ئامادەکارییەکانی فێستیڤاڵی شانۆی میتان دەستی پێکرد

ڕومەت بەکۆ، دەرهێنەرو ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆی میتان ڕایگەیاند، لە هەلومەرجێکی سەختدا هەوڵدەدەن چالاکیەکی هونەری بۆ کۆمەڵگا ڕێکبخەن و هەموو لایەکی بانگهێشتی فێستیڤاڵەکە کرد.

ئامادەکارییەکانی پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆی میتان لە کانتۆنەکانی عەفرین و شەهبا بە دروشمی "بەو هیوایەی بەم زووانە بگەڕێنەوە" دەستی پێکرد. "میتان" درێژەپێدەری گەشتێکی دە ساڵەی کار و چالاکی هونەری شانۆیە و ئەمڕۆ کۆمەڵێک گەنجی کانتۆنەکانی عەفرین وشەهبا بۆ ئەوەی ڕەنگی ژیان بە فێستیڤاڵەکە بدەن و پەیامی درێژەدان بە ژیان و بەرخۆدان بە هه‌موو جیهان بدەن دەستیان بەتێکۆشان کردووە. تەنیا قسەیەک دەڵێن:"بە دڵنیاییەوە شانۆ بۆ نەوەکانی داهاتوو لە عەفرینی ئازادکراودا نمایش دەکرێت" ئەمەش بە ڕوونی لە دروشمی خولی پێنجەمی میتاندا دەربڕکراوە. بیرۆکەی دەستپێکردنی فێستیڤاڵی شانۆی میتان لە ساڵی ٢٠١٤ بە ئامانجی ناساندنی هونەری کۆمەڵگەی عەفرین و دروستکردنی یەکەم ناوەندی هونەری شانۆ لە عەفرین دەستیپێکرد.

لیلۆن رومەت بەکۆ دەرهێنەر و دەستەی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی میتان لەو بارەوە رایگەیاند: ژیان لە شەهبا، بەپێی بارودۆخی ئێستا کە هێرش و گەمارۆدان هەیە، ئیرادەیەکی بەهێزی لە ڕۆحیاندا دروستکردووە و وتی:"سەردانێکی زۆر لە ناوچە جیاجیاکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەک ڕەقە، حسەکە و کۆبانێ کراوە و لە دەرەوە وەک کەرکوک کەسانێک دەبنە میوانی فێستیڤاڵەکە. هەروەها ٧ شانۆ پێشکەش دەکرێن. لە لایەکی ترەوە هەوڵ دەدەین میوانانی پارچەکانی تری کوردستان بەشداری فێستیڤاڵەکە بکەین. بۆ ئێمە وەک عەفرین کارێکی زۆر خۆشە کە بتوانین چوار پارچەی کوردستان لە یەک شوێن کۆبکەینەوە و لە ڕێگەی هونەرەوە هەموومان بەشدار بکەین. چونکە هونەر دەتوانێت سیاسەت لە یەکتر نزیک بکاتەوە".

بەکۆ لەکۆتایی قسەکانیدا وتی:"سەرەڕای بارودۆخی سەختی ژیان، ئەنجامدانی فێستیڤاڵێکی لەو شێوەیە کارێکی بەنرخە وەک دەزانرێت ناوچەی شەهبا چەندین شەڕ و هێرشی بەخۆیەوە بینیوە و تا ئێستاش بەردەوامە، لانیکەم بۆ ئەوەی مرۆڤەکان لەو عەقڵیەتە کە ئێستا تێیدا دەژین دەربهێنن کارێکی گرنگە. ئێمە هەوڵ دەدەین هەموو ئازارەکانیان لەسەر شانۆ کۆبکەینەوە و بە شێوەیەکی باش نمایشی بکەین، لە کۆتاییدا هەموو ئەو کەسانەی هاوکاریان کردووە سوپاسنامەیان پێشکەش دەکرێت و فێستیڤاڵەکەمان بەم شێوەیە کۆتایی دێت".