نێرگس محەممەدی ڕاپەڕینی 'ژن، ژیان، ئازادی' پیرۆز کرد

نێرگس محەممەدی ٢هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی 'ژن، ژیان، ئازادی' پیرۆز کرد و داوای فراوانکردنی چالاکی و خۆپیشاندانەکانی کرد.

نێرگس محەممەدی، زیندانی سیاسی و براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ بەبۆنەی ٢هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە دەستپێکرد، داوای "بەرزکردنەوەی چالاکی سەرتاسەری کرد.

لە پەیامەکەی نێرگس محەممەدیدا وەها هاتووە:

"دوو ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی و ڕاپەڕینی بەهێز و بەناوبانگی 'ژن، ژیان، ئازادی'دا تێدەپەڕێت". لەم دوو ساڵە پڕ لە ئازار و سەختەدا، گوشار و هەڵاواردن لە لایەن هێزە تاریک پەرەستەکانەوە ئاسەواری لەسەر جەستەی ئەو کەسانەوە کە ئەشکەنجە دراون بەجێهێشتووە، سەرەڕای ئەوەی ڕێگای بەردەممان ڕێگایەکی سەختە و هەموومان دەزانین هیچ شتێک وەک پێشووتر نەماو. مرۆڤەکان هەست بە گۆڕانکارییەکی گەورە دەکەن لە باوەڕ، ژیان و کۆمەڵگادا و هەرچەند ئەم ئاڵوگۆڕە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی نەکردووتەوە، بەڵام بناغەی دیکتاتۆری ئایینی هەژاندووە.

 ڕاپەرینی'ژن، ژیان، ئازادی' خەونی خەڵک لە دژی دەسەڵاتی بەجۆرێک ئاشکراکرد، کە کاندیدێکی سەرۆکایەتی لە دیبەیتێکی ڕاستەوخۆ وتی: "ئێمە باسی کامە مرۆڤانێک دەکەین؟ ئایا ئەو لەسەدا ٦٠ەی کە نەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەم جۆرە دانیان بەوەدا ناوە کە خەڵک بەشداری هەڵبژاردنی نەکردووە. ڕاپەرینی'ژن، ژیان، ئازادی' ڕۆڵی گەلی لە دژی دەسەڵاتداری ستەمکار پێناسەکردەوە و ترسی خستووەتە ناو دەسەڵاتەوە.

کەسانێک بە دەنگ و رەنگی جیاواز بەڵام یەکگرتووانە لە کوردستان، سیستان – بەلووچستان، تاران، ئازەربایجان و تەنانەت خوزستانیش بناخەی دەسەڵاتیان کردەئامانج.

لە دووهەمین ساڵیادی ڕاپەرینی'ژن، ژیان، ئازادی'دا جارێکی دیکە ئیرادەی خۆمان بۆ چەسپاندنی دیموکراسی، ئازادی و یەکسانی و تێکشکاندنی دیسپۆتیزمی تیۆکراتیک دوبارە دەکەینەوە.

پێویستە ئەمڕۆ دەنگمان بەهێزتر و ئیرادەمان بەهێزتر بێت."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا نێرگس محەممەدی وتی: "داوا لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان و گەلانی جیهان دەکەم نەک هەر چاودێری بکەن، بەڵکو چالاکانە رۆڵ بگێڕن. هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم بێدەنگی خۆی لە بەرامبەر ستەم و هەڵاواردنەکانی دەوڵەتی خۆسەپێن و تیۆکراتیکی دژە ژنان بشکێنێت و کۆتایی بەو بێدەنگییە بهێنێت و جیاکاری جێندەری بە تاوان بزانێت. بۆ بەهێزکردنی ئەو هێزەی کە کۆمەڵگا بەرەو دیموکراسی و ئاشتی دەبات، زۆر گرنگە کە ژن لە چەوساندنەوە و جیاکاری ئازاد بێت."