گریتا تونبێرگ کچە ژینگەپارێزی سویدی سکاڵای لە دژی تورکیا تۆمار کرد

گریتا تونبێرگ و ١٥ منداڵی تری ژینگەپارێز و چالاکوان بەهۆی پێشێلکردن و پێبەندنەبوون بە مافی منداڵان سکاڵایان لە دژی بەڕێوەبەرانى ٥ وڵات تۆمار کرد، کە تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانە.

گەنجان و منداڵان لەم چەند مانگەى دوایدا لە دژی گۆڕینى کەش و هەوا رژانە سەر شەقامەکان و بانگەوازیان بۆ پاراستنى ژینگە و مافی منداڵان بڵاوکردەوە، بەڵام تەنها کارەکەیان ئەوە نییە و چەندین چالاکیى تریش ئەنجام دەدەن.

چالاکوانى سویدی گریتا تونبێرگ-ی تەمەن ١٦ ساڵ و ١٥ گەنجی تر ئەمجارە لە گۆڕەپانی حقوقی و یاسایى دەستیان بە تێکۆشان بۆ مافەکانی منداڵان و پاراستنى ژینگە کرد.

منداڵان ناڕەزایەتى و چالاکی لە دژی بەڕێوەبەرانى ئەو وڵاتانە ئەنجام دەدەن، کە لە بەرامبەر گۆڕینی کەش و هەوادا بێباک و خەمساردن. ئەو منداڵانە رایانگەیاندووە، ئەو بێباکی و خەمساردییە بووەتە هۆی ئەوەى مافی منداڵان پێشێل بکرێت.

بریتا تونبێرگ ئێستا بەشدارە لە کۆبوونەوەى باڵاى نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەى گۆڕینى کەش و هەواوە لە شاری نیویۆرک لە ئەمریکا و رایگەیاند، بەڕێوەبەرانى دونیا ٣٠ ساڵ لەوە پێش بەڵێنیان دا کار بۆ پاراستنى تەندروستی و مافەکانى منداڵان بکەن، بەڵام ئەو بەڵێنەیان نەبردووەتە سەر و کاریان بۆ نەکردووە.

ئالێکساندرا ڤیلاسینۆر کە بە بریتا تونبێرگی ئەمریکا دەناسرێت رایگەیاند "ئێمە چاومان بە هەموویان کەوت و هەموومان بینیمان، کە مافەکانمان پێشێلکراون و نکۆڵییان لێدەکرێت".

لە ١٢ وڵاتى جیهانەوە ١٦ کەسی تەمەن ٨ بۆ ١٧ ساڵان سکاڵایان لە دژی بەڕێوەبەرانى ٥ وڵات تۆمار کرد، کە بە کردەوە ژینگە پیس دەکەن.

ئەو منداڵانە سکاڵایان لە دژی بەڕێوەبەرانى فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئەرجەنتین، بەڕازیلیا و تورکیا تۆمار کردووە و سکاڵاکەیان لە چوارچێوەى "پرۆتۆکڵی هەڵبژاردن"ی پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتوەکان رادەستى ئەنجوومەنى پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

ژ.ت