یۆنان بۆ تورکیا: دان بنێ بە کۆمەڵکوژکردنی ۳۷۰ هەزار یۆنانی دا

حکومەتی یۆنان لە ۱۰۰مین ساڵیادی کۆمەڵکوژکردنی ۳۷۰ هەزار هاوڵاتی یۆنانی لەلایەن تورکیاوە داوای لە ڕژێمی تورکیاکرد تا دان بنێت بە کۆمەڵکوژیەکەدا و بەرپرسیاری قبوڵ بکات.

بەر لە ۱۰۰ ساڵ لە نێوان ساڵانی (۱۹۱٤-۱۹۲۲)دا، ڕژێمی ئەو کاتی تورکیا بەشێوازێکی پلان-بۆکراو کۆمەڵکوژکردنی هاوڵاتیانی یۆنانی لە تورکیا خستە بواری جێبەجێکردنەوە. بە وتەی خودی یۆنانیەکان لە کۆمەڵکوژیەکەدا زیاتر لە (۳۷۰)هەزار هاوڵاتی یۆنانی لەلایەن سەربازان و هێزە ئەمنیەکانی تورکیاوە بوونەتە قوربانی و سەدان هەزار کەسی دیکەش بە زۆرەملێ و لە ترسی کۆمەڵکوژکردن لە تورکیاوە بۆ یۆنان و وڵاتانی دیکە ناچاری کۆچبەری کراون.

ئەمڕۆ ٤ شەممە وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی یۆنان لە ۱۰۰مین ساڵیادی کۆمەڵکوژکردنی ۳۷۰ هەزار هاوڵاتی وڵاتەکەی لەلایەن تورکیاوە، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە ڕژێمی تورکیا دەکات؛ دان بنێت بە کۆمەڵکوژیەکەدا و بەرپرسیاری قبوڵ بکات و چەواشەکاری لە بەڵگەنامە مێژوویەکاندا نەکات.
وەزارەتی دەرەوەی یۆنان جەخت دەکاتەوە: دانانی تورکیا بە ڕاستینەی کۆمەڵکوژکردنی یۆنانیەکان و ڕەخنە لە خۆگرتن و نکۆڵی نەکردن لە ڕاستینەی مێژوو دەرخەری هێز و لە خۆبردووییە نەک لاوازی، ئەوەش مەرجی سەرەکییە بۆ هێنانەدی ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان و دوورکەوتنەوە لە دەمارگیری ئیتنیکی. بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژی هاوشێوە دووبارە نەبنەوە گرنگە حکومەت و دەوڵەتی تورکیا بوێرانە دان بنێن بەوەی کە سوپاکەیان کۆمەڵکوژی دژی یۆنانیەکان ئەنجام داوە.

جێگای ئاماژەیە هەمو ساڵێک یۆنانیەکان لە ڕێککەوتی (۱۹ی ئایار)دا، یادی کۆمەڵکوژکردنی ۳۷۰ هەزار هاوڵاتییەکەیان و کۆچبەرکردنی سەدان هەزار هاوڵاتی دیکەیان دەکەنەوە و ئەم ساڵیش سەدەیەک بەسەر ئەو ڕووداوە تراژیدیەدا تێپەڕ دەبێت. 

شایەنی وەبیر هێنانەوەیە بەر لەوەی تورکەکان بگەنە کوردستان و ئاناتۆڵی و ئاسیای بچوک و داگیری بکەن، بەشێکی زۆری سەرزەمینە کە ئێستا دەکەوێتە سنوی تورکیاوە دانیشتوانەکەی یۆنانی، کورد، ئەرمەنی و نەتەوەکانی دیکە بوون و بە دامەزرادنی ئمپراتۆریەتی عوسمانی سەرجەمیان بە ئاسیمیلەکردن، کۆمەڵکوژی و کۆچبەری زۆرەملێ لەو ڕووبەر جوگرافییە فراوانەدا سڕانەوە و پاکتاو کران.


هـ.هـ