یەکێتی ئەوروپا هۆشدارییەکەی ڕژیمی ئێرانی ڕەتدەکردەوە

یەکێتی ئەوروپا هۆشدارییەکەی ئێران کە ماوەی ٦٠ ڕۆژ دەرفەتی دابووە وڵاتانی ئەورووپایی بۆ جێبەجێی کردنی بەڵێنە بانکی و نەوتیەکان-ی ڕەتکردەوە.

 وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هۆشداریی ٦٠ ڕۆژەی ئێرانیان بۆ لابردنی بەربەستەکانی هەناردەکردنی نەوت و کاروباری بانکییان ڕەتکردەوە، فدریکا موگرینی-ش بەیاننامەکەی واژۆ کردووە.

لەو بەیاننامەیەدا کە فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا واژۆی لەسەر کردووە، سێ وڵاتەکە بەڵێنەکانی ئێرانیان لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بەبیرهێناوەتەوە، جەختیشیان لە پابەندبوونی خۆیان بە بەڵێنەکانیان کردووەتەوە، بەڵام ڕایانگەیاندووە بۆ لابردنی بەربەستەکانی هەناردەکردنی نەوت و کاروباری بانکی ئێران هیچ هۆشدارییەک لەلایەن ئێرانەوە قبوڵ ناکەن.

شەوی ڕابردووش عەباس عەراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، کە کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغ لە بەرنامەی کاری وڵاتەکەیدایە، هەڕەشەشی کردووە ئەگەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران ببرێتە ئەنجۆمەنی ئاسایش، ئەوە ئێران بە تەواوەتی لەڕێککەوتنەکە دەکشێتەوە.

دوێنی-ش حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕاگەیاندبوو: پابەندبوونی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکە کەمدەکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ٦٠ ڕۆژ دەرفەت دەداتە ئەوروپا، کە بەربەستەکانی سەر فرۆشتنی نەوت و کاروباری بانکی ئێران لابەرێت، بە پێچەوانەوە لە قۆناغێکی دیکەدا بەشێک دیکە لە بەڵێنەکانی کەم دەکاتەوە.

ک-ش