کۆریای باکوور٢مووشەکی کورت مەودای تاقیکردەوە

سوپای کۆریای باشور ڕایگەیاند، کۆریای باکوور دەستیکردووە بە تاقیکردنەوەی ٢ مووشەکی کورت مەودا لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی.

ئەمڕۆ سوپای کۆریای باشور ڕایگەیاند، کۆریای باکور دوو مووشەکی دیکەی تاقیکردووەتەوە، ئەمەش یەکەمجارە دوای دوایین کۆبوونەوەی کیم جونگ ئون، ڕێبەری کوریای باکور لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەو وڵاتە مووشەکەکانی تاقیبکاتەوە.

بە وتەی کاربەدەستانی سەربازی کۆریای باشوور، ئەو مووشەکانەی تاقیکراونەتەوە، لە نزیک شاری 'وەنسان' کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کۆریای باکور هاوێژراون.

کاربەدەستانی سوپای کۆریای باشوورهەروەها ئاشکرایان کردووە کە ئەو مووشەکانەی کە هاوێژراون، مەودای ٤٣٠ کم-یان بڕیوە و ٥٠ کم-یش بەرزبوونەتەوە.

کۆشکی سەرۆک کۆماری کۆریای باشوریش ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ ئەمریکا ئەو تاقیکردنەوانە تاووتوێ دەکەن، بەڵام کاربەدەستانی ئەمریکا تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکیان نیشان نەداوە.

مانگی ڕابردوو، لە سەردانێکی لەناکاودا دۆناڵد ترامپ گەیشتە ناوچەی بێچەکی نێوان دوو کۆریا و لە کاتێکدا بۆ یەکەمجار پێی نایە ناو خاکی کۆریای باکورەوە، لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

ک-ش