ڕێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنوور: توركیا گه‌وره‌ترین زیندانه‌‌ بۆ ڕۆژنامه‌وانان

ڕێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنوور ڕاپۆرتێكی ده‌رباره‌ی دۆخی ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ جیهان بڵاوكرده‌وه‌. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ توركیا له‌ ڕیزبه‌ندی ژماره‌ ١٥٧ی ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ریدایه‌.

ڕێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنوور كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی له‌ پاریسه‌ ده‌رباره‌ی بارودۆخی ئازادیی ڕۆژنامه‌وانی له‌ جیهان ڕاپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، ژماره‌ی ئه‌و وه‌ڵاتانه‌ی كه‌ ڕۆژنامه‌وانان بتوانن تیایدا به‌ ئازادی و له‌ ئاسایشدا كاری خۆیان بكه‌ن ڕۆژ به‌ ڕۆژ كه‌متر ده‌بێت. ڕژێمه‌ ئۆتۆریته‌ره‌كان باڵاده‌ستیی خۆیان به‌سه‌ر مێدیادا زیاتر ده‌كه‌ن.

ڕێكخراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌ دۆخی ڕۆژنامه‌گه‌ری له ‌١٨٠ ده‌وڵه‌ت كردووه‌. به‌ گوێره‌ی لیسته‌كه‌ نه‌رویج یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌ته‌ له‌ ڕووی ئازادیی كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری و توركمانستان-یش دواهه‌مین ده‌وڵه‌ته‌. هه‌روه‌ها ڕووسیا، ڤه‌نزوێلا و چین چه‌ند پله‌یه‌ك له‌ ڕووی ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ پاشه‌كشه‌یان كردووه‌.

له‌نێو ڕاپۆرته‌كه‌دا له‌ كۆی ١٨٠ ده‌وڵه‌ت ته‌نیا ٢٤ ده‌وڵه‌تیان به‌ «باش» یان «باشتر» ده‌ستنیشان كراون. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ساڵی ڕابردوو ژماره‌كه‌ ٢٦ بوو.

ڕێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنوور ڕاشیگه‌یاند، له‌ توركیا دۆخی ڕۆژنامه‌گه‌ری خراپتر بووه‌. «دوای هه‌وڵی كوده‌تای ١٥ی ته‌مووزی ٢٠١٦ فشاره‌كان له‌سه‌ر مێدیا زیادیان كردووه‌. توركیا بۆ ڕۆژنامه‌وانان بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین زیندان. بووه‌ته‌ شتێكی نائاسایی كه‌ مرۆڤ به‌ر له‌وه‌ی دادگه‌یی بكرێت ساڵێك له‌ زینداندا ده‌هێڵدرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئاستی سانسۆر له‌سه‌ر ئینته‌رنێت و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌رز بووه‌ته‌وه‌. كاربه‌ده‌ستان هه‌وڵ ده‌ده‌ن دیمه‌نه‌كانی ئینته‌رنێتیش كۆنتڕۆڵ بكه‌ن.»

s.m