کەرکوک، مەڕاسیمی یادکردنەوە بۆ هونەرمەند ( گارا ڕەسوڵ) بەڕێوەچوو

کەرکوک، لە مەڕاسیمی یادکردنەوەی هونەرمەندی شێوەکار (گارا ڕەسوڵ)، بۆھەر ساڵێکی تەمەنی ھونەرمەندی کۆچکردوو مۆمێک داگیرسا.

 ئێوارەی دوێنێ لە سەنتەری رۆشنبیری شاری کەرکوک لە باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە نووسەر و ئەدیب کەسایەتی رۆشنبیری شاری کەرکوک، مەڕاسیمی چلەی هونەرمەندی شێوەکار (گارا ڕەسوڵ) بەڕێوەچوو.

 سەرەتا مەڕاسیمەکە بە ساتێک وەستان بۆ روحی هونەرمەند دەستی پێکرد، پاشان ئەو نووسەر و هونەرمەندانەی کە هاوڕێی گارا ڕەسوڵ بوون و لەدوای کۆچی دوایی قسەیان لەسەر هونەرمەند کردووە لە ڕێگەی داتاشۆوە قسەکانیان دەربارەی ژیاننامەی گارا ڕەسوڵ نمایش کرا، هەروەها مێزێک ئامادەکرا تا هاوڕێیانی هونەرمەند بیروەرییەکانیان لەگەڵ هونەرمەندی کۆچ کردوو بۆ ئامادەبووان بگێرنەوە.

جێگای باسە، لە بەشێکی دیکەی مەڕاسیمەکە ڕێژەیەک لە تابلۆکانی هونەرمەند نمایش کران، هەروەها لە کۆتایدا بەپی ڕێژەی تەمەنی هونەرمەند گارا ڕەسوڵ لەلایەن هاوڕێیانییەوە مۆم داگیرسان.

 هەڤاڵ دارا ڕیکخەری مەڕاسیمەکە، سەبارەت بە مەڕاسیمەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "هەستاین بە ئامادەکردنی مەڕاسیمێکی ماتەمینی بۆ یەکێک لە هونەرمەندە کەرکوکییەکان کە ئەویش هونەرمەندی شێوەکار 'گارا ڕەسول'ە، ئەو هونەرمەندە لە ئەزموونی کارکردنیدا بە یەکێک لەو هونەرمەندە بەتوانا و جدیانە دادەنرێت کە توانیویەتی لە بواری هونەریدا خزمەتێکی باش بکات، بۆیە پێمان باش بوو لەدوای کۆچی دوایی ئەم هونەرمەندە توانیمان ڕێزێک لە کارە هونەرییەکانی ئەم هونەرمەندە بگرین، تا بتوانین لە قۆناغی یەکەمدا ئەم مەڕاسیمەی بۆ سازبکەن، وە هیوادارم لە داهاتوودا بتوانین کار لەسەر تابلۆکانی بکەین و هەروەها بەشێوەیەکی زانستی هەنگاوەکانی ئەم هونەرمەندە شیکار بکرێت".

  گارا ڕەسوڵ هونەرمەندی شێوەکار، نووسەر و ڕەخنەگرە ، شارەزا و خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە مێژووی هونەر، هونەرمەند لە ساڵی ١٩٥٥ لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان لەدایکبووە، گارا ڕەسوڵ دوای ماوەیەک لە مانەوەی لە نەخۆشخانە و ململانێ لەگەڵ نەخۆشییەکی سەختدا لە بەرواری ١٣ی ئایاری ٢٠٢٣ لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.

هـ . ب