپەر رایگەیاند، مانگی حوزەیران لەلایەن هێزەکانى رژێمى ئێرانەوە فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى چاودێریى ئەمریکا خرایە خوارەوە و دەستیشی گرت بەسەر کەشتییەکی بەریتانیدا. سەرنجیشی راکێشایە سەر ئەوە، کە لە ١٤ی ئەیلول / ٢٣ی خەرمانان دا هێرش کراوەتە سەر هێڵی ستراتیژیی نەوتى سعودیە.

ئەسپەر لەبارەى ئەو هێرشەوە رایگەیاند "ئێران نوێنەرایەتیى زۆربوونی هێرشەکان دەکات. بۆ پێشگرتن لە ئاڵۆزییەکان، سعودیە بە مەبەستی پاراستنى بناغەى شانشینەکەى داواى پشتیوانی و هاوکاریى کردووە. هەروەها ئیماراتیش داوای هاوکاریى کردووە".

وەزیری بەرگریى ئەمریکا راشیگەیاند، لەسەر داواى ئەو ٢ وڵاتە هێزی پشتیوانى رەوانەى کەنداو دەکەن، بەڵام لەبارەى ژمارەى یەکە سەربازییەکان و ئەو دەستانەى رەوانەى کەنداو دەکرێن زانیاریى نەخستەڕوو.

ئەمریکا لەم رۆژانەدا گوشارەکانى بۆ سەر بانکی ناوەندیى ئێران زیاتر کردووە. بەپێى وتەى ترامپ ئەو گوشارە توندترین گوشارە، کە تاوەکو ئێستا خرابێتە سەر ئێران.

ژ.ت