'دەوڵەتانی داگیرکەر لە ڕێگەی سڕینەوەی کولتورەوە داگیرمان دەکەن'

حەمە ساڵح بەڕێوبەری ناوەندی غەزەلنوس لەبارەی دۆخی رۆشنگەری لە باشووری کوردستان، پێیوایە لە ئاستێکی خراپدایە و دەڵێت؛ "دەوڵەتانی داگیرکەر لە ڕێگەی سڕینەوەی کولتورەوە داگیرمان دەکەن."

حەمە ساڵح بەرپرسی ناوەندی ڕۆشنبیری غەزەلنووس لە بارەی ڕەوشی ڕۆشنبیری لە باشووری کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و وتی: "دۆخی ڕۆشنبیری لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە دۆخێکی زۆر نزمدایە، کە باس لە ڕۆشنبیری دەکرێت، ڕەهەندی جیا جیای زۆرە، دەبێت کاریگەری هەبێت، لەسەر کۆی پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردی لە باشوری کوردستان، ئاخۆ ئێمە لەگەڵ ئەو دەرفەتە زێڕینەی بۆمان ڕەخسا لەدوای ڕاپەڕین، توانیمان چ گۆڕانکارییەک لە مێژووی سیستمی کۆمەڵگەی کوردیدا بکەین، ئەوەی کە کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی خێڵەکییە بووەتە هۆی ئەوەی تەنیا کەمینەیەکی نوخبە بە هۆی میزاجی کۆمەڵی یان شەخسییەوە بێت بگۆڕدرێن، ئەمەش جگە لە تاریکی هیچی تری بەرهەم نەهێنا. هۆکار ئەوە بوو کە دوای ڕاپەڕین ئیش لەسەر ئەو پڕۆژانە نەکرا کە دەبوونە هۆی بنیاتنانی ژێرخانی مەعریفی و ئابووری و گەشەی کلتووری کۆمەڵگە، وێڕای ئەوەی کە کەسی نوخبە هەبوون، بەڵام لەبەرامبەر ململانێ دەرەکی و ناوخۆییەکاندا کە وەک کۆسپێک وابوون لە بەرامبەریان نەیانتوانیوە بە پێی پێویست گەشە بکەن، دۆخی هەرێمی و ناوخۆی خۆمان و ململانێ دەرەکییەکانی داگیرکەرانی کوردستان و بەردەوامی بەرانگاربوونەوە بەرامبەریان، بەرامبەر بەم عەقڵیەتە خێڵگەراییە بوونە هۆکار بۆ ئەوەی ڕۆشنبیری کورد نەتوانێ لە چوارچێوەی پەروەردە و ناوەندە مەعریفییەکاندا ئاڕاستەی خۆی وەربگرێت و کاریگەری و ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆمەڵگەکە بەڕەنگێنێ.

'دەوڵەتە داگیرکەرەکان لە ڕێگەی بێهێزکردنی ئاستی مەعریفەی کوردەوە دەیانەوێت کولتورمان بسڕنەوە'

 حەمەساڵح پێیوایە هەموو ئەو هەوڵانەی کە وەک تاک یاخود لە چوارچێوەی ناوەندێکی ڕۆشنبیریدا دراوە، لە لایەنی تیۆرییەوە بەتەنیا بەس نین بۆ گۆڕانکاری، ڕۆشنبیری ئەرکی پراکتیزەکردنی گەشەی کولتورییە، لەم بارەیەوە وتی: "هەڵسەنگاندنی دۆخی ڕۆشنبیری بەوەیە کە لە ڕووی کردارییەوە تا چەند کاریگەری داناوە لەسەر دۆخی ڕۆشنبیری و مەدەنیکردنی تاکەکانی کۆمەڵگای ئێمەدا، ئێمە لە نێوان ڕزگاربوون و مانەوەدا ماوینەتەوە و نەمانوانیوە ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە جارێکی تر وەرچەرخان لە ژیانی کۆمەڵایەتی خۆمانا بەرهەم بهێنین، زۆرینەی تاکی کوردیش گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە دۆخی خۆی بزانێت و زۆریش هەوڵ و تێکۆشانی گرنگ لە ئارادایە، بەڵام لەبەردەم ئەو گروپبەندانەی کە تاریکییان بەرهەم هێناوە نەمانتوانیوە گۆڕانکاری بنچینەیی بخوڵقێنین، بۆیە دۆخی ڕۆشنبیری لە باشووری کوردستان لە ئاستێکی ناهەموار و نزمدایە، هۆکاری ئەم دۆخە لە ڕەهەندی سیاسییەوە ململانێ و زاڵکردنی هەیمەنەی یەکێکە بەسەر یەکێکی ترا، لە لایەکی تریشەوە ئەو هەموو هەوڵانەی لەلایەن میللەتیی داگیرکەرەوە بۆسەر کورد هەبووە و هەمیشە لە هەوڵدان کە بە هەر ڕێگەیەک بێت ئەو کولتور و نەریتەشی کە هەمانە وردە وردە نەیهڵن، لە بەرامبەر ئەوەدا ئێمە نەمانتوانی شێوە و ئاڕاستەیەک بە خەباتی ڕۆشنبیریمان بدەین و هەموومان بە میزاجی شەخسییەوە کارمان کردووە و کاری یەکگرتوویمان نەبووە، لە هەمانکاتدا شرۆڤەکاری دۆحی سیاسیمان نەبووە، گەر نوخبەیەکیش هەبووبێ نەیانتوانیوە پێمان بڵێن لە داهاتوودا ئاڕاستەی دۆخی ئێمە بەرەو کوێ دەچێت، بۆیە زۆر ئەستەمە دۆخەکە هەڵبسەنگێنین، لەبەر ئەوەی هەڵسەنگاندنی دۆخی کولتوریی پێویستی بە جوگرافیا و کولتور و سیاسەتی جێگیر هەیە کە ئاڕاستە و ئامانجی دیاریکراوی هەبێ، بەڵام ئێمە نەمانبووە."

' بەتەنیا خەباتی شاخ بەس نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمن'

حەمە ساڵح ئەماژەی بەوەدا کە ناوەندەکانی ڕۆشنبیری تا ئێستا ئاڕاستە و مەنهەجێکی دیاریکراویان نەبووە، ئەوەی بووە خولیایەکی تاکەکەسی بووە، لەم بارەیەوە نمونەی خۆیی هێنایەوە و وت: "لە پێش ڕاپەڕین لە خەباتی شاخدا بووم، گەلێ بەرخۆدان و ئازایەتیمان نواند، کۆمەڵێک پرەنسیپ و بەهاشمان دانابوو تا پەیڕەوی بکەین، بەڵام چونکە شتێکی بنچینەیی نەبوو نەمایەوە، بۆیە دواتر من و بەشێکی تر درکمان بەوە کرد کە ئێمە پێویستمان بە گۆڕانێکی بنچینەیی مەعریفییە لە هەموو سێکتەرەکانی فکر و فەلسەفە و زانست و ئەدەبیات، بە تایبەت ئەدەبیات کە هەم خوێنەری زۆرە و هەمیش سەرچاوەیە بۆ سێکتەرەکانی تر و بنیاتنانی کولتور و شارستانییەت، بۆیە هەریەک و لە لایەکەوە دەسمان پێکرد و ئەوەی بە گرنگمان زانی کردمان، بەڵام هەمووی هەوڵی تاکە کەسی بوون و نەگەیشتنە خاڵی کۆمەکی نێوان لایەن و ناوەندەکان و بەڕێوبەرایەتییەکانی ڕۆشنبیری و حوکمەت و کایەکانی پەروەردە، بۆیەش جێیەکی تەواوی نەگرتووە، بەڵام هەوڵی گرنگن و پێوستە لە داهاتوودا بە ئاڕاستەیی یەکگرتووی بن بۆ ئەوەی کاریگەرییان زیاتر بێ."

'بۆ ئەوەی ڕۆشنبیرییەکەمان دەوڵەمەندتر ببێت پێویستمان بە تایبەتمانددیە'

لەبارەی گرنگی ئەو کارانەی کە تا ئێستا ناوەندەکانی ڕۆشنبیری بۆ کایەی مەعریفیان زیادکردووە، ئەو پێیوابوو کە ئەوان بە ئاڕاستە و ئاگاییەکی تەواوەوە کاریان نەکردووە و وتیشی: "هەموو ئەو کتێبانەی لەلایەن هەر بڵاوکەرەوەیکەوە بڵاوکرابێتەوە بە نییەتی دەوڵەمەنکردنی کتێبخانەی کوردی بڵاوکراونەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا هێشتاش کتێبخانەی کوردی لە ڕەهەندە جیاوازەکانەوە زۆر فرەڕەهەند نییە، لەبەر ئەوەی کە هیچکام لە بڵاوکەرەوەکان تایبەتمەند نین بە کارکردن لە بوارێکدا، بۆ نمونە ناوەندەکەی خۆم دەکرا لەسەر فکر و فەلسەفە زیاتر کاری بکردبا، بەڵام ڕەنگە لە زۆر بواری تر کاری کردبێ بە بێ هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندەکانی تر، هەموو ناوەندەکانی تریش بە هەمان شێواز کاریان کردووە و لەسەر هێڵێک نەبوون، بۆیە هەم کتێبخانەی کوردی هەژارە و  ئەمە کاتێک دەردەکەوێ کە خوێندکار بەدوای سەرچاوەدا دەگەڕێن، هەمیش بەرهەمی دووبارە هەن و ڕەنگە زۆر بەرهەمی  نازەرووریش ئەولەویەتیان پێدرابێ لەبەرامبەر بەرهەمی گرنگتر، ئەمانە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ  ئەوەی شارەزاییەکان کەسی بوون و تایبەت بە بوارێک نەبوو."

' بۆ پێشکەوتن پیویستمان بە بنیاتنانی کولتوری ڕەخنەگرتنە'

حەمەساڵح بەرپرسی ناوەندی غەزەلنوس لەبارەی بەدەمەوە هاتنی خوێنەران بۆ کتێب پێیوابوو بە گشتی زیاتر ڕوودەکەنە ئەدەبیات، هەرچەندە تاک و تەرا هەن کە لە بواری فەلسەفە و فکر دەخوێننەوە، هەروەها وتی: "ئەدەبیات بناغەی شارستانیەت و مێژووە، ناکرێ بەبێ ئەوە گەشەکردنی شارستانی ڕووبدا، هەرچەندە لایەنەکانی تریش گرنگن وەک فکر و فەلسەفە و زانست، بەڵام دەتوانرێت هەموویان بە ڕێگەی ئەدەبیاتەوە ئاشنای جیلی دواتر بکرێن، ئەدەبیات سەرچاوە و دەرگایەکە بە ڕووی بابەتەکانی تردا دەکرێتەوە.

لەبارەی پێویستی و پڕۆژەکانی داهاتوویانەوە باسی لەوەکرد کە کۆمەڵێ پڕۆژەی هونەری و فکری لە ئارادا هەن، بەڵام دۆخ و قەیرانی ئابووری ناهێڵن کە بەردەوامی و برەو بە پڕۆژە ڕۆشنبیرییەکانیان بدەن، بەڵام وێڕای ئەوەش هەر بەردەوامن، هەر سەبارەت بەم بابەتە بە ئاژانسی ئێمەی وت: "ئەگەرچی بارودۆخە ئابوورییەکە وەڵامدانەوەی نییە بۆ ئەوەی کە ئێمە بتوانین زیاتر کاری بڵاوکردنەوە بکەین و ئەمە پێویستی بە هەماهەنگییە لەگەڵ لایەنە حوکمییەکان، بەڵام وێڕای ئەوەش ئێمە هەر بەردەوام دەبین و و هەوڵدەدەین زیاتر کاری ڕەخنەیی بکەین، تا کلتوری ڕەخنەکردن برەو پێبدەین، کە سەرچاوەی پێشکەوتنی هەموو کایەیەکە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لە باشووری کوردستان نییە."

هـ . ب