حەوتەمین ڤستیڤاڵی شانۆی نێودەوڵەتی شەقام لە کەرکوک بەردەوامە

بە بەشداری ژمارەیەکی زۆری هونەرمەندان و شانۆکارانی حەوت وڵات، حەوتەمین ڤستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە کەرکوک بەردەوامە لە کارەکانی.

بە مەراسیمێکی بێوێنە لەشاری کەرکوکی باشوری کوردستان بەشی شانۆی شەقامی ڤستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی کەرکوک، ئێوارەی یەکشەممە ڕاگەیاندرا، سەرەتای مەڕاسیمەکە هونەرمەندان و شانۆکاران لە پارکی (خەیام) لە شارەکە کۆبوونەوە و ئاهەنگیان گێڕا، پاشان دەستیان بە ڕێپێوان کرد لە حەسیرەکەوە بەرەو سەنتەری رۆشنبیری شاری کەرکوک لە گەرەکی ئیسکانی شارەکە و لەڕێگەشدا چەندین نمایشی هونەری پێشکەش کران.

جێگای باسە، ئەم ڤستیڤاڵە بۆ ماوەی سێ رۆژ ڕاگەیاندرا، لەماوەی ڤستیڤالەکەدا زنجیرەیەک شانۆی شەقام پێشکەش کرا و بەردەوامی هەیە، ئەو شانۆیانەش بە ئێواران و شەوان لە چەندین شوێنی جیاوازی شارەکە نمایش دەکرێن.

هەر چەند بڕیاربوو تەواوی نمایشەکان لەسەر شەقامەکانی شار نمایش بکرێن، بەڵام جێگای ئاماژەیە لە دووەم رۆژی ڤستیڤاڵەکەدا بەهۆی خراپی کەش و هەواوە نمایشەکان لە چەند ناوەندێکی رۆشنبیری و شوێنی گشتی و مۆڵ نمایش کران لەبری شەقامەکان.

لە دووەم ڕۆژی فێستیڤاڵی نێودەڵەتی شانۆی شەقامی کەرکوک ، ١٧ نمایش پێشکەش کران کە بەیانیەکەی ٧ نمایش لە تایم سەنتەر مۆڵ پێشكەش کراو دوای نیوەڕۆ ١٠ نمایش بە ئامادەبوونی بینەر لە شوێنە گشتییەکان نمایشکران، ئەو شوێنانەی کە شانۆکانی رۆژی دووەمی ڤستیڤاڵی لێ نمایش کران بریتیبوون لە تایم سەنتەر مۆڵ، مۆڵی کەرکوک و ناوەندی بولیڤارد.

ڤستیڤاڵی لەم جۆرە دڵخۆشکەرە بۆ هەموو هونەرمەندان

ئەیام ئەکرەم ئەکتەر و هونەرمەندێکی شانۆکاری دیاری باشوری کوردستانە، سەبارەت بە ڤستیڤاڵی شانۆی شەقامی کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) ووتی: "ساڵانە کە دێینە شاری کەرکوک و دەبینین ڤستیڤاڵێکی لەم جۆرە ئەنجام دەدرێت زۆر دڵخۆشین چونکە بەراورد بە شارەکانی دیکە زۆرترین کاری هونەری و ڤستیڤاڵ لە شاری کەرکوک ئەنجام دەدرێت، هەست دەکرێت ڤستڤاڵ و کاری هونەری لە کەرکوک باشتر بەڕێوەدەچێت و هیوادارم بەردەوام بن".

ئەم ڤستیڤاڵە جێگای شانازییە بۆ گەلی کورد

هەروەها ئەیام ئەکرەم سەبارەت بە بەشداری هونەرمەندانی سەرجەم باشوری کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەم ڤستیڤاڵە جێگای شانازییە بۆ گەلی کورد کە ساڵانە هونەرمەندانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و سەرجەم شارەکانی باشوری کوردستان تێیدا بەشداردەبن و شانۆ پێشکەش دەکەن ئەمەش کارێکی زۆر جوان و پێشکەوتوو".

شانۆ لەم شارە بوژاندنەوەی زۆر باش بەخۆیەوە دەبینێت

هەروەها ئەو ئەکتەرە دیارەی باشوری کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتیشی: "ئەگەر کارەکان بەم شێوەیە بەردەوابێت ئەوە شانۆ لەم شارە بوژاندنەوەی زۆر باش بەخۆیەوە دەبینێت و پێشدەکەوێت، جێگای شانازییە بۆ تەواوی گەلی کورد کە هونەرمەندانی دەرەوە دێن و بەشداری ڤستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی کەرکوک دەکەن".

لە شاری سنەوە هاتووم بۆ ڤستیڤاڵی شانۆی شەقام

سوبحانی فەتحی نمایشکارێکی شەقامی خەڵکی شاری سنەیە، ناوبراو سەبارەت بە نمایشەکانی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) قسەی کرد و وتی: "لە شاری سەقەزەوە بانگهێشتی ئەم ڤستیڤاڵە کرام، من خەڵکی شاری سنەم و لە شاری سنەوە هاتووم بۆ حەوتەمین ڤستیڤاڵی شانۆی شەقامی کەرکوک وە لێرەدا وەکو هونەرمەندێکی نمایشکار کە رۆڵی پەیکەری زیندوو دەبینم بەشدارم لە تەواوی شارەکانی رۆژهەڵاتەوە ئەم کارە هونەرییە دەکەم".

شانۆی شەقام کاریگەری لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی هەیە

هەروەها سوبحانی فەتحی باسی گرنگی رۆلێ شانۆی شەقامی کرد و ووتی: "ئەم ڤستیڤاڵە زۆر باشبوو لە یەکەم رۆژی کردنەوەیدا و لە رۆژانی داهاتووش بەردەوام دەبین، بەبڕوای من کاری شانۆی شەقام لە تەواوی لایەنە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری هەیە وە لە رۆژهەڵاتی کوردستان شانۆی شەقام کاریگەری زۆرە لەسەر بواری کۆمەڵایەتی".

حەوتەمین شانۆی شەقام لەژێر ناوی (پێکەوەژیان)ە

نەژاد نەجم یەکێک لە ڕێکخەرانی ڤستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامە لە کەرکوک، سەبارەت بە ڤستیڤاڵەکە نەژاد نەجم بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "ئەمرۆ دەستپێکی حەوتەمین ڤستیڤاڵی شانۆی شەقامە لە کەرکوک لەژێر ناونیشانی(پێکەوەژیان)، بە کەژاوەیەکی هونەری لە یەکێک لە شەقامە قەرەباڵغەکانی شاری کەرکوک چەندین نمایش پێشکەش کران وەکو دەستپێکی ڤستیڤاڵەکە کە ئەمرۆش گروپێکی شاری کەرکوک و گروپێکی ووڵاتی ئێران شانۆیەکی هاوبەشیان پێشکەش کرد سەبارەت بە هەموو ئەو منداڵانەی لە جیهاندا دەبنە قوربانی بەهۆی ململانییەی سیاسی".

بەشداربووی ٧ ووڵاتی جیهان ٢٤ بەرهەمی شانۆیی نمایش دەکەن

هەروەها سەبارەت بە وڵاتانی بەشداربووی ڤستیڤاڵەکە و ئەو گروپە شانۆیانەی کە بەشدارن، نەژاد نەجم ڕایگەیاند: "لە ٧ ووڵاتی جیهان هونەرمەندان بەشدارن و ٢٤ بەرهەمی شانۆیی نمایش دەکەن، ئەو ووڵاتە بەشدارن لە نمایشەکان بریتیین لە وولاتانی(ئیتاڵیا، تونس، جەزائر، سوریا، ئێران و عێراق) هەروەها لە رۆژهەڵات و باشوری کوردستان هونەرمەندان بەشدارن بەڵام بەداخەوە هونەرمەندانی باکور و رۆژئاوای کوردستان بەشدارنەبوونە، هەروەها پەیامی شانۆی شەقامی کەرکوک، پەیامی پێشکەشکردنی جوانی ئەو کارە هونەرییە چێژ بەخشانەیە کە لەسەر شەقامەکان پێشکەشی خەڵکی دەکەین".

لەسەرەتاوە چاودێری کارەکانی ڤستیڤاڵەکەم کردووە

لە رۆژی دووەمی ڤستیڤاڵەکەدا عیرفان وەستا محەمەد ئەکتەر و شانۆکاری دیاری باشوری کوردستان کە لە ڤستیڤاڵەکەدا وەکو لیژنەی هەڵسەنگاندن و دادوەری بەشدارە، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کارەکانی ڤستیڤاڵ لەماوەی دوو رۆژدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF)  ووتی: "لەسەرەتای ڤستیڤاڵی شەقامی کەرکوکەوە چاودێری کارەکانی ڤستیڤاڵم کردووە و هەڵبەتە کاری جوانی تێدابوو، گەرم و گوڕییەکی جوان هەبوو لە ئاکتکردندا کە ئەمەش جێگای خۆشحاڵییە، پاڵپشتی کردن بۆ ئەم جۆرە ڤستیڤاڵانە زۆر گرنگە لەپێناو پێشکەش کردنی جوانترین کار".

کەناڵەکان بەرهەمی بیانی پێشکەش دەکەن کە لەگەڵ کلتورمان ناگونجێت

سەبارەت بە نمایش کردنی بەرهەمی بیانی لە کەناڵەکان لەبری گرنگی دان بە بەرهەمی هونەری خۆماڵی کوردی، عیرفان وەستا محەمەد ڕایگەیاند: "داماوییەکە لەوەیە کە کورد خاوەن ئەو هەموو هونەرمەندە بەتوانایانەیە بەڵام کەناڵەکان لەپێناو لایەنی مادی پەنا دەبەنە بەر بەرهەمێکی کە لەگەڵ کلتوری ئێمە ناگونجێت و بەرهەمی بیانی فڕێدەدەنە ماڵەکانەوە، هیوادارم زیاتر گرنگی بە بەرهەمی خۆمان بدەن".

لە ئاستێکی گەورەدا پێشوازی لەم ڤستیڤاڵە دەکرێت

لە کۆتایدا ئەو ئەکتەرە ناودارەی باشوری کوردستان ووتی: " پەیامم ئەوەیە، هیوادارم هەموو ساڵێک بایەخێکی زۆر بەم ڤستیڤاڵانە بدرێت چونکە شاری کەرکوک زۆر نەهامەتی بەسەرهاتووە بەڵام لە ئیستادا لە ئاستێکی گەورەدا پێشوازی لەم ڤستیڤاڵە دەکات هیوادارم هەموومان بتوانین خزمەت بەم شارە بکەین".