کەژەکە: لە رێگەی ژن، ژیان، ئازادییەوە سەردەکەوین!

کەژەکە لە دووەم ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە، "ئێمە بەشداری شۆڕشی ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قۆناغی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی ژنانی جیهان دەبین و بە 'ژن، ژیان، ئازادی' ئازادی بەدەستدەهێنین و سەردەکەوین!".

کۆردیناسیۆنی کەژەکە بە بۆنەی دووەم ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە بەهۆی کوژرانی کچە کورد ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە هەموو ژنان و گەلان کراوە کە لە هەموو گۆڕەپانێکدا و لە هەموو چالاکییەکاندا پشتیوانی لە هەڵمەتی 'نابۆ سێدارە، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد' بکەن کە کەژار لە دژی سزای لەسێدارە دەستیپێکردووە و چالاکییەکانی پەیوەست بەوە فراوان بکەن و لەپێناو شۆڕشدا هەنگاو بنێن. لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، "ئێمە بەشداری لە شۆڕشی ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قۆناغی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی ژنانی جیهان دەبین و بە 'ژن، ژیان، ئازادی' ئازادی بەدەستدەهێنین و سەردەکەوین!".

راگەیەندراوەکەی کەژەکە بەم جۆرەیە:

"ئێمە لە دووەم ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لە کەسایەتی شلێر رەسوڵی و ژینا ئەمیندا هەموو شەهیدانی شۆڕش بە رێز و پێزانینەوە یاددەکەینەوە و بەڵێنمان بۆ هێنانەدی خەون و ئاواتی ئەوان بۆ کوردستان و ئێرانێکی ئازاد، یەکسان و دادپەروەرانە دووبارەدەکەینەوە. بە تایبەتی پیرۆزبایی لە ئەندازیاری فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی رێبەر ئاپۆ و هەموو ژنان وگەلانی ئێران دەکەین.

چالاکیەکەی شلێر رەسوڵی هەموو رووی راستەقینەی دەسەڵاتداری پیاوی دەستدرێژیکاری نیشاندا هەمیش بە بەرخودانی و چالاکی خۆی گیانی بەخت کرد، یەکەم چەخماخەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی داگیرساند. چالاکی شلێر رەسوڵی خۆکوژی نییە، چالاکیەکی پارێزگاری لە ناموسە. لە دژی سیستمی سێدارەی دەستدرێژیکار و دەسەڵاتداری شۆڤینیستی پیاو، چالاکی هەبوونە. لە کەسایەتی شلێر رەسوڵیدا ئێمە سڵاو لە بەرخودانی ژنانی مەریوان دەکەین.

هەروەها شەهیدانی ژن، ژیان، ئازادی بە رێزەوە یاددەکەینەوە. بنەماڵەی شەهیدانی ژن، ژیان، ئازادی و بە تایبەتی دایکانی شەهیدان خاوەندارییان لە رۆڵەکانیان کرد و بەشدارییان لە شۆڕش-چالاکییەکان کرد، ئەوە هەڵمەتێکی کۆمەڵایەتی گرنگ بوو. بڕوایان بە شۆڕش هێنا، قوربانیان دا، بە شکۆمەندی ژیان و لەپێناو بڵاوبوونەوەی شۆڕش بە هەموو جیهاندا رۆڵیان گێڕا. لەو رووەوە رۆڵی دایکانی شەهیدان گەورەیە. شەهیدانی قۆناغی شۆڕش، بەهای گەورەیان خوڵقاند. وێڕای پیرۆزی شەهیدانیش، ئێمە سڵاو لە دایکانی شەهیدانیش دەکەین کە هەوێنی بەکۆماڵەیەتیبوون.

هەموو ئەو ژنانەی بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هەڵسانە سەرپێ، چالاکییان کرد و لە دژی سیستمە دەسەڵاتدارییە پیاوسالارییەکان هەڵوێستیان نیشاندا و چالاکی شۆڕشگێڕانەیان کرد، سڵاویان لێدەکەین. لەم دواییەشدا خۆپیشاندانی ژن، ژیان، ئازادی کە لە هیندستان لە دژی سیستمی دەستدرێژیکار هەڵوێستی خۆیان بە کوردی و هیندی دەربڕی، سڵاویان لێدەکەین و پیرۆزباییان پێدەڵێین. لە کەسایەتی ژنانی هیندستاندا، ئێمە جارێکی دیکە رایدەگەیەنین کە ژنانی خۆڕاگر سەردەکەون.

ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ بە پاساوی ئەوەی کە گوێی بە یاسای 'سەرپۆشی زۆرەملێ'، لە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە ئەنجامی ئەشکەنجەی بەناو 'پۆلیسی ئەخلاق' دەستبەسەرکراو و لە ١٦ی ئەیلولدا ژیانی لەدەستدا. بەهۆی ئەوەش لە ١٧ی ئەیلول مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمەکەی ژینا گۆڕدرا بۆ سەرهەڵدان و بووە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕش.

لەو رووەوە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە مێژووی بەرخودانی ژنان و گەلانی دێرینی ئێراندا، بووە خاڵی وەرچەرخان. هەمیش بۆ هەموو ژنای جیهان رێگەی بەرخودانی دیاریکرد. دوای دەستنیشانکردنی رێبەر ئاپۆ 'سەدەی ٢١ دەبێتە سەدەی ژنان'، هەروەها فورمولەی 'ژن، ژیان، ئازادی' رێبەر ئاپۆ نەک هەر شۆڕشی رۆژهەڵات و ئێران، بەڵکوو نەخشەرێگەی شۆڕشی ژنانی سەدەی ٢١یشی دیاریکرد. ئەو دروشمە دەریخست کە پاڕادایمی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادیخوازی ژنان چۆن بە کۆمەڵایەتی دەبێت.

رژێمی ئێران بە کوستنی ژینا ئەمینی ئامانجی ئەوە بوو کە لە کەسایەتی ژناندا ترس بە کۆمەڵگادا بڵاوبکاتەوە و لە ژێر ئەو ترسەدا ژنان و گەلان بەکۆیلە بکات. بەڵام ژنان و گەلانی ئێران لە دژی ئەو هێرشانە داوای ئازادی خۆیان زیاتر خستەڕوو و دەنگیان گەیاندە هەموو جیهان. هەموو دەنگی ژنانی جیهانیان ئاوێتەی دەنگی خۆیان کرد و بوونە هاواری ئازادی. قوربانی و شەهیدی گەورەیان بەخشی.

لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵات ژنان بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە شەقامەکان لەچکەکانیان سوتاند، قژی خۆیان بری و وەک ئاڵای ئازادی شەکاندیانەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران وەک ربازێک قژی ژنانی بۆ سکاندنی ئیرادە، ئازادی و بڕوای کۆمەڵگە بەکارهێنا و لە دژی ئەوەش ژنان قژی خۆیان کردە ئاڵای ئازادی.

لە دژی ئەو کۆمەڵکوژیە ناڕەزایەتی تەنیا ژنانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی نەگرتەوە، لە هەموو شوێنێکی جیهان لەلایەن ژنانی تێکۆشەرەوە گۆڕدرا بۆ ناڕەزایەتیەکی بەرین، لە هەموو ژناندا هیوای بەرخودان و ژیانی ئازاد گەشەی کرد. واتە وەک واتای ناوەکەی بۆ هەموو ژنانی ئێران، جیهان و گەلان بووە ژیانێکی نوێ، بووە ژن و ژیان.

هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە خاوەندارییان لە شۆڕش کرد

هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە خۆیان لەم شۆڕشەدا بینییەوە و بە هۆشیارییەوە خاوەندارییان لە شۆڕش کرد.  ئەمەش جیاوازییەکی گەورەیە کە شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە شۆڕشەکانی دیکە جیادەکاتەوە. ئەم شۆڕشە لە جەوهەری خۆیدا شۆڕشی هۆشیاربوونەوە، کەسێتی و کولتورییە. گەر وانەبوایە ئەوا هەزاران لە ژن و پیاو شان بە شانی یەکتر لە کۆڵانەکاندا دروشمی ژن، ژیان، ئازادییان بەرزنەدەکردەوە. پیاوان هەستییان بەوەکرد ئەوانیش قوربانی دەستی سیستەمی دەسەڵاتدارین. لە کوشتنی ژناندا کوشتنی ژن و پیاوییان هەستپێکرد و هەستییان بەوەکرد لەگەڵ ژناندا لە هەمان ڕیزدا جێگەدەگرن.

لە کەسێتی ژندا دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بە هەموو جیهاندا بڵاوبوەوە و بۆ تەڤگەری ئازادی جیهانی ژن وەرچەرخا بۆ مانیفێستۆیەک لە دژی عەقڵیەتی دەسەڵاتداری پیاوی کاپیتاڵیست، پاشڤەڕۆ، تۆتالیتار، دەوڵەت-نەتەوەخواز. دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ئەو دروشمەبوو کە بۆجاری یەکەم گەلانی ئێران و ژنانی کۆکردەوە. پیشانیدا بە گوێرەی بابەتی ئازادی ژن، دەتوانرێت هەموو کێشەکانی کۆمەڵگە چارەسەربکرێن و ڕۆڵی ژنی لەشۆڕشی کۆمەڵایەتییدا پیشاندا.

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی پیشانیدا کە؛ ژنان، گەلان،باوەڕییەکان، کولتورەکان و هەموو بندەستان؛ بە هەڵوەشاندنەوەی سنورەکانی سیستەمی کۆڵۆنیالی و نەتەوە-دەوڵەت، ژیانێکی ئازاد و یەکسان دەهێننە ئاراوە. هەموو جیهان گوزارشت لەوە دەکات کە ژنان یەک دەنگن و یەک دروشم بەرز دەکەنەوە، لە دەوری یەک ئامانج و دژی ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی-نەتەوە کۆدەبنەوە؛ ئەو ئیرادە هاوبەشەی کە ژنان یەکدەخات و کۆیان دەکاتەوە، جوانی و مانا بۆ ژیان زیاد دەکات.

قۆناغەکە لە ڕۆژهەڵات و ئێران؛ تایبەتمەندییەکی هەیە کە ئازادی کۆمەڵایەتی دروست دەکات و شۆڕشێکە لە کۆمەڵگەدا. بۆیە دەوڵەتی هەژموونی پیاو ئێستا هەرچییەک بکات ناتوانێت ڕێگری لەم سەرهەڵدانە بکات کە بە هەر چوار لای جیهاندا بڵاوبووەتەوە و کاریگەرییەکانی بشکێنێت. ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئازادی کۆمەڵایەتی و گەورەکردنی هیوای ژیان لە ڕێگەی خەباتی ژنان و گۆڕینی ئەم سەدەیە بۆ سەدەی ئازادی ژنان مومکینە.

لەگەڵ هەموو فشار، هێرش و هەڕەشەکانی لە سێدارەدانی ڕژێمی ئێران، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەمڕۆشدا بە هەموو جوڵە-وزە (دینامیزم)ی خۆیەوە بەردەوامە. پەرە بە چالاکبوونی کۆمەڵگە دەدات، چالاکی لە دژی سیستەم دروستەکات، لە بەرامبەر هێرشەکاندا نەکشاوەتەوە و لە ڕاگەیاندنی شۆڕشەکە بە هەموو گەلانی جیهان بەردەوامە. لەمڕۆدا لە زیندانەکانی ژندا زیندانیەکانی وەک زەینەب جەلیلان کە هەڵوێست، ژیان و تێکۆشانیان بووە بە هێما، وا دەکات ئەم چالاکیانە ببێتە نەریت و بەردەوام ببن. دیسان وەک گولروخی ئیرایی، نێرگز موحەمەدی، سپێدە قۆلیان و چەندین ژنی دیکە لەبەرخۆداندان و بوون بە هێمای بەرخۆدانی گەلانی ئێران و ژنانی ئێران. سڵاو لە بەرخۆدانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محمەدی و هەموو ئەو ژنانە دەکەین کە لەژێر هەڕەشەی لەسێدارەداندا لەبەرخۆداندان. بۆ کۆتایهێنان بە سیستەمی سێدارە پێویستە چالاکییەکان بەرزتر بکرێنەوە و تێکۆشانی ژنانی خەباتکەر بگەیەنرێت بە سەرکەوتن.

بانگەوازی بۆ بەشداربوون لە کەمپینی کەژار

لەسەر ئەم بنەمایە بانگەوازی لە هەموو ژنانی جیهان و گەلان دەکەین لە هەموو گۆڕەپان و چالاکیەکاندا پشتگیری لە کەمپینی "نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد" بکەن کە کەژار لە دژی لە سێدارەدان دەستیپێکردووە و چالاکیەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بەرفراوانتر بکەن و هەنگاو بەرەو شۆڕش بنێن.

لە ٢هەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشدا کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا دەستیپێکرد، هەموو ژنانی جیهانی لە دەوری دروشمێک کۆکردەوە، بەرخۆدان و سەرهەڵدانی ژن گەورە بکەین!

لە دژی دەستدرێژی، کۆمەڵکوژی و هێرشەکان کە لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە دژی ژنان و منداڵان ئەنجام دەدرێن، بەرخۆدان زیاتر بکەین!

لە هەرێمییەوە تا گەردوونی؛ ژیانی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و ئازادیخوازی ژن بئافرێنین!

بەشداری شۆڕشی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و پرۆسەی کۆنفیدراڵیزمی ژنانی دیموکراتیکی جیهانی ببین و بە ژن، ژیان، ئازادییەوە ئازادی خۆمان بەدەستبهێنین و سەرکەوین.