پەرلەمانى بەریتانیا رێککەوتنى برێکزدی پەسەند نەکرد

پەرلەمانى بەریتانیا بە زۆرینەى دەنگ رێککەوتنى حکومەتى بەریتانیاى لەگەڵ یەکێتى ئەوروپا بۆ چوونە دەرەوەى بەریتانیا لە یەکێتیى ئەوروپا رەتکردەوە.

رێککەوتنی چوونە دەرەوەى بەریتانیا لە یەکێتیى ئەوروپا لە نێوان تێرێزا مەی سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا و یەکێتیى ئەوروپا ئامادە کرابوو و لە دوای ٥ رۆژ گفتوگۆکردنی چڕ لەبارەى پرۆژەکەوە لە پەرلەمانى بەریتانیا، دوێنێ پەرلەمانتارانی بەریتانی بە ٤٣٢ دەنگی نا لە بەرامبەر ٢٠٢ دەنگی بەڵێ، رێککەوتنەکەیان رەتکردەوە.

ئەوە گەورەترین شکستە بۆ حکومەتەکەى تێرێزا مەی، کە داکۆکیى لە چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیى ئەوروپا دەکرد. دەبێت لە ماوەى ٣ رۆژی داهاتوودا پلانى بەدیل بخرێتەڕوو و ئەگەری زۆرە سەرۆک وەزیران بەهۆی ئەو شکستە گەورەیەوە دەست لەکار بکێشتەوە و بەوەش هەڵبژاردنى پێشوەخت بۆپێکهێنانى حکومەتى داهاتوی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.

پێشتر خەڵکی بەریتانیا لە راپرسییەکدا بە زۆرینەى لاواز دەنگیان بە پرۆژەکەى حکومەتەکەیان بۆ چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا دابوو، بەڵام رۆژ لە دواى رۆژ نەیارانى پرۆژەى چوونە دەرەوەى بەریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا زیادی دەکرد.

لە ئەگەری هەڵبژاردنى پێشوەختدا و پێکهێنانى حکومەتێکى نوێ لە بەریتانیا ئەگەری ئەوە هەیە راپرسییەکى تر لە بەریتانیا ئەنجام بدرێت و کۆتایى بە بابەتى چوونە دەرەوەى بەریتانیا لە یەکێتیى ئەوروپا بهێنرێت.

ر.م