بە دیمەن

کرێکاران و گەلانی بندەست ١ ی ئایاریان پیرۆزکرد

لە شارەکانی ئەوروپا هەزاران کەس دژی شەڕ و هەژاری و ڕەنجخۆری و دژایەتی کۆچبەران ڕژانە گۆڕەپانەکان. کوردان لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" بەشداری چالاکییەکە بوون.

١ ی ئایار

لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەبۆنەی ١ ی ئایارەوە چالاکییەک ئەنجامدرا. ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیک هاوشانی پارت و ڕێکخراوەکان بەشداری چالاکییەکە بوو.

لە چالاکییەکەدا دژایەتی پەنابەران و شەڕ لە فەڵەستین و کوردستان و ئۆکرانیا بوونە ڕۆژەڤی سەرەکی.

کوردان تیشکیان خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردستان.

بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس بەشداربوون.

مولهاوس

لە شاری مولهاوسی فەرەنسا چالاکی ١ ی ئایار ئەنجامدرا و کوردان بە ئاڵای خۆیانەوە بەشداربوون.

کوردستانیان لە ڕیزی پێشەوەی چالاکییەکەدا پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پانکارتی "بژی ١ ی ئایار"یان بەرزکردەوە.

ڤیەنا

لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا ١ ی ئایار پیرۆزکرا، گەلی کورد بە ڕەنگی خۆیەوە بەشداربوو.

کوردان بە پێشەنگایەتی نوێنەرانی فەی-کۆم بەشداری ڕێپێوانەکە بوون، درووشمی "بژی ١ ی ئایار" و "بژی هاوپشتی نێونەتەوەیی" بەرزکرایەوە و هەزاران کەس تا بەردەم شارەوانی ڕێپێوانیان کرد.

کوردستانیان درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و پانکارتی "بژی ١ ی ئایار" و ئاڵای یەپەگە و یەپەژە و هەپەگەیان بەرزکردەوە.

لەندەن

لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا هەزاران کەس بەبۆنەی ١ ی ئایارەوە کۆبوونەوە، دژی هەژاری و ڕەنجخۆری و دژایەتی کۆچبەران و مۆدێرنیتە سەرمایەداری ڕژانە گۆڕەپانەکان، کوردان چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" بەشداری چالاکییەکە بوون و بانگەوازی یەکگرتنیان کرد.

مەجلیسی گەلی کورد و گرووپە ئەنتەرناسیۆنالیستەکان لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" بەشداری چالاکییەکە بوون و ئاڵای کەجەکە و یەپەگە و وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرزکردەوە، هەروەها درووشمی "ئازادی بۆ ئۆجالان" و بژی پەکەکە" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی گەریلا" و "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەرزکردەوە.

لە ڕێپێوانەکەدا پانکارتی "پێداگری لەسەر سۆسیالیزم، پێداگرییە لەسەر مرۆڤایەتی" کە کوردان بەرزیان کردەوە، سەرنجی هەمووانی ڕاکێشا. لە چالاکییەکەدا گۆرانی و درووشم بۆ یەکگرتنی کرێکارانی جیهان گوترانەوە.  

پاشان لە گۆڕەپانی تەلەگراف ڕێپێوان گۆڕا بۆ گردبوونەوە داواکرا کۆتایی بە بازرگانی چەک بهێنرێت کە سەرچاوەی سیاسەتی قڕکردنە.

کوردستانیان لە خاڵە بەرزەکانی گۆڕەپانەکەدا وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان هەڵواسی.

میلانۆ

لە شاری میلانۆ بەبۆنەی ١ ی ئایارەوە چالاکی ئەنجامدرا، کۆمیتەی کورد و تۆڕی پشتیوانی ڕەتە کوردستان بەشداربوون.

بەشداربووان سەرەڕای بارانی بەلێزمە ڕێپێوانیان کرد.

کۆمیتەی کورد بە پانکارتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" و بە ئاڵای خۆیانەوە بەشداربوون، ئامادەبووان پێشوازییەکی گەرمیان لێ کردن.

پاشان ڕاگەیاندراوی کۆمیتەی کورد و تۆڕی پشتیوانی ڕەتە کوردستان خوێنرایەوە، درووشمی "بژی کوردستان" و "ئازادی بۆ ئۆجالان" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.

پاریس

کوردستانیان بەشداربوون لە چالاکی ١ ی ئایار لە گۆڕەپانی ڕیپەبلیک لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ئازادی کوردستان، لەسەر ناوی کەجەدەکە-ئە و جەدەکە-فە و یەکێتی هێزە دیموکراتەکان ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە.

گراز

لە شاری گرازی نەمسا بە ڕێپێوانێک ١ ی ئایار پیرۆز کرا، هەزاران ڕێپێوانیان کرد.

ئولم/کاسل

لەشاری ئولم و کاسلی ئەڵمانیا ١ ی ئایار پیرۆزکرا.

بۆن

لە شاری بۆنی ئەڵمانیا ١ی ئایار بە گردبوونەوەیەک پیرۆزکرا.

گەنجانی کورد ڕێپێوانیان کرد و بەجلوبەرگی گەریلای ئازادییەوە بەشداری گردبوونەوەکە بوون. پاشان گەل لە گۆڕەپانی فرانکبادپلاتز هەڵپەڕکێیان کرد.